داکۆکیکارانی مافی ژنان لە مەغریب داوای یاسای یەکسانی بۆ پاراستنی ژنان لە توندوتیژی دەکەن
گفتوگۆیەک بە ناونیشانی "یاسادانان بۆ مسۆگەرکردنی یەکسانی: بناغەیەک بۆ پاراستنی ژنان لە توندوتیژی" لە مەغریب بەڕێوەچوو، بەشداربووانیش داوای هاوتەریبکردنی یاسا نیشتمانییەکانی مەغریبان لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکان کرد.
رەجا خەیرات
مەغریب- چالاکوانانی مەغریب و داکۆکیکارانی مافی ژنان جەختیان لەوە کردەوە، کە چەندین ئاڵەنگاری پێکهاتەیی و کولتووری ڕێگرن لە بەدیهێنانی یەکسانی، لەوانەش پێکهاتەی پیاوسالاری کۆمەڵگە کە ژنان دەخەنە پێگەیەکی ژێردەستە و توندوتیژی بەرامبەریان ئاسایی دەکاتەوە و قبوڵ دەکات، ئەمەش لە یاسای جیاکاریدا ڕەنگ دەداتەوە.
بە بۆنەی ساڵڕۆژی جیهانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و ڕۆژی جیهانی مافەکانی مرۆڤ، ناوەندی پەروەردەی گشتگیر و بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی، بە هاوبەشی لەگەڵ فیدراسیۆنی کۆمەڵەکانی مافی ژنان لە ناوچەی مەراکش، ڕۆژی ٩ی کانوونی یەکەم، گفتوگۆیەکی مێزی دەوری بە ناونیشانی "یاسادانان بۆ مسۆگەرکردنی یەکسانی: بناغەیەک بۆ پاراستنی ژنان لە توندوتیژی" ڕێکخست.
لە گفتوگۆکەدا، باس لە ڕاستی توندوتیژی دژی ژنان لە مەغریب و نەگونجانی یاساکان لەگەڵ ڕێککەوتننامە و هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکان کە لەلایەن مەغریب و دەستووری مەغریبەوە پەسەندکراون کرا، لەگەڵ کەموکوڕیەکانی جێبەجێکردنی چەند بڕگەیەکی یاسای خێزانی.
"دەستەبەرکردنی شکۆمەندی و پاراستنی ژنان"
بەشداربووان ئاماژەیان بەوە کرد، هەرچەندە مەغریب ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی پەسەند کردووە کە یەکسانی و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و کەمکردنەوەی هەڵاواردنە بە هەموو جۆرەکانییەوە، لەوانەش ڕێککەوتننامەی نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەک دژی ژنان "سیداو"، بەڵام هەندێک یاسا لەگەڵ ئەم ڕێککەوتنە نێودەوڵەتیانە و لەگەڵ دەستووری ساڵی ٢٠١١دا ناتەبایە، کە چەندین پرسی لەم بارەیەوە دەوروژێنێت.
بەشداربووان باسیان لە دیاردەی توندوتیژی کرد بە هەموو جۆرەکانییەوە، داوای پاراستنی ژنان و دابینکردنی شوێنی مانەوەیان بۆ ڕزگاربووان و دەرکردنی خێرای یاسای خێزانی کرد، کە مسۆگەری شکۆی ژنان و بەهێزکردنی مافە مرۆییەکانیانە لەگەڵ منداڵەکانیان بەبێ جیاوازی، ئەوان ڕەخنەیان لە جێبەجێکردنی یاساکانی خێزان گرت، کە بووەتە هۆی زیادبوونی بەرفراوانی کەیسەکانی توندوتیژی دژی ژنان و منداڵانی کچ، ئەمەش بووەتە هۆی سەرهەڵدانەوەی توندوتیژی وەک هاوسەرگیری منداڵان، کە ئەگەری جیابوونەوەیان لەگەڵ منداڵدا هەیە، هەروەها باسیان لە گرنگی بەهێزکردنی ئابووری ژنان کردەوە وەک میکانیزمێک بۆ پاراستنیان لە بەکارهێنان و بەرزکردنەوەی ئازادی هەڵبژاردنیان، دوور لە سازش و پێویستی.
"ژمارە سەرسوڕهێنەرەکان ڕەنگدانەوەی ڕاستیەکی تاریکن"
سەبارەت بە ڕاستی توندوتیژی لە مەغریب، فاتمە زەهرا ئیفلاحن، ڕێکخەری تەوەر لە ناوەندی پەروەردەی گشتگیر و بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند: کە ڕەگی توندوتیژی نایەکسانی ڕەگەزییە، کە لە بنەڕەتدا پەیوەستە بە کولتووری مافەکانی مرۆڤەوە، تا چەند ئەم مافانە لە باوەش دەگرن، هەروەها داننان بە مافەکانی ئەوانی دیکە بە پشتبەستن بە جیاوازییە ڕەگەزییەکانیان.
