ناڕەزایەتی لە سەر دەستگیرکردنی ئارەزوومەندانە لە ئێران بەردەوامە
دەستگیرکردنی چەند چالاکوانێک لەوانە نێرگس محەمەدی خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ، ناڕەزایی چالاکوانانی مافی مرۆڤی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا لێکەوتەوە.
ناوەندی هەواڵ
هەزاران هاوڵاتیی کورد و چالاکوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕاگەیەندنراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و داوایان لە هەموو داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ کرد، کە بێدەنگ نەبن لە ئاست پێشێلکاری و دەستبەسەرکردنی ئارەزوومەندانە کە لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە بەرامبەر هاوڵاتیان ئەنجام دەدرێن.
ژمارەیەک چالاکوان لەوان نێرگس محەمەدی خاوەن خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەهۆی بەشداریکردن لە پرسەی پارێزەر خوسرەو عەلی کوردی کە لە هەلومەرجێکی نهێنیدا لە مەشهەد کۆچی دوایی کرد، دەستبەسەر کران، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە شوێن و بارودۆخی ئەو کەسانەی دەستگیرکراون لەبەردەستدا نییە.
لەو ڕاگەیەندراوەدا کە لە لایەن هەزاران هاوڵاتی کورد و چالاکوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە بڵاو کراوەتەوە، باس لە دەسبەسەرکردنی ڕژێمی ئێران کراوە و تیایدا ئاماژە بەوە کراوە، کە بەشداریی زۆری هاوڵاتیان و چالاکوانانی سەرتاسەری وڵات لە پرسەی خوسرەو عەلی کوردی بەڵگەی ڕوونی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی بەهێز لە دژی نادادپەروەری و ڕەتکردنەوەی بێدەنگی بووە.
دەستبەسەرکردنی هاوڵاتیان و چالاکوانانی بەشدار لە گردبوونەوەی ئاشتیانە بە پێشێلکردنی شکۆی مرۆڤایەتی ناساندووە، جەختیشی لەوە کردووەتەوە، کە ژمارەی دەستبەسەرکراوان لەو ئامارە زیاترە کە بە فەرمی ڕاگەیەندراوە و تا ئێستا دۆخی هەندێکیان ناڕوونە، جەختی لەسەر پێویستی بەپەلەی ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی سەرجەم چالاکوانانی دەستبەسەرکراو کردەوە.
داوا لە هەموو داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ کراوە لە ئاست پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە دژی هاوڵاتییان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بێدەنگ نەبن.