پەیامی کەژەکە بە بۆنەی ١ی ئایارەوە: هەتا ژن ئازاد نەبێت کار ئازاد نابێت
کۆردیناسیۆنی کەژەکە بە بۆنەی ١ی ئایارەوە پەیامێکی بڵاوکردەوەو لە دووەم ساڵیادی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا بانگەوازی بۆ هەمووان کرد کە خاوەندارێتی لە بانگەوازی مێژوویی بکەن، سۆسیالیزمی دیموکراتیک بنیاد بنێن و گۆڕەپانەکان پڕ جۆش بکەن.
ناوەندی هەواڵ
کۆردیناسیۆنی کەژەکە بە بۆنەی ١ی ئایار، ڕۆژی جیهانیی کرێکارانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوەو ئاماژە بە تێکۆشانی هاوبەشی کرێکارانی جیهان کرا و ڕاگەیاندرا کە بەبێ ئازادیی ژن، تێکۆشانی ئازادی و ڕەنج ناگاتە ئەنجام.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوەشکرا کە ١ی ئایار تەنها ڕۆژی پیرۆزبایی نییە، بەڵکو "بەڵێنی بنیادنانی کار، بەرخۆدان و ژیانی سۆسیالیست"ـە و بانگەواز بۆ سۆسیالیزم کرا. هەروەها ئاماژە بەوە کرا کە ڕەنجی ژن لە مێژوودا ئەو ڕەنجەیە کە لە هەموو ڕەنجێک زیاتر تاڵان دەکرێت و هاتووە: "تاوەکو ژن ئازاد نەبێت، کار ئازاد نابێت.
پەیامەکەی کەژەکە بەم شێوەیەیە:
١ی ئایار، ڕۆژی جیهانیی کرێکاران کە هەموو کرێکارانی جیهان بە یەک دڵ لەژێر چەترێکدا کۆدەکاتەوە؛ لە سەرەتادا لە گەورەترین کرێکاری ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک ڕێبەر ئاپۆ، لەو کرێکارانەی کانەکان کە لە ئەسکیشەهرەوە تاوەکو ئەنقەرە بۆ مافی ڕەنجی خۆیان هەنگاو دەنێن، لە هەموو ئەو گەلانەی کە لە گمگم، کانیڕەش و گیرەسون دژی کۆمپانیاکانی کانزا مێژوو، خاک و ژیانی خۆیان دەپارێزن، لەوانەی کە لە ڕۆژئاوا بۆ بنیادنانی ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیک تێدەکۆشن، لەوانەی کە لە ڕۆژهەڵات دژی شەڕ بۆ ژیانی ئازاد ڕەنجدەدەن، لە هەموو ئەو ژنانەی کە لە دژی قڕکردنی ژن لەسەر پێ وەستاون، لە دایکانمان، لە گەنجان و منداڵان پیرۆز بێت.
مانگی ئایار چەندە مانگی کرێکاران بێت، ئەوەندە مانگی شەڕڤانانی هەرە مەزنی ڕەنج و شەهیدانی هێژایە کە لە ڕێی سۆسیالیزمدا گیانی خۆیان فیداکردووە. لەبەرئەوە شەهیدانی هێژامان بە ڕێز و پێزانینەوە بەبیردەهێنینەوە و وەکو دڵسۆزی بۆ بیرهێنانەوەیان، بەڵێنی خۆمان بۆ بنیادنانی ژیانی سۆسیالیست نوێ دەکەینەوە.
کرێکاران نەک تەنها لە ڕۆژی ١ـی ئایاردا، بەڵکوو هەموو ژیانی خۆیان بۆ تێکۆشان دژی دزەکانی ڕەنج تێدەپەڕێنن. لە دژی ئەو سیستەمەی کە ڕەنجی کۆمەڵگە بێنرخ دەکات؛ دەڵێن 'ڕەنج بەنرخە، پیرۆزە، ڕەنج ژیان بنیاد دەنێت'. هەر بۆیە ئێمە دەزانین کە ئەو جیهانەی تێیداین، ئەو زمانەی قسەی پێ دەکەین و ئەو هەناسەیەی دەیدەین، بە ڕەنجی هاوبەشی ملیۆنان زیندوو پێکهاتووە و بەردەوامە.
