لە شەنگالەوە هۆشداری بە عێراق و ڕێکخراوە جیهانییەکان دەدرێت

خۆبەڕێوەبەریی شەنگال لەدژی بێدەنگیی حکومەتی عێراق و ڕێکخراوە جیهانییەکان لەبەرامبەر بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورک، هۆشداری دەدات و ئەمڕۆ هیچ دەزگایەکی فەرمیی عێراق لە شەنگال نەکرانەوە، هاوکات تەڤدەم ناڕەزایەتیی بەرامبەر بێدەنگیی بەغدا و هەولێر و نەتەوە یەکگرتووەکان نیشاندا.

خۆبەڕێوەبەریی شەنگال لەدژی بێدەنگیی حکومەتی عێراق و ڕێکخراوە جیهانییەکان لەبەرامبەر بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورک، هۆشداری دەدات و ئەمڕۆ هیچ دەزگایەکی فەرمیی عێراق لە شەنگال نەکرانەوە، هاوکات تەڤدەم ناڕەزایەتیی بەرامبەر بێدەنگیی بەغدا و هەولێر و نەتەوە یەکگرتووەکان نیشاندا.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای هێرشەکەی ٧ی ئەم مانگە بۆسەر ئۆتۆمبێلی مەروان بەدەر خودێدا، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی شەنگال و شەهیدکردنی، ئێوارەی دوێنێش فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک جارێکی دیکە بۆردوومانی شەنگالیان کردەوە و بینای ئەنجومەنی گەلی شەنگالیان کردە ئامانج.

 

لە بەرامبەر هەردوو بۆردوومانەکەشدا، حکومەتی عێراق بێدەنگیی هەڵبژارد، بەو هۆیەوە بەرپرسانی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال هەڵوێستی سیاسییان نیشاندا و ڕایانگەیاند، حکومەتی عێراق بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت شەنگال بپارێزێت، هەر بۆیە شەوی ڕابردوو لەڕێگای نووسراوی فەرمییەوە هۆشدارییان دا بە دامودەزگاکانی سەر بە حکومەتی عێراق و هەموو ئەو ڕێکخراوە جیهانییانەی بارەگایان لە شەنگال هەیە، کە ئەمڕۆ ١٢ی کانونی یەکەم هیچ یەک لە دەزگاکان دەرگایان نەکەنەوە، هەربۆیە ئەمڕۆ تەنیا نەخۆشخانە و خوێندنگاکانی شەنگال کراوەبوون، هەموو دامودەزگاکانی دیکە داخران.

 

لە لایەکی دیکەوە بزووتنەوەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک "تەڤدەم" سەبارەت بە بۆردومانەکە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "ئەو هێرشە داگیرکارییانەی دەوڵەتی تورک لە چوارچێوەی سوو و رانتی شەڕدایە و بە بەردەوامی فڕۆکەی بێ فرۆکەوان لە دژی ئیرادەی کۆمەلگەى ئێزدی بەکاردەهێنێت، ئەو هێرشانەش بەهۆی پشتگوێخستن و نکۆڵیکردنی حکومەتەکانی بەغدا و هەولێر لە ئیرادەی ئەو ئێزدیانە ئەنجامدەدرێت، کە شەڕیان لەگەڵ تیرۆریستترین ڕێکخستنی عێراق دا کردووەوە و یەکەم ناوچەیان لە پیسبوونی تیرۆریزم لەسەر ئاستی عێراق ڕزگارکرد و بووە خاڵی دەستپێکی هێرشەکان بۆ تێکشکاندنی تیرۆر".

 

ئەوەشی تیدا هاتووە، "وەک تەڤدەم  داوا لە هەموو هێزە سیاسی و نەتەوەییەکانی کوردستان و عێراق و هەموو ڕێکخراوە یاسایی و مەدەنییەکان دەکەین، کە لە دژی تاوانەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و مەترسییەکانی سیاسەتەکانی بۆ دابەشکردن، زیان پێگەیاندن و پاکتاوکردن و جینۆسایدی ئیرادەی خەڵکی ناوچەکە، بەپێی پێوەرە ئەخلاقی و مرۆییەکان بجوڵێنەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە پەیوەندیدارەکانی بەرپرسیارن لە کۆمەڵکوژی و پاکتاوکردنی ئێزدییەکان و بەرپرسیارن لە پاراستنی ئێزدییەکانیان".

 

لە کۆتاییدا تەڤدەم داوا لە گەلی کورد بەگشتی و بە تایبەتی ئێزدیەکان دەکات، لە هەموو شوێنێک لە دژی تاوانەکانی دەوڵەتی تورک راپەڕن، تێکۆشان و بەرخۆدان بەرزتر بکەنەوە و وڵاتپارێزیی خۆیان بەهێزتر بکەن.