لیندا شەلەبی جەزائیری جێپەنجەی خۆی لەسەر شۆڕشی ژنان و کۆبانێ بەجێهێشت

ئایشە شێخ محەمەد،ئەندامی نووسینگەی ژنانی کۆبانێ، باسی لە بەرخۆدان و تێکۆشانی پەرستاری جەزائیری لیندا شەلەبی کرد و وتی: کەسێکی بەهێز و بە ئیرادە بوو، جێپەنجەی خۆی لەسەر مێژووی ژنانی کورد لە بەرخۆدانی کۆبانێ بەجێهێشت.

 نورشان عەبدی

 

 کۆبانی- لیندا شەلەبی، ژنێکی جەزائیری خۆبەخشی تەندروستی بوو لە شاری کۆبانی، دوای ئەوەی بۆ ماوەیەک شەڕی شێرپەنجەی کرد، کۆچی دوایی کرد. لیندا جێپەنجەی خۆی لەسەر مێژووی بەرخۆدانی کۆبانێ بەجێهێشت، لیندا لە ٢١ی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا کۆچی دوایی کرد.

 

 لیندا شەلەبی کێیە؟

 لیندا شەلەبی لە ساڵی ١٩٨٧ لە شاری بەلدوین لە جەزائیر لەدایک بووە و لەوێ گەورە بووە، ئەو پەرستار بووە، دوای ئەوەی گەنجێکی خەڵکی شاری کۆبانی دەناسێت، هاوسەرگیری دەکەن و بۆ ماوەی ٦ ساڵ لە شارەکەیان پێکەوە دەژین، پاشان لەگەڵ هاوژینەکەی بەرەو شاری کۆبانێ ڕۆیشتووە،  کاتێک داعش لە ساڵی ۲۰۱٤هێرشی کردە سەر کۆبانی، لیندا درێغی نەکرد و چەکی هەڵگرت و شانبەشانی کارە پزیشکییەکانی دژی داعش شەڕی کرد، لە هەمانکاتدا چارەسەری بریندارەکانیشی دەکرد.

 

 کاریگەری کەسایەتییەکەی

 لیندا شەلەبی بە هێزو ئیرادەی خۆیەوە پەیوەندی بە شۆڕشەوە کرد و شاهیدی بەرخۆدان و خەباتی ژنانی کورد بوو، لیندا لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە پەیامەکانی بۆ جیهان دەنارد،  وتبووی: کۆبانێ دووەم شاری منە، خەڵکی کۆبانێ هەرگیز هیچ  جیاوازییەکیان لە نێوان ئێمەدا نەکرد، بە ڕۆحی یەکسانی لە باوەشیان گرتین، هەرگیز هەستم نەدەکرد لە وڵاتەکەم دوورم، بۆیە بە ئارەزووی خۆم بەشداریم لە بەرخۆدانی کۆبانێدا کرد.

 

 لە کۆبانی بە خاک سپێردرا

 گەشتەکەی لیندا شەلەبی لە بواری چاودێری تەندروستیدا ١٠ ساڵی خایاند،  یەکێک بوو لە کارمەندانی تەندروستی شار و مایەی ئومێد و باوەڕیی بوو بۆ گەلەکەی،  لیندا لە لایەن خەڵکی کۆبانێ لە گۆڕستانی شەهید دیجلە بە خاک سپێردرا، خەڵکی کۆبانی دەڵێن ئێمە کەسێکمان لەدەست داوە کە لە بەرخۆداندا بێ دوودڵی خۆی بەخت کرد.

 

 "ژنێکی بەهێز و ئیرادەدار بوو"

 ئایشە شێخ محەمەد، ئەندامی نوسینگەی ژنان لە دەستەی تەندروستی شاری کۆبانێ، باسی لە کەسایەتی لیندا شەلەبی کرد و وتی: لە سەرەتای کارەکانم لە بواری تەندروستیدا پەرستار لیندام ناسی، ژنێکی زیرەک و بەتوانا بوو، کەسایەتییەکی بەهێزی لەناو کۆمەڵگەدا هەبوو، هەرچەندە جەزائیری بوو، بەڵام خۆی بە یەکێک لە خەڵکی کۆبانی دەزانی، شێوازی پەیوەندیکردنی لەگەڵ خەڵکدا زۆر باش بوو، خۆشەویستی لە دڵی خەڵکی کۆبانێدا چاند، ئەو باوەڕی بە سەرکەوتنی شۆڕشی ژنان هەبوو، کە دەبێتە هۆی چەسپاندنی ئازادی و یەکسانی،  لیندا جێپەنجەی خۆی لەسەر بەرخۆدانی کۆبانێ بەجێهێشت، کەسێکی بەهێز و بە ئیرادە بوو، بۆیە ڕێگای ئازادی بۆ خۆی هەڵبژارد، وەک پەرستار بەشداری لە زۆرێک لە ئۆپەراسیۆنەکانی ڕزگارکردندا کردووە، وەک هەڵمەتی ڕەققە و تەبقا و مەنبج.

 

"خۆشەویستی خۆی خستە دڵی هەموو منداڵێک"

 ئایشە شێخ محەمەد ڕوونی کردەوە کە لیندا شەلەبی نەیتوانیووە منداڵی هەبێت، بۆیە خۆشەویستی خۆی لە دڵی هەموو منداڵێکی کۆبانێدا چاندوو وتی: بەهۆی کێشەی تەندروستی لیندا شەلەبی، نەیتوانی منداڵی هەبێت، بەڵام خۆشەویستی لە دڵی هەموو منداڵێکدا چاند و چاودێری تەندروستی باشی بۆ نەخۆشەکان دابین دەکرد،  لیندا بە بەشداریکردن لە شۆڕشدا نیشانیدا کە ئەم شۆڕشە هیچ سنوورێک ناناسێت، ئەو لە سەردەمی شۆڕشدا ئەرکی پزیشکی و پەرستاری خۆی بەجێگەیاند، لە گۆڕستانی پاکڕەوان بە دڵ خۆی بەخاکمان سپارد، پەرستار لیندا شەلەبی لە ڕێگەی بەشداریکردنی لە شۆڕشدا بەشدارییەکی زۆری لە کۆمەڵگادا کرد.