"ئاشتییەکی شکۆمەندانە بە ئیرادەی ژن دروست دەکرێت"
ژنانی ئامەد تیشکیان خستەسەر گرنگی خەباتی هاوبەش لە دژی ئەو چەتانەی هێرش دەکەنە سەر سووریا و ڕایانگەیاند، ئاشتییەکی شکۆمەندانە تەنها بە ئیرادەی ژنان دەتوانرێت بەدەست بهێنرێت.
ئامەد
ژنانی ئامەد هەڵوێستی خۆیان لە دژی هێرشی چەتەکانی هەتەشە و دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا خستەڕوو بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ڕایانگەیاند کە پێویستە خەبات بۆ ئاشتی لە دژی شەڕ بەگوڕ بکرێت.
بەهۆی ئەو هێرشانەی کە ماوەی چەند ڕۆژێکە لە سووریا بەردەوامە، سەدان هەزار کەس ئاوارە بوون و ژمارەیەکی زۆر لە ژنانیش لەلایەن چەتەکانەوە گیراون و دەستدرێژییان کراوەتە سەر و گیانیان لەدەستداوە، هێرش و هەڕەشە بەردەوامەکان ئاماژەن بۆ زیادبوونی تاوانەکانی جەنگ، ژنانی ئامەدیش لە بەرامبەر ئەم کردەوانەی چەتەکان ڕایانگەیاند، نابێت کەس بێدەنگ بێت و هەمووان کارێک بکەن بۆ دروستکردنی ئارامی لە ناوچەکەدا.
"دژی شەڕ پێداگریمان لەسەر ئاشتی بەردەوام دەبێت"
ئامینە کوتلای، ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی بسمیل، ئاماژەی بەوەدا، لە شەڕدا زۆرترین زیان بەر ژنان دەکەوێت، پێدەچێت شەڕی بەردەوامی سووریا بکاتە وڵاتانی دیکەش، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ژنان بە بێ ئیرادە دادەنێن.بەڵام ژنان خەباتێکی گەورە دەکەن و دەستکەوتەکانی ژنانیش بە هێرش دەکرێتە ئامانج.
ئامینە کوتلای باسی لەوەشکرد، پێویستە ژنان داوای ئاشتی بۆ ژیان و ئازادی بۆ هەموو جیهان بکەن، وتیشی: هەمیشە شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا هەبووە. لەو شەڕانەدا ژنان کۆمەڵکوژ کران و مافەکانیان پێشێل دەکرا، بەهۆی شەڕەکانەوە ژنان و منداڵان ناچارن لە دۆخێکی زۆر خراپدا بژین. سەرەڕای ئەم خراپەکاری و تاڵانکاریانە، ژنان ئەمڕۆ لە هەموو جیهاندا کار بۆ ئاشتی دەکەن. دەوڵەتانی ژێر دەسەڵاتی پیاوان هەمیشە بەرژەوەندییەکانی خۆیان دامەزراندووە و ژنان دەکەنە ئامانجی هێرشەکانیان.
"پێشێلکاری و تاوانەکان لەگەڵ شەڕدا زیاد دەکات"
فاتمە یەڵدزهان، ئەندامی ئەنجومەنی سێس، ڕایگەیاند، ساڵانێکە ژنانی سووریا لەپێناو ژیانی خۆیان دژی شەڕ خەبات دەکەن و وتی: لەسەدەی بیست و یەکەمدا هەموومان بینیمان کە ژنان لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێن و بوونەتە غەنیمەتی شەڕ، لەم سەردەمەدا کە بە سەردەمی جیهانی مۆدێرن ناودەبرێت، ژنانی ئێزدی وەک غەنیمەتی شەڕ دەفرۆشران، ئەو ڕووداوانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕوویانداوە، ئاماژەن بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەیەک کە تیایدا ناسنامەی ژن ناناسرێتەوە، هێرشەکان لە دژی ئیرادەی ژنانە و بەردەوامیش زیاد دەکات، خەباتێکی گەورەی ژنان لە ئێستاوە دژی ئەم سیاسەتانە بەڕێوەیە. ئەمڕۆ ژنانی کورد هەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەم لە جیهاندا پێشەنگایەتی ئەم خەباتە دەکەن.
بۆ ئاشتی دەبێت پێکەوە بین"
ئەسرا چیچەک مێرکان، ئەندامی دەستەی کارگێڕی کۆمەڵەی ژنانی ڕۆزا، ڕایگەیاند کە ئەوان داوای ئاشتییان کردووە لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی تەحریر شام، وتیشی: کۆمەڵەکەمان ئامادەکاری خۆی بۆ کۆبوونەوەی ژنان بۆ ئاشتی ڕاگەیاند. بە کاری ژنان دەگەینە ئەو شوێنەی کە دەمانەوێت. ئەو ئاشتییەی کە ژنان دروستی دەکەن بە کەرامەتە، بۆ ئاشتی پێویستە ئێمەی ژنان دەستی یەک بگرین و لە ڕێگەی یەکێتییەوە ئاشتی مسۆگەر بکەین.