"نەبوونی سیستمێکی تۆکمەی مەدەنی شارستانی و دیموکراسی توندوتیژییەکانی سەر ژنان زیاتر دەکات"

لە کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری ژنانی چوار پارچەی کوردستان کە لە شاری سلێمانی ئەنجامدرا، دۆخی ژنان لە ناوچە جیاجیاکاندا خرایەڕوو هەروەها هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگەچارەسەری درا بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژییەکانی سەر ژنان.

شنیار بایز

سلێمانی- دوێنێ ١٢ی ئادار لە شاری سلێمانی بە پێشەنگایەتی یەکێتی ژنانی کوردستان و کۆمسیۆنی ژنانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە باشور، بە دروشمی "فێمیساید ڕاگرن" ڕاوێژێک بۆ ژنانی چوار پارچەی کوردستان ڕێکخرا کە تێیدا ڕەوشی ژنانیان تاوتوێ کرد.

 

کنێر عەبدوڵا، نووسەر و یەکێک لە ئەندامانی ڕێکخەری کۆبوونەوەی ڕاوێژی ژنانی چوار پارچەی کوردستان، گرنگی کۆبوونەوەکەی بۆ نوژنها خستەڕوو وتی: "بە هۆی دەسەڵاتی داگیرکاری، سیستمی خۆسەپێن و ڕژێمی خۆسەپێنەوە ژنان لە سەرتاسەری بەشەکانی کوردستان و جیهان بە شێوەیەکی گشتی ڕووبەڕووی چەندین کێشە و توندوتیژی جۆراو جۆر دەبنەوە، ئەم توندوتیژییانەش لە هەر ناوچە و کۆمەڵگایەکدا جیاوازە و گۆڕانکاری بەسەردا دێت، بۆیە بە پێویستمان زانی وەک ژنانی یەکێتی ژنانی کوردستان و کۆمسیۆنی ژنانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان کۆبونەوەیەکی ڕاوێژکاری ئەنجام بدەین بۆ ئەوەی ژنان لە هەموو پارچەکانی کوردستان یەک بخەین، لە نێویاندا ژنانی ئێزیدی و شەنگال، هەوڵ بدەین فکری ئازادی ژن لە بیربۆچوونە جیاوازەکانی ژنانەوە وەربگرین".

 

ئاماژەی بەوەشکرد کە هەوڵ بدەن کێشەکان لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بخەنەڕوو هەوڵی ڕێگە چارەسەرییان بۆ بدەن، چونکە هەوڵدان بۆ کپکردنی دەنگی ژنان بە تەنها لەبەر ئەوەی ژنە لە هەموو ناوچەکانی کوردستاندا دەکرێت و ڕۆژانە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە.

 

کنێر عەبدوڵا ئەوەشی خستەڕوو کە ئەم هەوڵ و دەرەنجامانە هەنگاوی سەرەتایەکی نوێ دەبێت بۆ ئەوەی لە ئاستێکی فراوانتردا کار لەسەر کوشتنی ژنان و توندوتیژی دژ بە ژنان بکرێت.

ئەوەشی ڕوونکردەوە کە هەرچەند ڕێکخراوەکانی ژنان لە هەوڵی چارەسەرییەکانی کێشەکانی ژناندان بەڵام بە پلان هەوڵی ناشرینکردنی ڕێکخراوەکانی ژنان دەدرێت، لە کاتێکدا ڕێکخراوەکانی ژنان بە پێی ئەرکەکانیان فشاریان خستووەتە سەر دەسەڵات هەروەها هەوڵی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری داوە لەناو خێزاندا.

 

لە کۆتاییدا وتی: "لە دەسەڵاتی حکومەت و پەرلەماندایە کە ئاستی ژنان دیاری بکات لەناو حکومەت و ناوەندی بڕیارداندا بۆ ئەوەی ژنان بچنە ڕیزی بڕیاردەران، بەڵا بەهۆی ناسەروەری یاسا و ئەقڵیەتی پیاوسالارییەوە، هەروەها نەبوونی سیستمێکی تۆکمەی مەدەنی شارستانی و دیموکراسی تا دێت کەمتەرخەمییەکان زیاتر دەکات و توندوتیژییەکانی سەر ژنان زیاتر دەبێت".