ژمارەی زیان لێکەوتوانی لافاوەکەی پاکستان بۆ ٦٣ کەس بەرزبووەتەوە

لە ئەنجامی بارانبارینی بەخوڕ و لافاو کە پاکستانی گرتەوە، ٦٣ کەس گیانیان لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

بۆ چوارەمین ڕۆژی لەسەریەک باران و لافاو بەردەوامە لە پاکستان و بەهۆیەوە دەیان کەس کوژراون و هەزاران باڵەخانە و ماڵ وێران بووە، دەسەڵاتدارانی پاکستان ڕایانگەیاند کە ژمارەی گیان لەدەستدان لە چوارەمین ڕۆژی ئەو لافاوانەی کە وڵاتەکەی گرتوەتەوە بۆ ٦٣ کەس بەرزبووەتەوە، زۆربەیان خەڵکی پارێزگای خوبیر پەختونخوان کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای پاکستان.

 

وتەبێژی بەڕێوەبردنی کارەساتەکان ئاماژەی بەوەدا کە بەهۆی ڕووخانی باڵەخانەکانەوە ٣٢ کەس گیانیان لەدەستداوە کە ١٥یان منداڵ و ٥ ژن بوون، هاوکات دەیان کەسی دیکە لە باکووری ڕۆژئاوای وڵات لە ئەنجامی زیانگەیاندن بە هەزار و ٣٧٠ ماڵ برینداربوون.

 

دەسەڵاتدارانی پارێزگای پەنجاب ڕایانگەیاندووە، بەهۆی هەورە بروسکە و داڕمانی ٢١ کەس گیانیان لەدەستداوە، حکومەتی پارێزگای بەلوچستانیش لە باشووری ڕۆژئاوای وڵاتەکەش ئاماژەی بەوەکردووە بەهۆی لافاوەکەوە ١٠ کەس گیانیان لەدەستداوە.

 

تیمەکانی فریاگوزاری هەوڵی دۆزینەوەی ئەو کەسانە دەدەن کە بەهۆی بارانێکی زۆرەوە لە بەلوچستان خنکاون.