ڕۆنووس هەڵوێستی خۆی دژی بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان خستەڕوو

ڕۆنووس لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، شەهیدکردنی ئەم دوو ڕۆژنامەنووسە، جارێکی دی سەلماندنی ئەو ڕاستیەیە، کە دەوڵەتی تورکیا دەست لە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و هێرش بۆ سەر دەزگا و تیمە میدیاییەکان ناپارێزێت

ناوەندی هەواڵ

 

فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ (ڕۆنووس) لە ڕاگەیەندراوێکدا بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان جیهان بیلگین و نازم داشتانی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند، شەهیدکردنی ئەم دوو ڕۆژنامەنووسە، جارێکی دی سەلماندنی ئەو ڕاستیەیە، کە دەوڵەتی تورکیا دەست لە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و هێرش بۆ سەر دەزگا و تیمە میدیاییەکان ناپارێزێت.

 

دەقی ڕاگەیەندراوی ڕۆنووس؛
  وێڕای بەردەوامی هێرش و پەلامارەکانی ڕابردوو، لەم چەند ڕۆژەی دواییدا، دەوڵەتی تورکیا، لە ڕۆژئاوای کوردستان لە سنوری کۆبانێ، لە پارێزگای دهۆک لە باشووری کوردستان، بەردەوامە لەسەر پێشێلکارییەکان و بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان و خەڵکی مەدەنی.


  بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی ئاژانسی هەواڵیی هاوار لە ڕۆژئاوای کوردستان، دوو ڕۆژنامەنووسی دەزگاکە بە ناوەکانی (جیهان بلنگین) و (نازم داشتان)، لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکی ڕۆژنامەوانیدا، کە ماوەی زیادتر لە ١٠ ڕۆژ لە سنوری کۆبانێ و بەنداوی تشرین، ڕووماڵی هێرش و دەستدرێژییەکانی تورکیایان دەکرد بۆ بەرچاوی ڕایگشتی و دونیا، بە هۆی هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەنکا شەهید بوون.


  شەهیدکردنی ئەم دوو ڕۆژنامەنووسە، جارێکی دی سەلماندنی ئەو ڕاستیەیە، کە دەوڵەتی تورکیا دەست لە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و هێرش بۆ سەر دەزگا و تیمە میدیاییەکان ناپارێزێت، بەڵکو وەک بەشێک لە سەنگەری شەڕی دژ بە ئەنکەرە سەیریان دەکات.


  ئێمە لە فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ (ڕۆنووس)، وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆمان، بە توندیش سەرکۆنەی ئەم هێرشە و تەواوی ئەو پەلامارانەش دەکەین، کە ئەنکەرە پێچەوانەی یاساکانی مافی پاراستی ڕۆژنامەنووسان و خەڵکی مەدەنی، دەیکاتە سەر خەڵکانێک کە پێویستە لە جەنگیشدا ژیانیان پارێزراو بێت، نەک بە مەبەست بە ئامانج بگیرێن.
 
  سڵاو و دروود بۆ گیانی شەهیدانی ڕۆژنامەنووس (جیهان بلنگین) و (نازم داشتان).