کۆمسیۆنی ژنانی کەنەکە: پێویستە شاندی ژنان بچێتە عێراق بۆ وەستاندنی ‌هێرشەکانی تورکیا

کۆمسیۆنی ژنانی کەنەکە بە بەشداری ٤٥ ژنی کورد کۆبوونەوەیەکی بەڕێوەبرد و تیشکیان خستەسەر هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و ئاماژەیان بەوەدا کە تورکیا خەیاڵی زیندووکردنەوەی دەوڵەتی عوسمانی هەیە، بۆ ئەوەش دەبێت عێراق بێتە دەنگ.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمسیۆنی ژنانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە، بە بەشداری ٤٥ ژنی کورد لە چوار پارچەی کوردستانەوە کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاینیان بەڕێوەبرد و گفتوگۆیان لەسەر هێرش و داگیركارییەکانی ده‌وڵه‌تی توركیا، كه‌ له‌ ١٧ نیسانه‌وه‌ ده‌ستی پێكردووه، کرد.

 

ژنانی کەنەکە ئاماژەیان بەوەدا کە ده‌وڵه‌تی توركیا له‌ خه‌یاڵی ئاواكردنی توركیایه‌كی گه‌وره‌ دایه‌‌ و ده‌یه‌وێت هه‌تا ساڵی ٢٠٢٣ واتا له‌ سه‌د ساڵه‌ی په‌یمانی لۆزان ئه‌م خه‌یاڵه‌ له‌ سه‌ر خاكی كوردستان جێبەجێ بكات، شه‌ڕی ده‌وڵه‌تی توركیا له‌ باشوور و رۆژئاوای كوردستان و شەنگالیش به‌و ئامانجه‌ هەڵدەگیرسێنێت و ئامانجییەتی خه‌ون و خه‌یاڵی ئیمپراتوری عوسمانی سه‌رله‌نوێ بكاته‌وه‌.

 

هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە مەترسییەکانی داگیرکردنی بادینان کرا ئەگەر دۆخەکە وەک ئێستا بەردەوام بێت، بۆ ئەوەش ڕێكکه‌وتنی نه‌ته‌وه‌یی ژنان بە گرنگ پێناسەکرا و داوای ئاواکردنی كۆمیته‌ی ئاماده‌كاری كۆنفرانسی نه‌ته‌وه‌یی ژنانی كورد و داڕشتنی نه‌خشه‌یه‌ك بۆ پاراستنی كوردستان کرا کە ژنان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات پێشەنگی بن.

 

داواکرا شاندێک بنێردرێتە عێراق

ژنان ڕه‌خنه‌یان له‌ بێده‌نگی داموده‌زگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان گرت کە لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا بێهەڵوێستن و لایەنگری وڵاتانی هاوکاری خۆیان دەکەن، ڕەخنەی توندیش لە حکومەتی ناوه‌ندی عێراق گیرا، بەهۆی بێده‌نگی ده‌سه‌ڵاتدارانی حکومەتی هه‌ولێر له‌ دژی داگیركاری ده‌وڵه‌تی توركیا، ژنان بانگیان له‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی عێراق كرد كه‌ له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا له‌ دژی توركیا هه‌ڵوێست نیشانبده‌ن.

 

هه‌روه‌ها بانگ له‌ كۆمسیۆنی ژنانی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان كرا شاندێكی ژنان پێكبهێنن بۆ گه‌یاندنی داواكارییه‌كانی ژنانی كورد بۆلای لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ به‌غدا.