"پەدەکە هەمان کردەوەی دەوڵەتی تورکیا لە دژی ژنان ئەنجام دەدات"
ژنانی سیاسەتمەدار لە حزبەکانی کانتۆنی کۆبانێ ئیدانەی دەستبەسەرکردنی ئەندامانی رژاکیان لەلایەن پەدەکەوە کرد و ئاماژەیان بەوەدا کە پەدەکە دەیەوێت ڕێکخراوەکانی ژنان بێدەسەڵات بکات و کردەوەی دەوڵەتی تورکیا دژی ژنان دووبارە بکاتەوە.
بەرچەم جودی
کۆبانێ- سێ ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان بە ناوەکانی "خەولە محەمەد حەسەن، جوانا عەبدول باقی، سەیران ئەحمەد حەسەن" لە ٣ی ئابدا بۆ ساڵیادی کۆمەڵکوژی گەلی ئێزدی ساڵی ٢٠١٤ سەردانی شەنگالیان کرد، لەکاتی گەڕانەوەیاندا لە ٥ی ئابدا لە بازگەی کەڵەک لە شاری هەولێر لەلایەن پەدەکەوە دەستگیردەکرێن، ماوەی ٢٣ ڕۆژە چارەنووسی ئەو سێ ئەندامەی ڕژاک نازانرێت، لەوبارەیەوە سیاسەتمەدارانی کۆبانی هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر پەدەکە خستەڕوو ئیدانەی ئەو کارەیان کرد.
"پەدەکە هەمان ڕێگەی سیاسەتی دەوڵەتی تورکیای گرتووە"
نەسرین یوسف، کارگێڕی مەکتەبی ڕێکخراوەیی پارتی یەکێتی دیموکراتی-پەیەدە، لەوبارەیەوە وتی: ئێمە سیاسەت و کردەوەکانی پەدەکە لە دژی ئەندامانی رژاک شەرمەزار دەکەین، ئەندامانی ڕژاک لە کاتی گەڕانەوەیان ئاسایشی پەدەکە بەبێ فەرمانی دەستگیرکردن، دەستبەسەریان کردوون، کاتێک ئەمە دەبینین هەمان ئەو کردەوانەمان دێتەوە یاد کە دەوڵەتی تورکیا لە باکوری کوردستان ئەنجامی دەدات، بەمەش ڕووندەبێتەوە کە بوونی دەوڵەتی تورکیا لە باشوری کوردستان کاریگەری لەسەر هەموو باشوری کوردستان کردووە، باشووری کوردستان کە بەشێکی سەربەخۆیە، بەڵام بەداخەوە پەدەکە ڕێگە بە دەوڵەتی تورکیا دەدات دەستکەوتەکەیان لەناو ببات.
"دەیانەوێت ڕێکخستنەکانی ژنان بێ هێز بکەن"
گوڵێ حەسەن، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی چەپ، سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی ئەندامانی ڕژاک ئاماژەی بەوەدا: زیاتر لە ٢٠ ڕۆژە ئەندامەکانی ڕژاک لەلایەن پەدەکەوە دەستگیرکراون، ئاسایش بێ هەبوونی بەڵگە و فەرمان ئەوانی دەستگیرکردووە و چاوپێکەوتی لەگەڵ پارێزەر و خێزاندا قەدەغە کردووە و نازانرێت لەسەرچی دەستگیرکراون، بۆیە ئێمە بانگ لە پەدەکە دەکەین کە هۆکارەکانمان بۆ بخاتەڕوو، ئەگەریش وەها بیردەکاتەوە کە بەم کردەوانە ڕێکخراوەکانی ژنان بێ هیوا دەکات، هەڵە دەکات، بەهەزاران ژن لەسەر هەمان ئامانجی ئەندامانی ڕژاک تێکۆشان دەکەن و بەردەوامن.
ت.پ