شەش ساڵ تێکۆشان دژی داگیرکاری؛ ژنان گەڕانەوەی شکۆمەندانەیان دەوێت
ژنانی سەرێکانی کە ماوەی شەش ساڵە لە کامپی واشۆکانی نیشتەجێن ئاماژە بەوەدەکەن، ناتوانن بە سەلامەتی بگەڕێنەوە سەرێکانی، چونکە ڕێککەوتنی ١٠ی ئادار جێبەجێ نەکراوە، ساڵانێکە بۆ زەوی و ماڵەکانیان لە کامپەکاندا تێدەکۆشن.

ڕۆنیدا حاجی
حەسەکە- دوای هێرشە لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا، هەزاران کەس ناچار بوون لە سەرێکانی بەرەو شارە ئارامەکانی خۆبەڕێوەبەری هەڵبێن، دەیان هەزار کەس بەرگەی سەختییەکانی ژیان دەگرن لەو کامپانەی لە حەسەکە و دێریک دامەزراون، بە هیوای گەڕانەوە بۆ سەرێکانییەکی ئازاد.
لە کاتێکدا بە درێژای ڕێگا شۆستەکانی کامپی واشۆکانیدا دەڕۆیشتم، دەرفەتێکم بۆ ڕەخسا لەگەڵ دانیشتوانی کامپەکەدا قسە بکەم، لە نێوان چادرەکاندا، ژنان کە چاوەکانیان هەم نیگەرانی و هەم ئیرادەیان پیشان دەدا، باسیان لە خەباتی ساڵانێکیان دەکرد بۆ گەڕانەوەیان بۆ سەرێکانی.
بەپێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠٢٣، نزیکەی ١٦هەزار و ٦٥٧ کەس لە کامپەکەدا ماونەتەوە زۆرینەی ئەو کەسانە دانیشتوی سەرێکانین کە لە ساڵی ٢٠١٩ بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا ئاوارە بوون.
ڕێککەوتنی ١٠ی ئادار کە لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکراتیک و ئیدارەی کاتی لە دیمەشق واژۆ کراوە، مسۆگەری گەڕانەوەی سەلامەتی ئاوارەکان بۆ گوند و شارۆچکەکانیان دەکات، بەڵام بەو پێیەی ئەو ناوچانە بە داگیرکاری تورکیادان، ئەم بڕگەیە جێبەجێ ناکرێت، سوریا محەمەد هێسۆ وتی: خانوو و زەوییەکە هی ئێمەیە، بەڵام بەهۆی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیاوە ناتوانین بگەڕێینەوە، جێبەجێنەکردنی ڕێکەوتنی ١٠ی ئازار بە واتای گۆڕانکارییەکی پلان بۆ داڕێژراوی دیمۆگرافی و بەردەوامبوونی داگیرکاریە، هەروەها لە ناو چادرەکانی کامپەکەدا هەوڵی پاراستنی منداڵەکانم دەدەم.
ژنانی سەرێکانییە درێژە بە ژیانی پێشویان دەدەن و هەوڵ دەدەن بە پاراستنی کولتووری خۆیان خاکەکەیان بپارێزن، سەرەڕای سەختیەکانی ژیان لە کامپەکەدا، هیوایان بە گەڕانەوە هەیە، بەڵام ئاگاداری ئاڵەنگاریە گەورەکانیشن، کە بەهۆی نەبوونی ژێرخانی ئابووری و کێشەی تەندروستی و ئاسایشی، ژیانی ڕۆژانەی کامپەکە سەختە، لەم بارودۆخانەدا ژنان هەوڵدەدەن هەم خێزانەکانیان بپارێزن و هەم پەیوەندییان بە خاکەوە، سەرەڕای بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنی ١٠ی ئادار، ئەو ژنە، وتی: بەرگری لە مافەکانمان دەکەین و دەگەڕێینەوە سەر خاکەکەمان.
"فرۆشتنی موڵکەکانمان نایاساییە"
دایکێک بە ناوی سووریا محەمەد حسێن ڕایگەیاند، کە بوونی چەتەکانی دەوڵەتی تورکیا لە سەرێکانی ڕێگری دەکات لە گەڕانەوەیان، و تا چەتەکانی دەوڵەتی تورکیا لە سەرێکانیە بن ناتوانین بگەڕێینەوە بۆ زێدی خۆمان، داواکارین ڕێکەوتنی ١٠ی ئادار جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی بتوانین بە سەلامەتی بگەڕێینەوە سەر زەوی و زار و ماڵەکانمان، و فرۆشتن و کڕینی موڵکەکانمان نایاساییە و قبوڵکراو نییە، هەروەها ئیدارەی کاتی لە دیمەشق بەرپرسیارە لەو کارانە، ئێمە قبوڵی ناکەین کە خاکەکەمان داگیر بکرێت، ژیانی ئێمە لە کامپەکاندا، لە سەختترین بارودۆخدا، بۆ گەڕانەوەی سەلامەتە بۆ سەرێکانی، ئێمە شارەکەمان بۆ کەس جێناهێڵین و تەنها متمانەمان بە سەدەفە هەیە.
ئاماژەی بە چالاکییەکانی ئیدارەی کاتی لە کەناراوەکانی سووریا و لە سوەیدا کرد کە هاوشێوەی ئەو کارانەیە کە چەتەکانی دەوڵەتی تورکیا لە سەرێکانی ئەنجامی دەدەن، بۆیەدەیانەوێت بگەڕێتەوە ژێر کۆنترۆڵی سەدەفە، بۆ ئەوەی بتوانین ژیانێکی سەلامەت و ئارام بژین.
"ئامانج گۆڕانکاری دیمۆگرافییە"
مەیسا محەمەد ئاماژەی بەوەدا، کە فرۆشتنی موڵک و ماڵی دانیشتوانی ڕەسەنی سەرێکانیە بە ئامانجی گۆڕانی دیمۆگرافیایە، وتی: لە ناوەندەکانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەو شارە داگیرکراوەدا ئاڵای تورکیا و پاکستان هەڵدەکرێن، کە ئەم کردەوانە دژ بە ئیرادە و بوون و مێژووی گەلی ڕەسەنی کورد و عەرەب و سووریان، چونکە ئێمە بە ساڵانێک ماندووبوون موڵکەکانمان دروستکرد، کەس مافی ئەوەی نییە دەست بەسەر ماندووبوونماندا بگرێت، هەروەها هەموو دامەزراوە و ڕێکخراوە مرۆییەکان بەرپرسیارن لەم کارانە، ئێمە بێدەنگ نابین، لەبەرامبەر ماندووبوونماندا دەوەستینەوە.
"ژنانی ناو کامپەکان بەردەوامن لە خەبات"
هەدیە محەمەد سەرنجی بۆ ئەو سەختییە ڕاکێشا کە ڕووبەڕووی ژنانی ناو کامپەکان دەبێتەوە، وتی: ژنانی سەرێکانیە بە زەحمەتی خۆیان ماڵ و زەویەکانیان دروست کردووە، وە لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا ژنان لە سەختترین بارودۆخدا ژیاون، لە ژێر چادرە وێرانەکاندا، لە خەباتدان بۆ گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان، و
دەوڵەتی تورکیا بە چ مافێک ماڵەکانمان دەفرۆشێت؟ بۆچی ئیدارەی کاتی لە دیمەشق بێدەنگە؟ بۆچی ڕێکەوتنی ١٠ی ئادار جێبەجێ ناکات؟ داوا لە دامودەزگا نێودەوڵەتییەکان دەکەین بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن و داگیرکاری ڕابگرن.