نەتەوە یەکگرتووەکان: لە هەر ١٠ خولەکێکدا ژنێک لە جیهاندا دەکوژرێت

نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویکردەوە، لەسەر ئاستی جیهان لە هەر ١٠ خولەکێکدا ژنێک دەکوژرێت، ژنان تەنها بە ڕێژەی ٦٤٪ لەو مافە یاساییانە بەهرەمەندن کە بۆ پیاوان فەراهەم کراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

پرۆگرامی ژنان لە نەتەوە یکگرتووەکان "UN Women" ڕاپۆرتێکی دەربارەی توندوتیژییەکانی دژی ژنان لە ناوچە پڕ ململانێکان بۆ مانگی نیسانی ٢٠٢٦ بڵاوکردەوە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: لە ناوچە پڕ ململانێکان زۆرترین ڕێژەی پێشێلکارییەکانی دژ بە ژنان تۆمار کراوە، لە سوودان، لەگەڵ چوونە ناو ساڵی چوارەمی جەنگ، ژنان ڕووبەڕووی کوشتن، ڕفاندن و توندوتیژی سێکسی سیستماتیک بوونەتەوە، هاوکات لە فەڵەستین، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و ئاوارەبوونی بەکۆمەڵ بووەتە هۆی زیادبوونی بێ وێنەی قوربانیانی ژن و کچ، لە سووریا و یەمەن، بە ئامانجگرتنی دامەزراوە تەندرووستییەکان کاریگەریی وێرانکەری لەسەر ژیانی ژنان جێهێشتووە.


تیشكی خستووەتە سەر دۆخی ئەفغانستان، کە تێیدا مافە سەرەتاییەکانی وەک خوێندن، کارکردن و ئازادی هاتوچۆ لە ژنان زەوتکراوە.

 

هەروەها لەسەر ئاستی جیهانیش، داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەریدەخەن، کە ژنان تەنها بە ڕێژەی ٦٤٪ لەو مافە یاساییانە بەهرەمەندن کە بۆ پیاوان فەراهەم کراوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ناڕێکییەکی گەورە لە سیستمە یاساییەکاندا.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، جگە لە توندوتیژی جەستەیی، “توندوتیژی ئۆنلاین” وەک هەڕەشەیەکی نوێ سەریهەڵداوە و ژمارەیەکی زۆر لە ژنان ڕووبەڕووی هەڕەشە و ئازاردانی ئەلیکترۆنی بوونەتەوە.

 

ئەوەشخراوەتەڕوو کە لەسەر ئاستی جیهان، لە هەر ١٠ خولەکێکدا ژنێک دەکوژرێت، ئەمەش نیشاندەری قەیرانێکی مرۆیی قووڵە.هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکان جەختیان کردوەتەوە لەسەر، بەهێزکردنی پاراستنی یاسایی و لێپرسینەوە لە تاوانبارا، چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی جێندەری لە ناوچە جێناکۆکەکان و داڕشتنی یاسای نوێ بۆ پاراستنی ژنان لە هەڕەشە ئۆنلاینەکان.