جەختی لەوە کردەوە، کە داننەنان بە مافەکانی ژنان لە کۆمەڵگەیەکی بێ کاریگەر بەجێماندەهێڵێت کە بە لاوازی دەڕوات، هەربۆیە داننان بە یەکسانی ڕەگەزی ئەوەیە کە کۆمەڵگەیەکی تەندروست دروست دەکات.
بە پشتبەستن بە ئامارە فەرمییەکان، لە ٨٢.٦٪ی ژنان و منداڵانی کچی مەغریب تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ٨٤ ساڵدایە، بە لانیکەم جۆرێک لە توندوتیژییان بەسەردا هاتووە، لە ساڵی ٢٠٢٤دا ٦٣.٣٪ی ژنان پێیانوابووە کە یەکسانی ڕەگەزی نییە، ئەم تێڕوانینەش لە نێوان پیاوان بەهێزترە، سێیەکی گەنجانی مەغریبی ئەم بۆچوونەیان هەیە، هەروەها ڕوونیکردەوە، کە ئەم ژمارانە ڕەنگدانەوەی ڕاستیەکی تاریکن، بەو پێیەی ئەم باوەڕەیان دەبێتە هۆی بێهیوای ئەم گەنجانە لە بەدەستهێنانی یەکسانی یان دەبێتە هۆی زیادبوونی بەرچاوی توندوتیژی.
جگە لەوەش، نزیکەی ٤٩.٨٪ی ژنان تووشی توندوتیژی دەروونی بوون، لە کاتێکدا ١٧٪ تووشی توندوتیژی یاسایی بوون، چونکە دەستدرێژی هاوسەرگیری بەبێ تاوان ماوەتەوە، هەروەها تیشکی خستۆتە سەر ژمارە ترسناکەکەی ژنکوژی و ئاماژەی بەوە کردووە، کە ٥٢٪ی ئەم تاوانانە لەلایەن هاوبەشە نزیکەکانەوە ئەنجام دەدرێن، ئەمەش شتێکی سەرسوڕهێنەرە و بەداخەوە لە زیادبووندایە، ئەم دیاردەیەش بە "فێمینیزم" ناسراوە، واتە کوشتنی ژن تەنها لەبەر ئەوەی ژن بووە.
ڕوونیشیکردەوە، کە کەمتر لە ٤٠٪ی ڕزگاربووان داوای یارمەتی دەکەن، لەکاتێکدا ڕێژەکە لە مەغریب زۆر کەمترە، چونکە توندوتیژی وەک بابەتێکی قەدەغەکراو دەمێنێتەوە، بۆیە زۆرجار زیانبەرکەوتووەکان تەنها ئەزموونەکانیان بۆ کەسانی نزیک و نهێنی پارێز ئاشکرا دەکەن، کە دوورن لە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان، کەمتر لە ١٠٪ی ژنان ڕاپۆرت دەدەنە پۆلیس، ئەمەش پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئامارە ڕاستەقینەکان زۆر زیاترن و ڕەنگدانەوەی ڕاستی نین.
هەروەها باسی لە توندوتیژی دیجیتاڵی کرد وەک دیاردەیەکی گەشەسەندوو، کە جیهانی دیجیتاڵی بووەتە ئامرازێک بۆ فشار و ڕەشبگیری و بەکارهێنانیان، ئەمەش بەهۆی هۆکارە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانەوەیە، لەوانە هاوسەرگیری منداڵان و دووگیانی، هەژاری، توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەزی لە خوێندنگەکاندا، ئەم هۆکارانە ڕێگری لە بەردەوامی خوێندنی منداڵانی کچ دەکەن، کە ڕەنگدانەوەی نایەکسانی ڕەگەزییە و توندوتیژی دژی ژنان و منداڵانی کچ توندتر دەکەنەوە، وتی: بەداخەوە مەغریب زۆرترین ڕێژەی هاوسەرگیری منداڵانی تێدایە.
