نزیكەی ١٦ هەزار كەس لە كامپی هۆلەوە گەڕێندراونەتەوە عێراق
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، تاوەکو ئێستا نزیکەی ١٦ هەزار هاوڵاتیی عێراقی بە ٢٨ کاروان لە کامپی هۆلەوە گەڕێندراونەتەوە عێراق.

ناوەندی هەواڵ
كامپی هۆل دەكەوێتە باشووری شاری هۆل لە حەسەكەی ڕۆژئاوای كوردستان و لە نزیك سنووری عێراقە، كامپەكە ٣٠ هەزار عێراقی تێدایە، كە بەسەر زیاتر لە حەوت هەزار خێزاندا دابەشكراون، كە دەكاتە نیوەی كۆی دانیشتووانی كامپەكە.
وتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لەبارەی ژمارەی ئەو كەسانەی لە كامپی هۆلەوە گەڕێندراونەتەوە بۆ میدیا ناوخۆییەكان ڕایگەیاندووە، تاوەکو ئێستا نزیکەی ١٦ هەزار هاوڵاتیی عێراقی بە ٢٨ کاروان لە کامپی هۆلەوە گەڕێندراونەتەوە عێراق.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هێشتا نزیکەی ١٥ هەزار هاوڵاتیی دیکەی عێراقی لە کامپەکەدا ماون و بڕیارە بەم نزیکانە کاروانێکی دیکەیان بگەڕێندرێتەوە و پرۆسەی گەڕاندنەوەی ئەوانی دیکەش بەردەوام دەبێت.