دەتوانین بە تێکۆشان دژی شەڕەکانی دەسەڵات، خاوەنداری لە ڕەنجی خۆمان بکەین
هەموو ڕۆژێک دەبینین کە؛ بەڕێوبەرانی دەوڵەتان خۆیان وەکو خاوەن کار، گەلیش وەکو ئەو کرێکار و کۆیلانە دەبینن کە پێویستە ملیان کەچ بکەن. لە شەڕی بەرژەوەندییەکانیاندا بە ناوی گەلانەوە بڕیاردەدەن و ژنان، منداڵان و کرێکاران پەلکێشی ناو شەڕ دەکەن. ئێمە وەکو کرێکار دەتوانین بە تێکۆشان دژی ئەو شەڕانەی دەسەڵات کە شەڕی گەلان نین، ڕەنجمان دەمژن و ئیکۆلۆژیامان قڕدەکەن، خاوەندارێتی لە ڕەنجمان بکەین. هەر بۆیە خاک ڕەنجە، مێژوو ڕەنجە، زمان ڕەنجە؛ ئەو دارانەی کە دەیانچێنین، ئەو چیا و چەمانەی کە دەجووڵێن ڕەنجن. دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆ چاویان بڕیوەتە هەموو ئەم ڕەنجانەی ئێمە و بە شەڕ، ڕانت[کرێخۆری] و کۆمپانیاکان هەوڵدەدەن لەناویان ببەن. هەر بۆیە خاوەندارێتیکردن لە گوند، باخچە، ئاو، زمان، چیا و کوێستانەکانمان، لە بنەڕەتدا خاوەندارێتیکردنە لە ڕەنجی خۆمان.
ئەنجامەکانی ئەم سیستەمە بێڕەنج و ڕزیوە لەناو کۆمەڵگەدا دەرئەنجامی زۆر خراپی لێ دەکەوێتەوە. لە قوتابخانەکان منداڵ، مامۆستا و کچانی گەنج تیرۆر دەکرێن. ئەو چەتەگەرییەی لەناو دەوڵەتدا دەستی پێکردووە، دەگاتە کۆمەڵگە؛ بە لەشفرۆشی و ماددەی هۆشبەر گەنجەکانمان ژەهراوی دەکات. خاوەندارێتیکردن لە گەنجان و منداڵانمان کە بە ڕەنجی دایکان گەورە بوون، خاوەندارێتیکردنە لە ڕەنج، داهاتوو و هیوامان.
پێویستە بۆ سۆسیالیزمی دیموکراتیک و ئەخلاقی تێبکۆشین
دژی ئەو سیستەمی سەرمایەدارییەی کە لە ڕێ لایداوە و هیچ پێوەرێکی ئەخلاقی و ویژدانی نییە، پێویستە کار بکەین بۆ سۆسیالیزم لەسەر بنەمای فەلسەفەی ئیتیکی نوێ. ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستمان بە باوەڕی سۆسیالیزم هەیە. پێویستە دژی شێتیی خەرجکردن، قڕکردنی ئیکۆلۆژی، بەدیلگرتنی کۆمەڵگە لەلایەن دیجیتاڵ میدیاوە، ئەو نەخۆشییانەی دروستکراون و بێماناکردنی ژیان، بۆ سۆسیالیزمی دیموکراتیک و ئەخلاقی تێبکۆشین. وەکو ڕێبەر ئاپۆ وتوویەتی: 'پێداگری لەسەر مرۆڤبوون، پێداگرییە لەسەر سۆسیالیزم.'
