پشتیوانی ڕۆژهەڵات بۆ ڕۆژئاوا: بەرخۆدان ژیانە
نەسرین.ب لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای شەرمەزار کرد و سڵاوی لە بەرخۆدانی گەل لە بەرامبەر ئەو هێرشانە کرد و وتی: لە هەموو شوێنێکی کوردستان خەبات بۆ سەرکەوتن بەردەوام دەبێت، چونکە بەرخۆدان ژیانە.
ئەمیرە موحەمەدی
سنە- هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامە، هەروەها هێرشەکان بۆ سەر خەڵکی مەدەنی کە لە کانتۆنی فوراتەوە بۆ بەشداریکردن لە ناڕەزایەتیی بەنداوی تشرین گەشت دەکەن لە زیادبووندایە، لەم هێرشانەدا خەڵکێکی زۆر گیانیان لەدەستدا و دەیان کەسیش برینداربوون، بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر کاروانەکانی گەل کە بەرەو بەنداوی تشرین دەڕۆیشتن، ٧ کەس گیانیان لەدەستدا، سەرەڕای هێرشە جینۆسایدییەکان، بەرخۆدان لە بەنداوی تشرین بەردەوامە، پشتیوانی لەم بەرخۆدانە لە ژنانی ڕۆژهەڵاتیشەوە هەیە.
پشتیوانی ڕۆژهەڵات بۆ ڕۆژئاوا
نەسرین ب، چالاکوانی مافی ژنان و خەڵکی شاری سنە وتی: ئێمە وەک ژنانی سنە هێرشەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورک و بەتایبەت هێرشەکانی سەر بەنداوی تشرین ئیدانە دەکەین، خەڵکی ناوچەکە بە مەبەستی دەربڕینی کاردانەوەی خۆیان بەرامبەر بە هێرشەکان دەچنە بەنداوی تشرین، دەوڵەتی تورک هێرش دەکاتە سەر ئەو کەسانەی کە دەچنە بەنداوی تشرین، ئێمە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا شەرمەزار دەکەین، بە دڵ و گیان پشتیوانی خوشک و دایکانمان دەکەین کە لەوێ شەڕ دەکەن، با حکومەتی تورکیا ئەوە باش بزانێت، ڕۆحی ژیان لە کوردستان بەرخۆدانە.
"پشتیوانی کورد لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستە"
نەسرین ب هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی لە دژی گەلی کورد بە تاوانی جەنگ زانی و وتیشی: دەوڵەتی تورکیا تاوانی جەنگی دژی کورد ئەنجام دەدات و ئەوەی ڕوودەدات دەیشارێتەوە و ڕاپۆرتی لەسەر نادات، ئەم ڕێبازە دەبێتە هۆی ئەوەی زۆر کەس لە سەرانسەری جیهان بێئاگا بمێننەوە لەم تاوانانە، ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر کورد پێویستی بە پشتیوانی یەکترە، چونکە ئێمە زۆر باش دەزانین ئەو هێرشە لەشکرکێشی و فەرمانی جیهاد و فەتحکردنە مانای چییە، هەر بۆیە پێویستە بە وریاییەوە مامەڵە بکەین.
'ئێمە لەگەڵ گەلی ڕۆژئاواین'
نەسرین ب ئاماژەی بەوەدا کە ژنانی ڕۆژهەڵات بە توندی ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکەن و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: بەرخۆدان و خەبات بۆتە بەشێک لە ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەوان هەرگیز هیچ نادادپەروەرییەکیان قبوڵ نەکردووە و هەمیشە ئەفسانەی خەبات بۆ ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوون، بوونی ئەوان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک ئاو وایە لەسەر ئاگری تووڕەیی دوژمن و ئەوەی بووەتە هۆی توڕەیی دوژمن، ڕۆحی یەکگرتوویی و پێکەوەبوونیانە، لە کۆتاییدا دەتوانم ئەمە بڵێم؛ ئێمەی ژنانی ڕۆژهەڵات هەمیشە لەگەڵ خەڵکی ڕۆژئاواین، خەبات بۆ بونیادنانی ئاشتی و سەرکەوتن لە هەموو شوێنێکی کوردستان بەردەوام دەبێت، چونکە بەرخۆدان ژیانە.