لە عێراق توندوتیژی خێزانی لە ٦٠% لە ئامارەکانی حکومەت زیاترە
مەنار عەبدول موتەلیب، چالاکوان ئاماژە بەوە دەکات، ئامارە فەرمییەکانی حکومەت بەرجەستەی ڕاستەقینەی کێشەکە ناکەن، بەڵکو توندوتیژی خێزانی بە ڕێژەی ٦٠% لە ئامارە فەرمییەکان زیاترە.
ناوەندی هەواڵ
مەنار عەبدول موتەلیب، چالاکوان و ئەندامی پێشووی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانى عێراق سەبارەت بە پرسی توندوتیژی خێزانی بۆ میدیا عێراقییەکان وتوویەتی: ئەو ئامارانەی سەبارەت بە حاڵەتەکانی توندوتیژی خێزانی لە وڵاتدا بڵاودەکرێنەوە بەرجەستەی ڕاستەقینەی کێشەکە ناکەن، توندوتیژی خێزانی بە ڕێژەی ٦٠% لە ئامارە فەرمییەکان زیاترە، توندوتیژی خێزانی چەندین شێوە و ڕەهەندی هەیە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە لە تۆمار نەکردنی زۆرێک لە ڕووداوەکانی توندوتیژی ئەوەیە زۆرێک لە کێشەکان لە ڕێگەی دەستێوەردانی کەسوکار یان هاوڕێکانەوە چارەسەر دەکرێن، یان قوربانییەکان بەتایبەتی ژن و منداڵ، ئامادە نین ئەو دەستدرێژییە ئاشکرا بکەن یان ڕاپۆرتی فەرمی تۆماربکەن، ئەمەش وا دەکات ئەو ئامارە تۆمارکراوانە کەمتر بن لە واقیع.
ڕوونیکردۆتەوە، چەند هۆکارێکى سەرەکی لە پشت ڕێژەی بەرزی توندوتیژی خێزانییەوە هەیە، دیارترینیان دۆخی ئابووری و بێکاری و هەندێکجاریش لێکەوتەکانی ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، هەروەها نەبوونی خزمەتگوزارییەکان.
بەوتەی مەنار عەبدول، چیتر توندوتیژی خێزانی تەنیا لە ژن و منداڵدا سنوردار نییە، بەڵکو درێژبووەتەوە بۆ ئەوەی بەساڵاچووانیش بگرێتەوە، ئەمەش وایکردووە ئەم دیاردەیە پێویستی بە چارەسەری جدی و هەمەلایەنە هەبێت.
مەنار عەبدول باسی لەوەشکردوە، بەشێکی زۆری ئەم دۆسییانە لە ڕێگەی پۆلیسی توندوتیدژى خێزانى چارەسەر دەکرێن، کە دەبێتە هۆى ئاشتکردنەوەی خێزانەکان و تۆمار ناکرێت، بەڵام فشارە ئابووری و دەروونییەکان وەک هۆکارێکی سەرەکی دەمێننەوە بۆ بەردەوامبوونی توندوتیژی.
جەختی لەوەشکردۆتەوە، ڕێژەی توندوتیژی خێزانی لە شارەکاندا بە بەراورد لەگەڵ ناوچە گوندنشینەکان زۆر زیاترە، ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی خێزانی لە قۆناغە سەرەتاییەکانیدا، لەڕێگەی یاساییەوە زۆر گرنگە، بەڵام هەندێک حاڵەت گەیشتوونەتە کۆتایی کارەساتبار و پێویستی بە گرنگیدانی تایبەت هەیە.