"هاوتەریبکردنی یاسای نیشتمانی لەگەڵ ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان"
زەهرا سدیق، جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنی کۆمەڵەکانی مافی ژنان، هۆکاری بڵاوبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانی بۆ کولتوورێکی پیاوسالاری گەڕاندەوە کە توندوتیژی ئاسایی دەکاتەوە، وتی: چارەسەرکردنی ئەم دیاردەیە و کارکردن بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو شێوازەکانی توندوتیژی پێویستی بە تێکەڵەیەک لە پراکتیکەکانی پەیوەست بە لایەنە کولتووری، هۆشیارکردنەوە و یاسادانانەکان هەیە، هەروەها لایەنێکی گرنگی دیکەی پەیوەستە بە سیاسەتە گشتیەکان، ئەمانە سێ ڕێبازی بنەڕەتین بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان.
ڕوونیشیکردەوە، ئەو گۆڕانکارییە ئابووری و سیاسییە ناسراوانە هەمیشە لە بەرژەوەندی مافەکانی مرۆڤدا نین و بەتایبەتی کاریگەرییان لەسەر مافەکانی ژنان هەیە، وتی: ئێمە لە چوارچێوەیەکی نێودەوڵەتیداین کە کاریگەری لەسەر ئێمە هەیە و ئێمە کاریگەریمان لەسەرە، چونکە ئێمە لە دوورگەیەکدا ناژین کە لە جیهان دابڕاوە، ئاماژەی بەوەدا، کە چەند پرسێک هێشتا چارەسەرنەکراون، دیارترینیان یاسای خێزانە، کە ئەو لیژنەیەی ئەرکی پێداچوونەوەی پێ سپێردراوە هەموو هەنگاوە پێویستیەکانی تەواو کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوامە لە بەرەنگاربوونەوەی ئاڵەنگاریەکان لە پێشکەشکردنی بۆ دەستەی یاسادانان.
زەهرا سدیق ئاماژەی بە پاشەکشەیەکی دیکە کرد کە پەیوەندی بە ڕێکاری تاوانکارییەوە هەیە کە لە ٨ی کانوونی یەکەمەوە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، وتی: کۆمەڵێک پاشەکشەی تێدایە سەبارەت بە ڕۆڵی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕاپۆرتکردن و پشتیوانیکردنی زیانلبەرکەوتووەکان، کە ئەمەش پاشەکشەیەکی دیکەیە بۆ ئەوانەی پێشوو زیادکراوە، لەگەڵ پەکخستنی بەرهەمەکانی لیژنەی تایبەتی لەباربردنی منداڵ، کە بەستراوەتەوە.
هەروەها باسی لە نادەستووری بوونی یاساکان کرد وتی: زۆرێک لە یاساکان لەگەڵ دەستووری ساڵی ٢٠١١ ناتەبان کە بە ئاماژەیەکی بنەڕەتی بۆ هەموو یاساکان دادەنرێت، لە مادەی ١٩ی دەستووری مەغریبدا یەکسانی نێوان ڕەگەزەکان لە مافە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و ژینگەییەکاندا دیاری کراوە، بۆیە ئەمانە بەربەستن لە بەدیهێنانی مافی مرۆڤی ژنان.
ئاماژەی بەوەشکرد، فیدراسیۆنی کۆمەڵەی مافی ژنان لەگەڵ چەند بزووتنەوەیەکی دیکەی ژنانی مەغریب، وەک چوارچێوەیەکی گشتگیر لە خەبات و هەوڵەکانی داکۆکیکردندا پشت بە ڕێککەوتننامە و پێوەرەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی دەبەستێت، لەوانە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و پەیمانی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، ئاماژەی بە چەند هاوپەیمانییە کرد کە مافەکانی ژنان دیاری دەکەن، لە هەمووی گرنگتر ڕێککەوتننامەی نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەک لە دژی ژنان "سیداو" کە مەغریب لە ساڵی ١٩٩٣ پەسەندی کرد، لەگەڵ لابردنی هەندێک لە مسۆگەرییەکانی پێشووی لە ساڵی ٢٠١١، هەروەها پرۆتۆکۆڵێکی هەڵبژێردراوی بۆ ئەم ڕێککەوتننامەیە هەیە.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە مەغریب پابەندە بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەکە تا ئەو کاتەی پەسەندی کردبێت، هەروەها یاسا نیشتمانییەکانی لەگەڵ ڕێککەوتننامەکەدا بگونجێت، لە کۆتاییدا داوای کرد یاسای نیشتمانی لەگەڵ ئەو ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتیانەی کە لەلایەن مەغریبەوە پەسەندکراون و لەگەڵ پێداویستییەکانی دەستووری مەغریب کە دامەزراندنی بنەمای یەکسانی ڕەگەزی دیاری دەکات، هاوتەریب بکرێت و ڕێبازی ڕەگەزی لە سیاسەتە گشتییەکاندا پەسەند بکرێت.