“دەستگیرکردنەکانی ئەم دواییە لە ئێران ئاماژەن بۆ شەپۆلی نوێی فشار”
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان دەستگیرکردن و بانگهێشتکردنی ٧ ڕۆژنامەنوسی لە دوو هەفتەی ڕابردوودا پشتڕاستکردەوە و هۆشداریشیدا لە زیادبوونی دەستگیرکردنی ئارەزوومەندانە و دروستکردنی کەشوهەوای تۆقاندن.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2025/02/20250210-jpg093597-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەسەڵاتدارانی ئێران چەندین ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی ڕاگەیاندنیان بانگهێشتی داواکاری گشتیی ئێڤین کردووە، لە کاتێکدا تۆمەتی هەندێکیان ڕوون نییە.
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان بەیاننامەیەکی پشتڕاست کردەوە کە لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا ٧ ڕۆژنامەنووس لە ئێران دەستبەسەر و بانگهێشت کراون و سەرکوتکردنی بەردەوامی ئازادیی میدیایی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێران و فشارەکانی سەر ڕۆژنامەنووسان لەوان جیلا بەنی یەغوب، مریەم شوکرانی، ئالیا زادە و چەندانی دیکەی ئیدانە کرد.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا داواکراوە دەستبەجێ کۆتایی بە هەراسانکردن و تۆقاندن و گۆشەگیریکردنی ڕۆژنامەنووسان بهێنێت، بەتایبەتی دوای بانگهێشتکردنی چەند ڕۆژنامەنووسێک و هەروەها هەڵمەتە توندوتیژەکانی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵی ڕۆژنامەنووسان.
سکرتێری گشتیی فیدراسیۆنەکە هاوسۆزی تەواوی خۆی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسانی بانگهێشتکراوی ئێران دەربڕی و لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەکەین کە ڕێز لە ئازادی ڕۆژنامەگەری و پابەندبوونەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی بگرن، لەوانەش مافی ئازادی ڕادەربڕین و پاراستن لە دەستگیرکردنی ئارەزوومەندانە دەربڕین لە ئێراندا.
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان ڕێوشوێنی ئەم دواییەی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە گەڕان بە ماڵ و بانگهێشتکردنی ڕۆژنامەنووسان لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە ئامآاژەیەک بۆ شەپۆلی نوێی گوشار بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان، بە ئامانجی سەرکوتکردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی پێناسە کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان، لە مانگی کانوونی دووەمدا، هێزە ئەمنییەکانی ئێران هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ڕۆژنامەنووسان، لەوانە جیلا بەنی یەغوب، ڕۆژنامەنووس لە کۆمەڵەی ژنانی ئێران و پێجمان موسەوی، سەرنووسەری گۆڤاری ئەزمون و مرواری و دەستیان بەسەر بەشێک لە کەرەستە و کەلوپەلی کەسیی ئەواندا گرتووە.