قەیومی شاری وان باخچەی ساوایان دادەخات و زمانی کوردی قەدەغە دەکات
قەیوم لە شاری وان کە بە سەپاندن دانراوە، باخچەی ساوایانی پەپولە دادەخات و زمانی کوردیش قەدەغە دەکات، لە جێی ئەوە زمانی تورکی بە منداڵان دەڵێتەوە.

قەیوم لە شاری وان کە بە سەپاندن دانراوە، باخچەی ساوایانی پەپولە دادەخات و زمانی کوردیش قەدەغە دەکات، لە جێی ئەوە زمانی تورکی بە منداڵان دەڵێتەوە بەڵام هاوڵاتیان منداڵەکانیان نابەم بۆ فێربوون.
ناوەندی هەواڵ
چەندین باخچەی ساوایان و خوێندنگەی کوردی لە پێشتردا لەلایەن شارەوانییەکانی هەدەپە لە زۆرینەی شارەکانی باکوری کوردستان کرانەوە، بەڵام لەگەڵ دانانی زۆرەملێی قەیومەکان لە شارەوانییەکاندا زمانی کوردی قەدەغە دەکرێت و ناوەندەکانیش دادەخرێن.
لە شاری وانی باکوری کوردستان، کە دانیشتوانەکەی نزیکەی ملیۆنێک و ٣٠٠ هەزار کەسە، لە ساڵی ٢٠١٦دا قەیوم لەجێی شارەوانییەکانی هەدەپە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە دانران، لە سەرەتادا باخچەی ساوایانی پەرپەرۆک-پەپولەی داخست و کارەکانی ڕاوەستاند.
باخچەی ساوایانی پەرپەرۆک لەسەر ڕووبەری هەزار و ٢٠٠ مەتر چوارگۆشە بنیادنراوە، کە توانای وەرگرتنی ٩٠ منداڵی هەبوو، پێکهاتبوو لە یاری منداڵان، ژووری شانۆ، سینەما، میوزیک، هەڵپەڕکێ، شەترەنج و دەرمانخانە و منداڵی تەمەن سفر-٦ ساڵی وەردەگرت، ئەرکی سەرەکی خزمەتکردن بوو بە زمانی کوردی.
باخچەکە کە لەلایەن شارەوانی گەورەی وانی هەدەپە کرابوویەوە، لە ئێستادا لەلایەن قەیومەوە داخرا و ناوەکەشی گۆڕدرا بۆ گوندوز باقیمهڤی، له جێگەی وانهی كوردی وانهی توركی تێدا دەوترێتەوە.
ناوە کوردییەکان دەسڕدرێنەوە
محەمەد ئەمین بیلمەز، قەیومی شاری وان، تابلۆ کوردییەکانی ناو شاری وانی سڕییەوە و تابلۆی تورکی و ئینگلیزی دانران لە جێگەیان، هەروەها لە پەڕەی فەرمی شارەوانی وان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر زمانی کوردی سڕییەوە و بۆ ناوی پەڕەکە تەنها زمانی تورکی هێڵدرایەوە.
ت.پ