١٥ سەندیکا بۆ مافی هیوا و ئازادیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بانگەوازییان کرد

لە ئیسپانیا و هەرێمی باسک ١٥ سەندیکا بۆ “مافی هیوا” و ڕێگەخۆشکردن لە بەردەم پڕۆسەی دیالۆگ، بانگەوازییان لە ئەنجوومەنی ئەورووپا کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

١٥ سەندیکا، بۆ ڕێگەخۆشکردن لە بەردەم بەشداربوونی ڕێبەر ئاپۆ لە پڕۆسەی ئاشتی بانگەوازییان کرد و ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی ئەو شەڕەوە کە ئێرانیشی تێدایە بە قەیرانێکی نوێدا تێدەپەڕێت، ئەوەش هاتووە کە تورکیا ئەو وڵاتەیە کە ڕاستەوخۆ بەشداری شەڕەکەی نەکردووە، ئەم دۆخە پەیوەندی بە مامەڵەی ڕێبەر ئاپۆوە هەیە کە سەبارەت بە ناوچەکە برەو بە “دیالۆگ و لێکتێگەیشتن” دەدات.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، لە بەرانبەر ڕووداوەکانی سووریا، ڕێبەر ئاپۆ دیدگایەکی بۆ کەمکردنەوەی گرژی و درێژەدان بە دانوستانە سیاسییەکان خستە ڕوو. باس لەوەش کراوە، هەلومەرجەکانی گرتووخانەی ئیمراڵی دەبنە ئاستەنگ لە بەردەم بەجێهێنانی ڕۆڵی چالاکی ئەو.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا سەردانەکەی کۆمیسیۆنی دیموکراسی، خوشک-برایەتی و یەکگرتنی نەتەوەیی بۆ ئیمراڵی لە ساڵی ٢٠٢٥ـدا، وەکو “هەنگاوێکی گرنگ” پێناسەکرا و ڕاگەیاندرا، کە لە هەلومەرجەکانی زینداندا گۆڕانکارییەکی بەرچاو ڕووینەداوە.

 

هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا بەبیرهێندرایەوە، ڕاپۆرتەکەی کۆمیسیۆن کە لە شوباتی ٢٠٢٦ـدا بڵاوکرایەوە، ئاماژە بە پێویستیی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا و دادگای دەستوور دەکات.

 

دەقی ڕاگەیاندراوەکە بەم شێوەیەیە:

“لە شوباتی ٢٠٢٦ـدا ڕاپۆرتی کۆتایی کۆمیسیۆن بڵاوکرایەوە، لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کرا کە پێویستە بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا و دادگای دەستووری تورکیا جێبەجێ بکرێن و پێشنیار کرا کە میکانیزمە هەنووکەییەکان بەهێز بکرێن، بەڵام چوارچێوەی تێکۆشان دژی تیرۆر هێشتا بەکاردەهێنرێت و ئەمەش دەبێتە ئاستەنگ لە بەردەم دیالۆگێکی ڕاستەقینە و لێکتێگەیشتنێکی هەمیشەیی.

 

 ڕاپۆرتەکە ڕایدەگەیەنێت، کە حکومەتی تورک پێشنیارەکەی ئەیلوولی ڕابردووی کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەورووپای یاداشت کردووە، بەڵام هیچ هەنگاوێکی بەرچاوی بۆ جێبەجێکردنی نەناوە.

 

سەرباری ئەو تەنگوچەڵەمە گەورانەی کە بەهۆی دۆخی ئێستای هەرێمەکەوە هەن، بەڕێز ئۆجالان پێداگریی خۆی بۆ گۆڕینی ڕاگەیاندراوەکانی بۆ هەنگاوی کۆنکرێتی بە شێوەیەکی یەکگرتوو نیشان داوە.

 

 دوای بانگەوازەکەی ئەو، پەکەکە ڕایگەیاند، کۆتایی بە ستراتیژی تێکۆشانی چەکداری هێناوە و وەک ڕێکخراوێک کۆتایی بەوکارانە هێناوە کە لە ژێر ناویدا دەکرێن. لەم چوارچێوەیەدا، ساڵی ڕابردوو ٨٨ براوەی خەڵاتی نۆبڵ و سەدان دامەزراوە و کەسایەتی پشتیوانیی خۆیان بۆ هەوڵەکانی بەڕێز ئۆجالان لە پێناو پێکەوە ژیان دەربڕی، لە ساڵیادی بانگەوازەکەی ٢٠٢٥دا، بەڕێز ئۆجالان ڕاگەیاندراوێکی نوێی بڵاوکردەوە و تێیدا دووبارە جەختی لەسەر دڵسۆزیی خۆی بۆ ئاشتی و دیموکراتیزەکردنی کۆماری تورکیا کردەوە.

 

بەو تێڕوانینەوە، بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی ساڵی ٢٠١٤ـی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا  سەبارەت بە ئۆجالان و ناساندنی ‘مافی هیوا، بانگەواز لە کۆمیتەی وەزیرانی کۆنسەی ئەورووپا دەکەین، بۆ ئەوەی پێگەی یاسایی بەڕێز ئۆجالان هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت و بتوانێت بەتەواوی بەشداری لە پڕۆسەی ئاشتیدا بکات، ئەمە هەنگاوێکی سەرەتایی و ژیانییە.

لەبەر ئەمەش، داوا دەکەین کە عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت و بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی هیچ ڕێگرییەک ببێتەوە، دەرفەتێکی تەواوی پێ بدرێت تا بتوانێت بەشداری لە پڕۆسەی ئاشتیدا بکات.

 

ئەو سەندیکایانەی بانگەوازەکەیان کردووە:

بە ناوی سکرتارییەتی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی کۆنفیدراسیۆنی گشتیی کاری ئیسپانیا (CGT) دەیڤید بلانکۆ.

سکرتێری گشتیی CGT لە بورگۆس نێستۆر سێریزۆ مۆرکیلاس

یەکەی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی کۆنفیدراسیۆنی ئینتەرسێندیکال (Confederación Intersindical).

کۆنفیدراسیۆنی ئینتەرسێندیکالی گالیسیا (CIG).

​ڕێکخراوی سەندیکای کرێکارانی ئاراگۆن (OSTA).

سەندیکای هاوپشتیی کرێکاران (Solidaridad Obrera).

سکرتێری گشتیی سەندیکای (ELA)ـی وڵاتی باسک میتشێل لاکونتزا.

سکرتێری پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی (LAB)ـی وڵاتی باسک کۆڵدۆ ساینز دی بێنیتۆ.

ڕێکخەری سەندیکای (ESK)ـی وڵاتی باسک​ ​پاتکسی نیکۆڵاو.

سکرتێری گشتیی “La Intersindical” لە کەتەلۆنیا سێرجی پێرێلۆ.

کەتەلۆنیا IAC (ئینتەرسێندیکالی جێگرەوە لە کەتەلۆنیا).

وتەبێژی “Intersindical Valenciana” لە ڤالێنسیا بیاتریو کاردۆنا ئای پراتس.

سەرۆکی “Intersindical Solidària” لە ڤالێنسیا ڤیسێنت ماوری خێنۆڤیس.

سکرتێری گشتیی سەندیکای کرێکارانی ئەندەلوس (SAT) ئۆسکار ڕێینا گۆمێز.

​ سکرتێری نێونەتەوەیی تەڤگەری کرێکارانی دوورگەکانی کەناری (MTC) لوسی ڕۆدریگێز.