مامۆستایەک لە باکوری کوردستان: قڕکردنی سپی لەسەر زمانی کوردی هەیە
زمانی کوردی یەکێکە لە زمانە ڕەسەنەکانی میزۆپۆتامیا، سەر بە هیچ زمانێکی دیکە نییە، بەڵام ئێستا دەوڵەتان هەوڵی تواندنەوەی زمانەکە دەدەن، مامۆستایەکیش لەباکوری کوردستان ئاماژە بەوەدەکات کە "قڕکردنی سپی" لەسەر زمانی کوردی هەیە.
تەرزە تەها
سلێمانی- لە ساڵی ١٩٩٩ لەلایەن ڕێکخراوی یونسکۆ ٢١ی شوباتی هەموو ساڵێک لە جیهاندا بە ڕۆژی جیهانی زمانی دایک دانراوە، ئێستا لە جیهاندا زیاتر لە شەش هەزار و ٥٠٠ زمان بوونیان هەیە.
زمانی کوردی، یەکێکە لە زمانە سەربەخۆکان کە سەر بە هیچ زمانێکی دیکە نییە، بە یەکێک لە لقەکانی زمانی هیندۆئەوروپییەکان دادەنرێت، لە شێوەزار پێکهاتووە، "کرمانجی، سۆرانی، گۆرانی، لوڕی" کە هەریەک لەو شێوەزارانەش بەپێی ناوچە جیاوازەکان بەکاردەهێندرێت.
لە باکور و ڕۆژئاوای کوردستان کرمانجی بەکاردەهێندرێت، لە باشور لە ناوچەکانی سلێمانی، گەرمیان، هەولێر و بەشێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سۆرانی بەکاردەهێندرێت، لە بەشێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش شێوەزاری کەلهوڕی بەکاردەهێندرێت، شێوەزاری گۆرانیش "هەورامی و زازاکی" دەگرێتەوە.
فشارەکان بۆ تواندنەوەی زمانی کوردی
لە باشوری کوردستان، پاش دروستبوونی هەرێمی کوردستان زمانی فەرمی بووەتە کوردی، هاوکات لە دەوڵەتی عێراقیشدا هاوشێوەی زمانی عەرەبی بە زمانی فەرمی دەوڵەت دانیپێدانراوە.
لە ڕۆژئاوای کوردستان، تا پێش شۆڕشی ڕۆژئاوا بەکارهێنانی زمانی کوردی بە هەموو شێوەیەک قەدەغەبوو، کوردەکان هیچ مافێکیان لە ڕژێمی سوریادا نەبووە، منداڵان تەنانەت نەیانتوانیوە بە زمانی کوردی بنوسن و بە باشی قسەبکەن، بەڵام دوای شۆڕشی ڕۆژئاوا ئێستا کوردەکان دەتوانن بۆ خوێندن و نوسین زمانی کوردی بەکاربهێنن، ڕاگەیاندنەکانیش بە زمانی کوردی پەیامەکانیان دەگەیەنن.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەرچەندە لە دەستوری وڵاتی ئێراندا ڕێگادراوە بە بەکارهێنانی زمانی کوردی لە ڕاگەیاندندا، بەڵام نوسین و خوێندن بە زمانی کوردی قەدەغەیە، نمونەی زارا مەحەمەدی هەیە کە مامۆستایەو بەهۆی ئەوەی منداڵە کوردەکانی فێری نوسین و خوێندنەوەی زمانی کوردی کردووە، لە ٨ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ بە سزای پێنج ساڵ زیندانی کردن خرایە زیندانەوە.
لەم پارچانەی کورستان ئەگەر تەنها یەک هەناسە بۆ بەکارهێنانی زمانی کوردی هەبێت و ئەو دەوڵەتانەی کە کوردستانیان دابەشکردووە ڕێگا بە بەکارهێنانی زمانی کوردی بدەن، ئەوا لە تورکیادا بۆ کوردانی باکوری کوردستان دۆخەکە زۆر سەختترە.
لە تورکیا دەیان جۆر نەتەوەی جیاواز دەژین، زیاتر لە ٣٠ زمانی دیکە جگە لە زمانی تورکی هەیە، کە دیارترینیان زمانی کوردیە، بەڵام تا ئێستاش لە دەستوری ئەو وڵاتەدا جەخت لەسەر یەک نەتەوە و یەک زمان دەکرێتەوە، بەمەش کوردەکان هیچ مافێکیان بۆ بەکارهێنانی زمانی کوردی نییە، مامۆستایەکی باکوری کوردستانیش ئەوە بە "قڕکردنی سپی بۆ سەر زمانی کوردی" پەسن دەکات.
دیلان شاوێش ئۆغلۆ، مامۆستای زمانی کوردیە لە شاری ئامەدی باکوری کوردستان، باس لەوەدەکات، لە ماوەی ساڵانی ئاگربەست و ئاشتی لەنێوان پارتە کوردییەکان و حکومەتی تورکیادا لە ساڵانی ٢٠١٦ بۆ ٢٠١٨ زمانی کوردی زیاتر گرنگی پێدەدرا، بەڵام ئێستا بە تەواوی هەوڵی تواندنەوەی زمانەکە دەدرێت، هیچ کەس مافی نیە لە خوێندنگەکاندا فێری نوسین و خوێندنەوەی کوردی ببێت.
وەک ئەو مامۆستایە باسی دەکات، لەبەر ئەوەی زمانی کوردی لە باکوری کوردستان زمانی فەرمی نییە، خوێندن و نوسین بە کوردی قەدەغەیە، لەبەر ئەوە ناتواندرێت بە ئاسانی ڕێگە لەو تواندنەوەی زمانە بگیرێت، بەو هۆیەوە ئێستا لە باکوری کوردستان زمانی کوردی لاوازکراوە.
ئەوەشدەخاتەڕوو، کە بەشێک لە دایک وباوکەکان لەبەر ئەوەی لەژێر کاریگەری هەژموونی تورکیادان منداڵەکانیان فێری زمانی تورکی دەکەن، ئەوەشی بە "قڕکردنی سپی" ناوزەند کرد، منداڵەکان ئێستا بەشێکیان ناتوانن بە کوردی قسەبکەن و خەریکە زمانی کوردی تیایاندا دەتوێتەوە.
لە کۆتایشدا داوادەکات، کە ناوەندەکانی پەرەپێدانی زمانی کوردی لە هەر چوار پارچەی کوردستان یەکبگرن و هەوڵ بۆ مانەوە و بەهێزکردنی زمانەکە بدەن، ئەگەرنا زمانەکە لە باکوری کوردستان بەتەواوی بەرەو قڕکردنی سپی دەچێت و ئیتر نەوەیەک پەروەردە دەبێت کە ناتوانن بە کوردی قسەبکەن.