سەرچنار ئەحمەد: پەرلەمانی هەرێمی کوردستان نەیتوانی خزمەتی هەڵەبجە بکات

ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دەکات، سەرچنار ئەحمەد پەرلەمانتاری دەستلەکارکیشاوەی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، پەرلەمانی هەرێمی كوردستان نەیتوانی كەمترین خزمەتی هەڵەبجە بكات.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ١٣ی ئاداری ٢٠٢٣، پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی پەسەند کرد و ڕەوانەی پەرلەمانی عێراقی کرد، بەگوێرەی کارنامەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ ٢ی نیسان خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دەکرێت.


سەبارەت بەو بابەتە سەرچنار ئەحمەد، کە دوای تەواوبوونی وادەی خولی پەرلەمان دەستی لە ئەندامێتی پەرلەمانی هەرێم کێشایەوە، لە هەژماری خۆی لە فەیسبوک نووسیویەتی: ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دەکات، بەڵام پەرلەمانی هەرێمی کوردستان نەیتوانی کەمترین خزمەت بە هەڵەبجە بکات، لە ڕێی دەرچوواندنی یاسایەک بۆ منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە، بەداخەوە پێشنیازە یاسای منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە بە بیانووی بارگرانی دارایی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە ڕەدکرایەوە و سەرۆکایەتی پەرلەمانیش هیچ هەڵوێستێکی لەسەر ڕەدکردنەوەکە نەبوو.

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەپێی ئامارەکان ٢١١ منداڵی ونبووی هەڵەبجە هەیە و دوای ٣٥ ساڵ لە کیمیابارانکردنی شارەکە تا ئێستا ١٩ منداڵ دۆزراونەتەوە، کە ئەویش خۆیان هەوڵیانداوە کەسوکارەکانیان بدۆزنەوە، نەک حکومەتی هەرێم کە کەمتەرخەم بووە بەرامبەر بە هەڵەبجە.

 

لە کۆتایی نووسینەکەیدا سەرچنار ئەحمەد هیوادارە پڕۆژەیاساکەی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ببێتە یاسا و هەڵەبجەش وەک ١٩یەمین پارێزگای عێراق مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و گرفتە کەڵەکەبووەکانی چارەسەر بکرێت.