نەتەوەیەکگرتووەکان: پێشێلکاری لە تورکیا بەردەوامە
لە دانیشتنی پێداچوونەوەی خولی جیهانی "UPR"ی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ "ÎHK"ی نەتەوەیەکگرتووەکان، ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا تاوتوێ کرا، دووپاتکرایەوە تورکیا لەڕووی مافەکانی مرۆڤەوە پاشەکشەی کردووە.

ناوەندی هەواڵ
لە دانیشتنی پێداچوونەوەی خولی جیهانی "UPR"ی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ "ÎHK"ی نەتەوەیەکگرتووەکان، ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا تاوتوێ کرا، ٤٩ـیەمین دانیشتنی گرووپی پێداچوونەوەی خولی جیهانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ٢٨ـی نیسان لە ئۆفیسی ژنێڤی سوویسرا دەستی پێ کرد و تا ٩ـی ئایار بەردەوام دەبێت، لە دانیشتنی ئەمڕۆدا ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا تاوتوێ کرا.
نوێنەری ١٩٣ وڵاتی ئەندامی نەتەوەیەکگرتووەکان بەشداری دانیشتنەکە بوون و پێشنیارییەکانی ساڵی ٢٠٢٠ بۆ تورکیا، هەڵسەنگاندنیان بۆ کرا.
نوێنەرانی وڵاتان کە لە دانیشتنەکاندا ڕایانگەیاند، کە تورکیا لە بواری مافەکانی مرۆڤدا زۆر پاشەکشەی کردووە، بەتایبەت نیگەرانییەکان سەبارەت بە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری خرانەڕوو، نوێنەران بە توندی ڕەخنەیان لە تورکیا گرت کە پێشنیارەکانی پێشووی جێبەجێ نەکردووە و یاساکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری هەمووار نەکردووەتەوە و ئەو یاسایانە بۆ سەرکوتکردنی ئۆپۆزیسیۆن بەکارهێناوە، نوێنەران داوایان کرد یاساکان بەگوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ هەمووار بکرێنەوە.
محەمەد کەمال بۆزای، جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا بانگەشەی ئەوەی کرد لە چەند ڕووییەکەوە، بەتایبەت لەڕووی دادوەرییەوە ڕیفۆرمی جددییان کردووە.
ڕاپۆرتی پسپۆڕانی کۆنسەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان لە دانیشتنەکەدا خرایەڕوو، زانیاری بەرفراوان دەربارەی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا خرایەڕوو، لە ڕاپۆرتەکەدا جەختکرایەوە، لەڕووی سەربەخۆی دادوەری و ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی گردبوونەوە و ڕێکخستن و هەلومەرجی زیندانەکان و تێکۆشان دژی جیاکاری، لە چەندین بواردا پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بەردەوامە.
لە ڕاپۆرتەکەدا بەبێ ناوهێنانی ڕێبەر ئاپۆ، باس لە هەلومەرجی گۆشەگیری کرا و ڕاگەیاندرا، هەبوونی گۆشەگیری درێژخایەن قبووڵ ناکرێت، دووپاتکرایەوە، لە تورکیا جیاکاری لەسەر بنەمای زمان و ئیتنیک و ئاین دژی کەمینەکان بەردەوامە، کۆمەڵگەکانی وەک کورد و عەلەوی و ڕۆمان بەزەحمەت دەستیان دەگات بە خزمەتگوزاری گشتی و پەروەردە و کار، دووپاتکرایەوە دەبێت ئەم جیاکارییە کۆتایی بێت، داوا لە دەوڵەتی تورک کرا کە یاسا کاریگەرییەکان دژی جیاکاری قبووڵ بکات، مافی کەمینەکان بپارێزێت و مافە کەلتوورییەنیان قەبوڵ بکات.
هەروەها جەختکرایەوە لەسەر پێشێلکردنی ماف و توندوتیژی دژی ژنان لە تورکیا، کە بەپێی پێویست لێکۆڵینەوە لەم پێشێلکردن و توندوتیژییانە ناکرێت، هەروەها ڕەخنە لە کشانەوە لە ڕێککەوتنی ئەستەنبوڵ گیرا و هەڵوەستە کرا لەسەر کەموکوڕییەکانی یاساکانی پاراستنی ژنان.
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا تیشک خرایەسەر پێشێلکردنی مافەکانی منداڵان و پەنابەران و ئاوارەکان، هەروەها ڕەفتارە نایاسایی و ناهەقییەکان لەڕووی کۆمەڵایەتی و کەلتووری و پەروەردەوە.
ڕاپۆرتەکەی گرووپی پێداچوونەوەی خولی جیهانی "UPR"ی ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ "ÎHK"ی نەتەوەیەکگرتووەکان دەربارەی تورکیا، لە چەند ڕۆژی ئایندە بڵاودەکرێتەوە.