ریتاج حازم، وەک گەنجترین نوسەری جیهان دیاریکرا
گەنجێکی تەمەن ١٤سالان دوای ئەوەی پەی بەوە دەبات کتێبێک نییە بۆ ئەو تەمەنه دەست دەکات بە نوسین و زنجیرە کتێبێک بڵاودەکاتەوە، ناوی دەچێتە ناو کتێبی گینسەوە.
ناوەندی هەواڵ
ژنێکی گەنجی تەمەن ١٤ساڵانی سعودی بە ناوی "ریتاج حازم"، بەهۆی بڵاوکردنەوەی زنجیرە کتێبێک وەک گەنجترین نوسەری جیهان ناوی چووە ناو کتێبی گینسەوە.
ریتاج لەتەمەنی شەش ساڵییەوە دەستی بە نوسین کردووە، لەگەڵ ئەوەی بەردەوام خۆی هەوڵی نوسینی داوە هەروەها نوسەرانی دیکەی سعودییە کە چیرۆکی منداڵانەیان دەنوسی بەردەوام هاوکاریان کردووە بۆ ئەوەی لە ڕووی هزر و توانای نوسینەوە بەرەو پێش بچێت.
ریتاج باسی لەوەکرد، لە منداڵییەوە لە دەرەوەی وڵات لەگەڵ خێزانەکەی ژیاوە، یەکەم ڕۆمانی بە ناوی " گەنجینەی دەریایی ونبوو" لە ساڵی ٢٠١٩ بە زمانی ئینگلیزی بڵاوکردووەتەوە، کتێبی دووەمی بەناوی "دەروازەی جیهانی شاراوە" ساڵێک دواتر بڵاوکردووەتەوە.
دواتر ڕۆمانی " لە دەرەوەی جیهانی داهاتوو" بڵاوکردووەتەوە و لە ئێستادا سەرقاڵی کارکردنە لە کتێبێکی دیکە بە ناوی "پەرتووک بۆ نەناسراوەکان".
بڵاوکردنەوە و کارکردن لەو کتێبانەدا لە تەمەنێکی گەنجی وایکرد بە بڵآوکردنەوەی زنجیرە کتێبەکانی ناوی بچێتە ناو کتێبی گینسەوە.
لە بەرەی ڕۆمان و کتێبەکانی هەروەها دەستکردن بە نوسینی وتی "بیرمکردەوە کتێبێک یاخود ڕۆمانێک نییە بۆ تەمەنی کەسانی وەک ئێمە و گەنجان و منداڵان بۆیە بڕیارمدا بنوسم و نوسینەکانم تایبەت بێت بەو تەمەن دیاریکراوە".