سلێمانی: با بە یەکدەنگی نێوانمان تیرۆری ئازادیخوازان ڕابگرین

دژی تیرۆرکردنی ڕۆڵەکانی کورد بە دەستی داگیرکەران و سیخوڕان لە شاری سلێمانی گردبوونەوەیەک ئەنجامدرا و تێیدا داواکرا کە گەلی کورد بە یەکدەنگ بەرەنگاری تیرۆر ببنەوە و بێ هەڵوێستی دەسەڵاتی باشوریش دەخەنە ژێر پرسیارەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئێوارەی ئەمڕۆ لە بەردەم باخی گشتی شاری سلێمانی، دەستەی دژی تیرۆر و داگیرکاری، کە پێکدێت لە نزیکەی ١٥ ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و لایەنی سیاسی، بە دروشمی "با بە یەکدەنگی نێوانمان تیرۆری ئازادیخوازان ڕابگرین" گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و تێیدا داوای هەڵویستیان دژ بە تیرۆری ڕۆڵەکانی کورد کرد.

لە گردبوونەوەکەدا نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئازادیخوازان بەشداربوون، هێمن مامەند، چالاکوان و ڕۆژنامەنووس، بەیاننامەی دەستەی دژی تیرۆر و داگیرکاری خوێندەوە و تێیدا هاتبوو: لە سایەی بێباکی حکومڕانی باشوری کوردستانەوە ڕۆڵە شەرەفمەند و ئازادیخوازەکانی گەلەکەمان ڕووبەڕووی هەڕەشەی تیرۆر و لەناوبردن دەبنەوە، ئەمەش لەسەر دەستی دەزگا هەواڵگری و سیخوڕیەکانی داگیرکەرانی کوردستانەوە ئەنجام دەدرێت، کە بە شێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو و بەڕۆژی ڕووناک دەستیان داوەتە تیرۆری شۆڕشگێڕان و ئازادیخوازان.

 

ماوەی ٣٠ ساڵە هاوڵاتی تیرۆر دەکرێت

لە بەیاننامەکەشدا باس لەوەکرابوو کە لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا کەسایەتی سیاسی و مەدەنی، چالاکوان و ڕۆژنامەنووس بەدەستی داگیرکەران یاخود هێزە دەسەڵاتدارەکانی باشور تیرۆر دەکرێن، هەروەها هاتبوو: داگیرکەرانی کوردستان بەتایبەت تورکیا و ئێران دەیانەوێت لەڕێگەی تیرۆرەوە دەنگی ئازادیخوازی و نەتەوەیی لای گەلەکەمان کپ بکەن تاکو زەمینەی داگیرکاری خۆشبکەن، بێ هەڵوێستی و بێباکی هێزە دەسەڵاتدارەکانی باشوری کوردستان نیشانەی هەماهەنگیانە لەگەڵ بەڕیوەبردنی تیرۆر لە هەرێمی کوردستاندا.

 

دەستەی دژی تیرۆر و داگیرکاری داوای لە ڕایگشتی کرد کەبە هەموو هەوڵێکیانەوە دژی ڕەفتاری نامرۆڤایەتی و دوژمنکارانەی داگیرکەرانی کوردستان بوەستنەوە و ئاماژەشیان بەوەدا کە پێویستە بەیەک دەنگ بەرەنگاری تیرۆری داگیرکەران و هاوکارانیان ببینەوە و بێهەڵوێستی دەسەڵاتدارانی باشوریش بخەینە ژێر پرسیارەوە.

"دەوڵەتانی داگیرکەر دەیانەوێت گەلی کورد لەیەکتر داببڕن"

ڕوناهی سنە، هاوژینی شەهید ڕێبین سنە، کە نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر تیرۆر کرا، وتەیەکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوەدا: لە باشوری کوردستان دەژین، بەڵام ڕژێمی ئێران بە کوشتن و لەناوبردنمان لێرەش دەیانەوێت ئێمەی کورد لەیەکتر داببڕێت و بمانکاتە دوژمنی یەک، داواکاریشم لە گەلی کورد نەبینە هاوکاری پلانەکانی دەوڵەتانی تورکیا و ئێران و پشتیوانی یەکدی بین.

 

ڕوناهی داوای لە حزبە سیاسییەکانی باشوری کوردستان کرد کە پشتیگیریان بکەن و وتی: ئێمە هاتووینەتە باشوری کوردستان و کردومانە بە پەناگەیەک بۆ خۆمان، دەمانەوێت گەل و لایەنە سیاسییەکانی پشتیوانی و پارێزگاریمان لێبکەن، چونکە دەوڵەتانی داگیرکار دەیانەوێت هێز و ئیرادەی گەلی باشور تێکبشکێنن و بە تیرۆر لایەنە سیاسییەکان بشکێنن.

گردبوونەوەکە بە وتنەوەی دروشمەکانی "شەهید نامرن، بمرێ خیانەت" کۆتایی پێهات.

ت،پ