تاوەکو ژن ئازاد نەبێت، ئازادکردنی ڕەنج مەحاڵە
گەلانی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەدان ساڵە بە دەستبەسەرداگرتنی وڵات و نرخی ڕەنجیان، لە ڕەنجی خۆیان دوورخراونەتەوە و نامۆ بوون. بۆ ئەم مەبەستە ئێمە دەزانین کە تێکۆشانێکی گەورەی وڵاتپارێزی پێویستە و تاوەکو ژیانی ئازاد و دیموکراتیک بنیاد نەنرێت، ڕەنجیش ئازاد نابێت. هەر بۆیە ڕەنج لە وڵاتی ئازاد، ڕەنجی کۆمەڵایەتییە. ڕەنجی ئافرێنەرە کە کۆیلە ناکات، ئازاد دەکات. ئەو ڕەنجەی کە بۆ پەرەپێدانی ژیانی ئازاد و ئازادکردنی کۆمەڵگە دەدرێت، پیرۆزە. لەبەرئەوە ڕەنجی دایک و ڕەنجی ژن، ئەو ڕەنجەیە کە لە هەموو ڕەنجێک زیاتر تاڵان دەکرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا پیرۆزترین ڕەنجە.
بە فەلسەفەی 'ژن ژیان ئازادی'، تاوەکو ئەو سیستەمە باوکسالارە نەڕووخێنین کە ڕەنجی ژن پشتگوێ دەخات و ژنان بە دڕندەیی تیرۆر دەکات، ناتوانین باسی ئازادی و نرخی ڕاستەقینەی ڕەنج بکەین. واتا تاوەکو ژن ئازاد نەبێت ژیان، تاوەکو ژیانیش ئازاد نەبێت، ڕەنج ئازاد نابێت. هەر بۆیە ڕێگەی سۆسیالیزم تەنها لە ڕێی ئازادبوونی ژنەوەیە. ئەو کۆمەڵگە ئازاد و دیموکراتیکەی لە ڕۆژئاوا بنیادنرا، دەرئەنجامی ڕەنجی ئەو ژنانەیە کە خاوەنە ڕاستەقینەکانی ئابوورین. ئەم ئەنجامە بۆ هەموو ژنانی ڕەنجدەر بووەتە ڕووناکیی هیوا.
تێکۆشان بۆ داهاتوویەکی دیموکراتیک، خاوەندارێتیکردنە لە ڕەنج
پێویستە ئەوە لەبیرنەکرێت کە سەرچاوەی هەموو کێشەکانی کرێکاران، نەبوونی دیموکراسییە. هیچ کێشەیەک نییە کە سیستەمی دیموکراتیک نەتوانێت چارەسەر بکات. ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: 'ئەو کۆمەڵگەیەی کە دیموکراسی دەزانێت، بێکاری بەرهەمناهێنێت. لە هەر شوێنێک بێکاری هەبێت، ئەوەندە دژە-دیموکراسی هەیە.' لەبەرئەوە گەورەترین تێکۆشان بۆ ڕەنج، لە بنەڕەتدا تێکۆشانە بۆ دیموکراسی.
خاوەندارێتیکردن لە ڕەنج، لە ڕێی ئەو کۆمۆنانەوە دێتە دی کە نوێنەرایەتیی ژیانی ئازادی گەلان دەکەن دژی سیستەمی سەرمایەداری. لە ڕێی برەودان بە سیستەمی ئابوورییەوە لەسەر بنەمای کۆمۆن، لاوازکردنی ئەم سووڕی داگیرکارییە دێتە دی.
لەبەرئەوە بە بۆنەی ١ی ئایار، جەژنی بەرخۆدانی کرێکاران، لە دووەمین ساڵیادی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆدا لە ٢٧ـی شوباتی ٢٠٢٥؛ بانگەواز بۆ ژنان، گەنجان، دایکان، گوندنشینان و هەموو کرێکاران دەکەین کە خاوەندارێتی لەم بانگەوازە مێژووییە بکەن، ، سۆسیالیزمی دیموکراتیک بنیاد بنێن و گۆڕەپانەکان پڕ جۆش بکەن.
بژی ڕەنجی ژنان کە ژیانی ئازادی بنیادناوە. بژی ١ـی ئایار، ڕۆژی یەکێتی، پشتیوانی و بەرخۆدانی کرێکاران