مامۆستا ڕێزان بەشێوازێکی زۆر جیاواز منداڵان فێری پیتی کوردی دەکات

لە شاری کۆیە لە خوێندنگەی ژین، مامۆستا ڕێزان چل ساڵە لەگەڵ خوێندکارانی پۆلی یەک وانە دەڵێتەوە، تا ئێستاش بەجۆش و خرۆش وانە دەڵێتەوەو لەگەڵ هەر پیتێکی نوێ چالاکییەکی کرداری پێشکەش دەکات، هەمیشە دەڵێت: منداڵەکان ئامانەتن لامان و لە ئەستۆی ئێمەن.

شیا کۆیی 

 

کۆیە-ڕێزان بەکر، مامۆستا لە قوتابخانەی ژینی بنەڕەتی کە یەکێکە لە مامۆستا بەتواناکانی ئەلف و بێی کوردی، بەهۆی شێوازە جوانەکەی بۆتە سەرنجی خەڵک و زۆر لە خوێندگەکان چاویان لەو کردووە و لێوەی فێردەبن،٤٠ ساڵە وانەدەڵێتەوە بەڵام هەرگیز هەست بەماندوو بوون ناکات لەگەڵ منداڵەکان، قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی: سەرەتا دڵیان داگیردەکەم پاشان پیتەکانیان فێردەکەم.

 

مامۆستاڕێزان وتی: جیهانی منداڵان جیاوازەو پۆلی یەک سەرەتای دەستپێکی فێربوونە گەر وانەکەت بەرجەستەکردو ڕازاندتەوەو بەکرداری بوو منداڵەکان زووتر فێردەبن، بۆیە منیش هەوڵمداوە بەم شێوەیەبێت کە منداڵەکان وانەکانیان بیرنەچێتەوە، من لەسەرەتای ساڵی نەوەتەکانەوە بەم شێوازە وانەکان دەڵێمەوە، ووردە ووردە زیاتر پەرەم بە جۆری فێرکردن دا تا بچمە ناخی منداڵەکان، دڵیان داگیردەکەم بەخۆشەویستی بە پێشکەشکردنی دیاری و هێنانی هەندێک شت کە حەزیان لێیەتی، و ڕازاندنەوەی بابەتەکە بەهێنانی خواردن و ئەوشتانەی بگونجێت تا لێرە دوو ئامانج بپێکین یەک فێربوونی پیتەکە بە ئاسانی دوو گرنگی خۆراکەکانیان بۆ ڕون بکەینەوە، منداڵی واهەبووە دایکی وتویەتی قەت پەنیری نەخواردووە یان هەنگوینی نەخواردووە کە من لە فێربوونی پیتی ن نانی بەیانیم هێنا هەموو خواردیان.  

 

"وانەی کوردی گرنگە و زمانی دایکە دەبێت زۆر بەباشی فێری ببن"  

 ڕێزان بەکر جەختی لەوەش کردەوە کە وانەی کوردی گرنگە و زمانی دایکە دەبێت زۆر بەباشی فێری ببن، هەندێک لە دایکان شانازی بەوە دەکەن کە منداڵەکانیان فێری ئینگلێزی دەبن و دەینێرنە خوێدننگە ئەهلیەکان، نازانن کە ئەوە کاردانەوەی خراپی دەبێت لەسەرزمانی دایک. نابێت مامۆستا پابەند بێت بە پەرتوکەکەوە، نابێت تەنیا پشت بە پەرتوکەکەوە ببەستی، دەبێت خۆی مامۆستا بابەتەکە بڕازێنەوە بەشێوازی نوێ و هۆکارەکانی فێربوون بدۆزێتەوە، زۆر جار مامۆستایان ڕەخنە لە الفوبێی کوردی دەگرن کە گۆڕا بەڵام من دەڵێم فێربون لەسەر کتێب نیە دەبێ خۆت شێوازە ڕاستەکە بدۆزیەوە، وتی: بیرم کردەوە پیتی ب ناوی کەبابی تێدایەو منیش بۆ ئەو ڕۆژە کەبابم هێنا بۆیان، میوانێکیش هات زۆر سەرسام بوو وتی حەزدەکەم لەو وانەیە نەچمە دەرێ،  زۆر جار لەسەر ئەرکی دایک و باوکەکانە هاوکارمانن، هەندێک جار لەسەر ئەرکی خۆمانە یان کارگێڕی خوێدننگە،  مامۆستاکانمان و خوێندنگەکەمان لە ئانستێکی زۆر باشداین، ڕاستە ئێمە چوار مامۆستای ئەلف و بێی کوردین بناغەین ئەوانی دیکەش کارامان و لەدەرەوەی خوێندنگەکەمان کاتێک دەردەچن زوو دەناسرێنەوە کە خوێدنکارانمان چەند لێهاتوون لەنووسین و ئیملاو خوێندنەوە، و کە ئێمەش بەرهەمی خۆمان دەبینین خۆشحاڵ دەبین. 

 

مامۆستا ڕێزان وتی: چالاکیەکانم لە تیک تۆک و فەیسبوک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەکەمەوە، زۆر کۆمێنتی وزەبەخشم بۆ دێت، زۆر جار دەڵێن جێی داخە خانەنشین بیت، یان وەزیری تاک دەکەن دەڵێن ئەوە مامۆستای نموونەیە،  زۆر لە مامۆستایان شوێنی منیان گرتووە، ئەوانەی کۆمێنت دەنووسن هەرنایان ناسم هەیە لەدەرەوەی وڵاتە هی شارەکانی دیکە دەڵێن تخوا بەردەوام بە لە بڵاوکردنەوەی تا ئێمەش لێوەی فێربین و سودی لێ ببینین، ئەوەش شانازیە بۆخۆم و شارەکەم و قوتابخانەکەم. 

 

"بابەت نا پەروەردە گرنگە"
لە کۆتایی قسەکانیدا دەربارەی ئەوەی کە ڕێزان بەکر کۆتا ساڵیەتی لەوانە وتنەوە خانەنشین دەبێت ئایا ئەوە بۆشایی درووست ناکات؟ وتی: ڕاستە من خانەنشین دەبم و بۆشاییەک  درووست دەبێت، بەڵام من کاتی خۆم تەواو بوو دەبێت خەڵکەکە بڕیار بدات، لەکۆتاییدا هیوادارم هەموو مامۆستایان تەنیا بایەخ بە پەرتوک نەدەن، چونکە بەلای من بابەت گرنگ نییە بەڵکو مامۆستای بابەت گرنگە، پەروەردە کرنگە چونکە ئەو منداڵانە منداڵی خۆمانن هی من بێت یان هی خوشک و برای کەسێکی دیکەیە یان هی شارێکی دیکەیە جیاوازی نیە گرنگ ئەوەیە لە ئەستۆی ئێمەن و بەرپرسین لێیان و دایکان بە ئەمانەتەوە هێناویانن و ڕادەستی ئێمەیان کردووە و منداڵەکانان هێناوەتە بەردەستمان دەبێت ئێمەش بە ئەمانەتەوە کاری خۆمان بکەین.