ئەنجامنامەی کۆتایی کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری ژنانی چوار پارچە بڵاوکرایەوە

ئەنجامنامەی کۆتایی کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری ژنانی چوار پارچە بڵاوکرایەوە و لە ١١ خاڵدا ئاماژەیان بە کاری هاوبەش و ڕێکخراوەیی کرا تا بتوانن لە چوار پارچەی کوردستان کۆمەڵکوژی ژنان کۆتایی پێبهێنن.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ لە هۆڵی تەوار لە شاری سلێمانی بە پێشەنگایەتی یەکێتی ژنانی کوردستان و کۆمسیۆنی ژنانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، بە دروشمی "فێمیساید ڕاگرن" ژنانی چوار پارچەی کوردستان کۆبوونەتەوە و ڕاوێژ و تاوتوێی ڕەوشی ژنان لە کوردستاندا بەڕێوەچوو.

 

کۆبوونەوەکە لە کاتژمێر ١٠ی پێش نیوەڕۆ بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی ژنانی کوژراو و تیرۆرکراو دەستیپێکرد و ژنان پێکەوە دروشمی "فێمیساید ڕابگرن"یان وتەوە، دواتر لە دوو پانێڵدا پێنج بابەت لەبارەی توندوتیژی و گرتنی ژنان بەهۆی دەسەڵاتی سیاسییەوە، ڕۆڵی یاسا و کەلتوور لە ناسنامەی ژناندا و ڕەوشی ژنان لە ژێر فشارە سیاسییەکاندا، دۆخی ژنان لەژێر دەسەڵاتی داگیرکارییدا و دۆخی ژنانی ئێزدیی لەواقعی ئێستادا، پێشکەشکرا.

 

دواتر لە ١١ خاڵدا ئەنجامنامەی کۆتایی کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری ژنانی چوار پارچە بڵاوکرایەوە و بەم شێوەیە بوو:

١- پیویستە ژنانی كورد و كوردستان بە یەکگرتوویی و یەكگرتنی خۆیانەوە ئەو سنوورانە ببەزێنن كە لە بەردەمیان دانراون لە ەەموو بوارەكان .

٢- پیویستە ژنانی باشوور، رۆژئاوا، باكوور و رۆژهەڵاتی كوردستان خۆیان بە بەرپرسیار ببینن لە بەرامبەر یەكتر و لە رێگای سیاسی و كۆمەڵایەتیەوە پێداگری لە سەر دیالۆگی ناوخۆیی بكەن.

٣- خاوەندارێتی  ئەو ژنانەی كە ژیانیان دەكەوێتە مەترسییەوە بە هۆی توندوتیژییەکانەوە؛ ئەركێكی ئەخلاقی و ویژدانییە و پیویستی بە هەڵوێست وەرگرتن هەیە.

 

٤-  دەبێت ژنان دەنگ و فشار بن بۆ سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییە كوردییەكان، کە وەك ئیرادەیەكی سەربەخۆ بناسن ودەرفەت برەخسێنن بۆ بەشداری ژنان لە گفتوگۆ نەتەوەییەكان و هەموو بوارەكانی دیكە.

٥- پاراستنی ژنانی ئێزدی لە شەنگال ئەركی سەرەكی ژنانە بە ەۆی ئەوەی كە تا ئێستا برینی ژنانی ئێزدی سارێژ نەبووتەوە.

 

٦-ڕاوێژی ژنان بانگەوازی سەرجەم كورد و كوردستانیان دەكات وەكو ئەركێكی نەتەوەیی كار بكرێت بۆ ئازادكردنی ژنانی ئێزدی كە تا ئێستا بێسەروشوێنن.

٧- بۆ پاراستنی خاك ونیشتمان پیویستمان بە یەك هەڵوێستی هەیە. و پێش هەموو كەسێك پێویستە ژنان لە دەسكەوتەكانی گەلەكەمان بە خاوەن دەركەون.

 

٨- بانگەوازی  سەرجەم ژنانی جیهان و رێکخراوەكانی ژنان دەكەین لە بەرامبەر هێرشەكانی دەوڵەتانی داگیركەری كوردستان هەڵوێست دەربرن و پشتگیری لە خەبات و تێکۆشانی ژنانی كورد بكەن.

 

 ٩- بانگەوازی سەرجەم ژنانی هەر چواربەشی كوردستان و هەموو رێکخراوەكانی ژنان دەكەین بۆ دوزینەوەی میكانیزمێكی هاوبەش سەبارەت دەستەبەركردنی مافی یاسایی ژنانی كورد.

١٠- پێویستە کار بکرێت بۆ سازکردنی کۆنفرانسی نەتەوەیی ژنانی کوردستان .

١١- وەستاندنەوە دژ بە ناشرینکردنی کلتوری کوردی کە لەلایەن میدیا و کەسان و دەسەڵاتی نابەرپرسەوە کاری بۆ دەکرێت.

ت.پ