شەنگال، پەیامنێری ئاژانسی نوژنها بە تەقەی هێزە عێراقییەکان بریندار بوو
دوێنێ خۆبەڕێوەبەری شەنگال هۆشداری دایە عێراق کە ئەمڕۆ کاری دامودەزگاکانی لە شەنگال ڕابگرێت، حکومەتی عێراق هێزێکی ناردووەتە سنوری شەنگال و ئاڵۆزی دروستبوو، بەهۆیەوە پەیامنێرێکی ئاژانسی نوژنها بریندار بوو.

ناوەندی هەواڵ
دوای هێرشەکەی ٧ی ئەم مانگە بۆسەر ئۆتۆمبێلی مەروان بەدەر خودێدا، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی شەنگال و شەهیدکردنی، ئێوارەی دوێنێش فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک جارێکی دیکە بۆردوومانی شەنگالیان کردەوە و بینای ئەنجومەنی گەلی شەنگالیان کردە ئامانج.
بەهۆی بێدەنگی حکومەتی عێراق لە ئاست هێرش و بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکیا خۆبەڕێوەبەریی شەنگال هەڵوێستی سیاسییان نیشاندا و ڕایانگەیاند، حکومەتی عێراق بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت شەنگال بپارێزێت، شەوی ڕابردووش لە ڕێگەی نوسراوی فەرمییەوە هۆشدارییان دایە دامودەزگاکانی حکومەتی عێراق و هەموو ئەو ڕێکخراوە جیهانییانەی بارەگایان لە شەنگال هەیە، کە ئەمڕۆ ١٢ی کانونی یەکەم هیچ یەک لە دەزگاکان دەرگایان نەکەنەوە.
دوای ئەم بڕیارە حکومەتی عێراق هێزی ناردە سنوری شەنگال و گەنجانی شەنگالیش ناڕەزایەتییان بەرامبەر ئەو هەڵویستە دەربڕی، هێزە عێراقییەکانیش بە گولـلە وەڵامی گەنجانیان دایەوە.
لە ئەنجامی گرژی و ئالۆزییەکان، نەسرین حەسەن پەیامنێری ئاژانسی نوژنها و تەلەفزیۆنی چرا تیڤی، لە کاتی ڕوماڵی ناڕەزایەتییەکان بەهۆی تەقەی هێزەکانی عێراقەوە فیشەک بەر قاچی کەوت و گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە.
جێی ئاماژەیە هەر ئەمڕۆ چەند گەنجێکی دیکە لە کاتی ناڕەزایەتییەکان دژی هێنانی هێز بۆ ناوچەکە بەهۆی گولـلەی هێزەکانی عێراقەوە بریندار بوون و ژمارەیان نازانرێت چەندەیە.
ت.پ