گەرمیان، دوو حاڵەتی کوشتنی گوماناوی ژن تۆمار کرا
لە ماوەی هەشت کاتژمێردا لە سنوری شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، دوو ژن لە دوو ڕووداوی جیاوازی گوماناویدا کۆتایی بە ژیانیان هات.
گەرمیان
لە ماوەی هەشت کاتژمێری ڕابردوودا لە سنوری شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، لە دوو ڕووداوی جیاوازدا دوو ژن لە گەڕەکی حەی موەزەفین و گوندی ساڵح ئاغا لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانیان هات.
عەلی قەدوری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە نوژنهای ڕاگەیاند: درەنگانێکی شەوی ڕابردوو لە گەڕەکی حەی موەزەفینی شارۆچکەی کەلار تەرمی ژنێکی بە ڕەگەز عەرەب بە ناوی ( خ. خ. ع.) لەدایکبووی ٢٠٠٠، ژنی ماڵ، بە خنکاوی گەیەندرایە بەشی فریاکەوتنی شەهید هەژار کە بە هۆی هەڵواسینەوە گیانی لەدەستدابوو.
وتیشی: بە وتەی کەسوکاری ژنەکە سێ مانگە هاوسەرگیری کردووە و شەوی ڕابردوو کۆتایی بە ژیانی هاتووە.
وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوەشدا، بەرەبەیانی ئەمڕۆش لە گوندی صاڵح ئاغا سەر بە شارەدێی قۆرەتوو، تەرمی کچێک بە ناوی( ج. س. ا. ) لەدایکبووی ٢٠٠٧ بە خنکاوی گەیەندراوەتە بەشی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار کە بەهۆی هەڵواسینەوە گیانی لەدەستدابوو.
حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان لە باشوری کوردستان لە بەرزبوونەوەدایە، جێی بەبیرهێنانەوەیە ئێوارەی ٢٥ی ئایار، تەرمی ژنێکی ٦٧ ساڵ بە هەڵواسراوی لە ماڵەکەیدا لە شاری ههولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دۆزرایەوە، کە گومان لەسەر خنکانەکەی هەیە.