"ئێمە ٤ی نیسان لە ئامارا چاوەڕوانی هەزاران دەکەین"

فاتمە کۆرکماز، هاوسەرۆکی ناوچەی خەلفەتی هەدەپە ڕایگەیاند، هەموو ئامادەکارییەکان بۆ ڕێپێوان بەرەو  ئامارا بۆ ڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان تەواو بووە و داوای لە هاوڵاتیان کرد کە ڕوو لە ئامارا بکەن.

 

 

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

ڕەحا- ٤ی نیسان ڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەلایەن گەلی کوردو دۆستانیان لە چەندین وڵات بە چالاکی جۆراوجۆر پیرۆز دەکرێت، جاری یەکەمین لە ساڵی ٢٠٠٤ بە ڕێپێوان بۆ ئامارا دەستیپێکرد و سەرەڕای ئاستەنگی زۆر، هەموو ساڵێک ڕێپێوانەکە ڕێکدەخرێت، ئەمساڵیش رێپێوانێک بەرەو گوندی ئامارای سەر بە خەلفەتی ڕەحا بەڕێوەدەچێت، لەگوندی ئامارا کە چەند ڕۆژێکە بۆ پیرۆزبایی خەبات دەکرێت، گوندنشینان ئامادەکاری دەکەن بۆ پێشوازیکردن لە میوانەکان دەیان هەزار کەس لە چەندین شارەوە لە گوندەکە ئاهەنگ دەگێڕن، کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک "کەجەدە" پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان "دەبەپە"، تەڤگەری ژنانی ئازاد "تەژەئا"، پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە"، یەکگرتووانی (MED TUHAD FED) ئامادە دەبن، هەروەها لە چوارچێوەی ئاهەنگەکەدا دار دەچێندرێت و چەندین چالاکیش ڕێکدەخرێت.

 

"لە هیچ شوێنێکی جیهاندا گۆشەگیرییەکی لەو شێوەیە نییە"

سەبارەت بە ڕێپێوانەکە، فاتمە کۆرکماز، هاوسەرۆکی ناوچەی خەلفەتی هەدەپە تیشکی خستە سەر گۆشەگیری و وتی: ٧٤ەمین ساڵیادی لەدایکبوونی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان نزیک دەبێتەوە، بەڕێز ئۆجالان ماوەی ٢٤ ساڵە لەژێر گۆشەگیریدایە، دەوڵەت یاساکانی خۆی پێشێل دەکات، ماوەی دوو ساڵە هیچ چاوپێکەوتنێک لەگەڵ خێزان و پارێزەران نەکراوە بەڕاستی ئێمە بۆ ژیان و بارودۆخی لە بیرکرنەوەداین، لە هیچ شوێنێکی جیهان و لە هیچ یاسایەکی مرۆییدا گۆشەگیرییەکی وەها نییە.

 

"بە ئاستەنگییەکان ناتوانن ڕێگریمان لێبکەن"

فاتمە کۆرکماز ئاستەنگەکانی بەردەم ڕێپێوانەکەی لەم ساڵانەی دواییدا بەبیرهێنایەوەو ئاماژەی بەوەکرد کە دەکرێت ئەمساڵیش هەمان شت بکرێت بەڵام هەوڵدەدەن سەرەڕای ئاستەنگەکان ڕێپێوانەکە ڕێکبخەن و وتی: لە ساڵی ٢٠١٥ەوە تا ئێستا هەموو ساڵێک ڕێگری لە چالاکییەکە دەکەن، لە ساڵی ٢٠١٥دا هەزاران کەس هاتن بۆ ئامارا، دەوڵەت بەنزیکەیی هەموو هێزەکانی ڕەوانەی خەلفەتی دەکات بۆ ڕێگریکردن لەڕێپێوانەکەی ئامارا هەموو شتێک دەکات بۆ ئەوەی خەڵک نەیەت، ئێمە لەم خاکەدا ئاشتیمان دەوێت و بە پەرۆشییەوە ٤ی نیسان پیرۆز دەکەین.

 

"ئێمە چاوەڕێی گەلەکەمان دەکەین"

فاتمە کۆرکماز داوای لە خەڵک کرد بۆ ڕێپێوان و ئاهەنگی ٤ی نیسان ڕوو لە ئامارا بکەن و وتی: دەمانەوێت بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بەم زووانە لەگەڵمان بێت، ئێمە ئەمساڵیش بە جۆشێکی زۆرەوە ئەم ڕۆژە پیرۆز دەکەین، چاوەرێی گەلی خۆمان دەکەین لە ئامارا، بە هاتنی بەهار هەموو شوێنێک بە گوڵ ڕازێندرایەوە با پێکەوە هەست بەم پەرۆشییە بکەین، ئێمە هەموو ئامادەکاریەکانمان کردووە، دەرگامان بەڕووی خەڵکدا کراوەتەوە.