پەدەکە ڕێگە نادات ڕۆژنامەنووسان بگەڕێنەوە هەولێر
ئەو ڕۆژنامەنووسانەی دوێنێ ٩ی شوبات، بۆ ڕووماڵکردنی چالاکییەکانی مامۆستایان چوونە بازگەی دێگەلە، ئێستا ناتوانن بگەڕێنەوە هەولێر بەهۆی ڕێگرییەکانی پەدەکەوە لە گەڕانەوەیان.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2025/02/20250210-rrrrrr-jpg2b7aa2-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
فشارەکانی پەدەکە بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانان، مامۆستایان، فەرمانبەران و هاووڵاتییان لە باشووری کوردستان تادێت زیاتر دەبێت و لە ئێستادا رێگا نادات ڕۆژنامەنووسانی سنووری هەولێر بگەڕێنەوە شارەكەیان.
دوێنێ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە سلێمانی، هەڵەبجە، ڕاپەڕین و کۆیە بڕیاریاندا کە چالاکییەکەیان ببەنە ناو هەولێر، بەڵام ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی ڕوویان لە هەولێر کرد لەلایەن سەربازانی پەدەکەوە لە بازگەی دێگەڵە ڕێگرییان لێکرا.
پێشتریش زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسانی سلێمانی و هەولێر سەردانی بازگای دێگەڵەیان کردبوو بۆ ڕووماڵکردنی چالاکیی مامۆستایان، دوای ئەوەی پەدەکە ڕێگەی نەدا مامۆستایان بچنە هەولێر، زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسانی هەولێر کە هاتبوونە شوێنی چالاکوانان نەیانتوانی بچنە ناو هەولێرەوە.
بەپێی زانیارییەکان، لە ئێستادا زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسانی هەولێر لە سلێمانین و ناتوانن بگەڕێنەوە هەولێر.