سەنتەری میترۆ: لە هەرێم خواستی جێبەجێكردنی یاسای ڕۆژنامەنووسی نییە
سەنتەری میترۆ بەبۆنەی یادی ١٢٧ ساڵەی ڕۆژنامەگەریی کوردییەوە پیرۆزبایی لە ڕۆژنامە نووسان دەکات و ڕایدەگەیەنێت، تیرۆركردنی ڕۆژنامەنووسان بەبێ سزا تێپەڕبوون، ب لە هەرێم خواستی جێبەجێكردنی یاسای ڕۆژنامەنووسی نییە.

ناوەندی هەواڵ
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە كاری ڕۆژنامەنووسان، بەبۆنەی یادی ١٢٧ساڵەی ڕۆژنامەگەریی کوردییەوە پەیامێکی بڵاوکردەوەو تییدا هاتووە: لە كاتێكدا یادی ١٢٧ ساڵەی ڕۆژنامەگەریی دەكەینەوە، كە تیرۆركردنی ڕۆژنامەنووسان، بەبێ سزا تێپەڕبوون و بە بەندەكانی یاساكانی سزادانی عێراقی ڕۆژنامەنووسان حوكمدراون لە هەرێمی كوردستان ویستێكی ڕاستەقینە لە ئارادا نییە بۆ جێبەجێكردنی یاساكانی ڕۆژنامەگەریی و دەستكەوتنی زانیاری.
دەشڵێن، سەنتەری میترۆ لە ١٤ ڕاپۆرتی ساڵانەی پێشوویدا، دەربارەی ڕەوشی ئازادیی ڕۆژنامەگەریی لەگەڵ دەرخستنی پێشێلكارییەكان، چەندین ڕاسپاردەی پێشكەش بە حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە، لەم یادە شكۆمەندەدا داوا دەكەین:
یەكەم– پێداچوونەوە بە بڕیارە دادوەرییەكان كە ئازادیی ڕۆژنامەنووسان زەوت دەكەن، نموونەی كەیسی (شێروان شێروانی و قارەمان شوكری.)
دووەم– كاركردن بۆ پاراستنی ئازادیی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەری لە ڕێگەی كارا كردنی یاساكانی كاری ڕۆژنامەگەری و مافی دەستكەوتنی زانیاری.
سێیەم– ئەنجوومەنی وەزیران بەربگرێت بە دەركردنی فەرمان و ڕێنمایی كە پێچەوانەی بەندەكانی یاسای ڕۆژنامەگەرین نموونەی ڕێنمایی ژمارە یەكی ساڵی ٢٠٢٣ ـی وەزراەتی ڕۆشنبیری كە ئەنجوومەنی وەزیران ڕایگرت و هەڵیوەشاندەوە.
چوارەم– ڕەچاوكردنی فرەیی میدیایی لە پێدانی زانیاری و ئامادەبوون لە چالاكی گشتی و چالاكییەكانی حكومەت.
پێنجەم– كۆتاییهێنان بە سیاسەتی بەرتەسككردنەوەی جووڵەی ڕۆژنامەنووسان لەسەر سنوورەكان مەترسییان بۆ سەر تیمەكانی میدیا نییە.
شەشەم– دانانی میكانیزمێكی نیشتمانی هەمیشەیی و سەربەخۆ بۆ چاودێریكردنی هێرشەكان بۆ سەر ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ئازادیی ڕادەربڕین بۆ دەستەبەركردنی دادپەروەری.
حەوتەم– دەركردنی ڕێنمایی بۆ جێبەجێكردنی یاسای دەستكەوتنی زانیاری و ڕاگرتنی هەموو ئەو فەرمان و ڕێنماییانەی فەرمانگەكان كە بەربەستی نایاسایین لە بەردەم ئازادیی مافی بەدەست هێنانی زانیاری.
هەشتەم– كۆتایی هێنان بە دیاردەی دەربازبوون لە سزا لەهەر جۆرە توندوتیژییەک بەرانبەر بە ڕۆژنامەنووسان، بە پلانی كاركردنی ڕوون بە تایبەتی لە وەزارەتەكانی ناوخۆ و پێشمەرگە و دەزگای ئاسایشی هەرێم.
نۆیەم– فەرمانی مانەوەی ڕۆژنامەنووسان لەسەر كەیسەكانی بڵاوكردنەوە بوەستێت، بە كەفالەتی شوێنی كاریان ئازاد بكرێن و تەنها پۆلیس بۆی هەبێت لێكۆڵینەوە لە كەیسەكانی بڵاوكردنەوە بكات.
دەیەم– كۆتاییهێنان بە هەڵمەتەكانی، هێرشی ئەلیكترۆنی، ناوزڕاندنی ڕۆژنامەنووسان لەكاتی كاركردنیان لە دۆسییەكانی گەندەڵی یان ڕەخنە گرتن.