هاوارێک لەبەردەم بێدەنگی؛ ژنانی بەلوچ لەسەر شەقام ناڕەزایەتی دەردەبڕن

لە چالاکییەکی دەگمەنی ناڕەزایەتیدا، ژنانی بەلوچ وەڵامی کوشتنی لالی بامرییان دایەوە کە لە هێرشێکی سەربازیدا بۆ سەر گوندی جونیچ کرایە ئامانج.

ناوەندی هەواڵ

 

لە دڵی ئێراندا ژنانی بەلوچ لە شەڕی ڕۆژانەدا بۆ کەرامەت و دادپەروەری ڕووبەڕووی ڕاستی پەراوێزخستن و توندوتیژیی پێکهاتەیی دەبنەوە، کارەساتی کوشتنی لالی بامری تەنیا لاپەڕەیەکی دیکە بوو لە مێژوویەکی دوور و درێژی ئازارەکان.

 

ڕۆژی ٤ی تەمووز شاری خاش لە ئێران دیمەنێکی نائاسایی بەخۆیەوە بینی، تێیدا ژنانی بەلوچ ڕژانە سەر شەقامەکان و دروشمیان دەوتەوە کە هەوای پڕکردبوو، ئەم دروشمانە تەنیا وشە نەبوون، بەڵکو دەنگدانەوەی ئازارێکی دوورودرێژ بوون کە لە کارەساتێکی ئەم دواییەدا بەرجەستە بوو: کوشتنی لالی بامری، کە بوو بە قوربانی هێرشێکی سەربازی کە ماڵێکی لە گوندی جونیچ کردە ئامانج.

 

لالی بامری کە بەرەبەیانی ڕۆژی ١ی تەمموز ڕاستەوخۆ گوللـە لە گورچیلەی درابوو، گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی ئیمام خومەینی لە شاری خاش و ماوەی سێ ڕۆژ لەنێوان ژیان و مردندا جەنگا، دواجار بە هۆی ئاڵۆزییەکانی برین و لەکارکەوتنی گورچیلەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

 

گیان لەدەستدانەکەی تەنها ژمارەیەکی نوێ نەبوو لە تۆماری قوربانیان، بوو بە پریشکێک بۆ ناڕەزایی ژنان کە ژنانی تووڕە ڕژانە سەر شەقامەکان لە ڕێپێوانێکی گەورەدا، بێدەنگ بوون لە هەنگاوەکانیان بەڵام بە دەنگی بەرز دروشمەکانیان بەرز دەکردەوە، لافیتەکانیان بەرز دەکردەوە کە لەسەری نووسرابوو "لالی کوژرا، خان بەیبی بەهەمان شێوە، بۆچی جیهان بێدەنگە؟"، دەیانوتەوە کە "مەرگ بۆ ڕژێمی بکوژ" و "لالی مەرگی تۆ لەبیر ناکرێت"،لەسەر دیواری فەرمانگەی پارێزگار نووسراوە کە بۆتە هێمای بەرخۆدان : "نابەخشین و لەبیری ناکەین".

 

ئەم ڕێپێوانەش تەنها بۆ لالی بامری نەبوو، بەڵکو بۆ خان بەیبی بامریش بوو کە لە هەمان هێرشدا کوژرا، لەگەڵ ١٠ ژنی دیکە کە بە پلەی جیاواز بریندار بوون، خۆپیشاندەران داوایان کرد ناسنامەی ئەو کەسانە ئاشکرا بکرێن کە هێرشەکەیان ئەنجامداوە، بە "خوێناوی" پێناسەیان کرد و دڵنیایان کردەوە کە پشتگوێخستنی ئەم تاوانانە و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەران دەبێتە هۆی قوڵکردنەوەی توڕەیی و بێ متمانەیی لەنێوان کۆمەڵگە و دەوڵەتدا.

 

سەرەڕای ئارامی ڕێپێوانەکە، ڕاستەوخۆ دوای کۆتاییهاتنی، ئامادەیییەکی ئاسایشی قورس لە شاری خاش بەدیکرا، هەروەها هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە کارمەندانی ئاسایشی بە جل و بەرگی ئاسایی لە نزیکەوە چاودێری قەرەباڵغییەکان دەکەن، بەڵام لە کاتی بڵاوکردنەوەکەدا هیچ پێکدادانێک نەبووە.

 

دەنگی خۆپیشاندەران نەک تەنها بۆ دەسەڵاتدارانی خۆجێی، بەڵکو بۆ هەموو جیهان بوو، کە بە وتەی ئەوان تاوانبارن بە بێدەنگییەکی شەرمەزارکەر بەرامبەر ئەوەی ئەوان بە "سەرکوتکردنی سیستماتیک" و ئەو توندوتیژییەی ڕووبەڕووی ژنانی بەلوچ دەبێتەوە، زۆرێک لە بەشداربووانی خۆپیشاندانەکان بێدەنگی بەرپرسانیان بە "هاوکاری" زانی و داوای دادپەروەری و لێپرسینەوە و پشتیوانیکردن لە خێزانی قوربانیان دەکەن.