لەنێوان قەیرانەکان و پەرەسەندنی سەرکوتی سیستماتیکدا ژنان قوربانی کاردانەوەکانی شەڕن
ڕوحی شەفیعی، کۆمەڵناس دووپاتیکردەوە کە ژنانی ئێرانی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ئەمەش لە کاتێکدایە کە قەیرانە ئاسایشییەکان و ئابوورییەکان خراپتر دەبن.
شەهلا محەمەدی
ناوەندی هەواڵ-شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل کە زیاتر لە ١٠ ڕۆژی خایاند، شەپۆلێکی بێ وێنەی قەیرانی تێکەڵاوی ئاشکرا کرد کە کاریگەری لەسەر لایەنە جۆراوجۆرەکانی ژیانی هاوڵاتیان هەبوو، بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئاسایشی خراپتر کرد، سێبەرێکی قورسی خستەسەر بژێوی ژیانیان، بەتایبەتی لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەژاری و ئاوارەبوون و زیادبوونی دەستگیرکردن.
ڕوحی شەفیعی، نووسەر و کۆمەڵناسێکی پسپۆڕ لە کۆمەڵگەی ئێران، باس لەوە دەکات کە لە دوای شەڕی ئێران و ئیسرائیل، وڵات ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووری، کۆمەڵایەتی، یاسایی و ئاسایشی زیاتر بووەوە و کاردانەوەکانی ئەو شەڕە سێبەرێکی بێوێنەی بەسەر ژیانی هاوڵاتییاندا دا، بەڵام پشکی ژنان هەمیشە دوو لایەنە بووە: بارگرانی قورسی لەدەستدانی ماڵ و ئازیزان و ئایندەیان، ئەو فشارە زیادانەی کە دەسەڵاتدارانی ئێران لە ڕێگەی سەرکوتی بەربڵاوەوە بەسەریاندا سەپێنراون.
ئاماژەی بەوەدا کە بارودۆخی ژنان لە ئێران بەتایبەتی لەدوای شەڕی ئەم دواییانەوە ئاڵۆز و فرە ڕەهەندی بووە، کاریگەری شەڕ بەپێی چینی کۆمەڵایەتی و شوێنی نیشتەجێبوون جیاواز بوو، چونکە ژنانی دەوڵەمەند توانیویانە بگوازرێنەوە بۆ ناوچە پارێزراوەکانی وەک باکووری وڵات یان لە سەرەتاوە لە دەرەوەی ئێران بوون، لە کاتێکدا ملیۆنەها ژنی دیکە بەهۆی هۆکاری دارایی و خێزانییەوە ناچار بوون لە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی شەڕ بمێننەوە، ژنان دوای جەنگ ڕووبەڕووی قەیرانێکی دووانە بوونەوە، لەلایەک پەناگە و خۆشەویستان لەدەست دەدەن و فشارەکان و سەرکوتکردنی حکومەت لەلایەکی ترەوە چڕتر بوونەتەوە.
جەختی لەوەکردەوە کە دەسەڵاتدارانی ئێران جارێکی دیکە بە دوای بێدەنگکردنی دەنگی ناڕەزایەتییەکانن لە ڕێگەی سەرکوتکردنەوە، زۆرێکیان بە تۆمەتی "سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل" دەستگیرکردووە، ئەم کەشوهەوای ترسە بەتایبەتی کاریگەری لەسەر ژنان هەبووە، چونکە هەم قوربانین و هەم بەرپرسیارن لە پاراستنی خێزانەکانیان لە کاتی قەیرانەکاندا، ئاماری وردیان نییە لەسەر ژمارەی کوژراوەکان یان زیندانییەکان و خێزانەکان لە دۆخێکی تەواو نادڵنیاییدان، لە هەمان کاتدا دەسەڵاتداران خۆیان ڕووبەڕووی قەیرانێکی قووڵ بوونەتەوە، لە نەتوانینی بەرگریکردن لە خۆیان بە شێوەیەکی کاریگەر تا دەگاتە زیانە گەورەکانی ژێرخان و پەروەردە و پڕۆژە گەورەکان، ژنان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی ئەم قەیرانانەوە.
ئاماژەی بەوەدا کە ئەوەی دەگوزەرێت یەکێکە لەو کارەساتانەی کە بەسەر ڕژێمی ئێراندا سەپێنراوە، بە نیشاندەری دەستپێکی سەردەمی قەیران و داڕمان دەزانێت، کۆنتڕۆڵکردنی قەوارە بیانییەکان بەسەر ئاسمانی وڵاتدا، لەگەڵ بێتوانایی دەسەڵاتداران لە دۆزینەوە یان کۆنترۆڵکردنی سیخوڕەکان، پرسیاری ڕاستەقینەی لەبارەی بانگەوازەکانی ڕژێم بۆ سەربەخۆیی و سەروەری دەوروژێنێت.
سەرنجی بۆ بوونی دەیان سیخوڕی ئیسرائیلی لە ناوخۆی ئێراندا ڕاکێشا، هەروەها گۆڕینی هەندێک هاوڵاتی بۆ ئامراز لە دەستی زلهێزە بیانییەکان، ئەمەش گوزارشت لە ڕاستیەکی قووڵی ئاڵۆزە کە ناتوانرێت لە وەڵامی سادەدا کورت بکرێتەوە: ئەم دۆخە لەگەڵ شەپۆلێکی سەرکوتکردنی بەربڵاو و نەبوونی دادپەروەریدایە، کەشێکی تیرۆری بێ وێنە لە کۆمەڵگەدا دروست دەکات.
پەنابەرانی ئەفغانستان قوربانی هەڵاواردن و دیپۆرتکردنەوەن
ئاماژەی بەوەشکرد، دەسەڵاتدارانی ئێران بە بیانووی "سیخوڕی" بۆ دیپۆرتکردنەوەی هەزاران پەنابەری ئەفغانی کە ساڵانێکە لە ئێران دەژین بەبێ ئەوەی بەڵگەی ڕوون لە دژی ئەوان بخاتەڕوو، ئەم سیاسەتە هاوکاتە لەگەڵ هەڵکشانی بەرچاو لە سەرکوتی نەیارانی سیاسیدا، کە دۆخێکی گرژی و ناسەقامگیری لەڕادەبەدەر لە دیمەنی کۆمەڵایەتی گشتیدا دروستدەکات، بانگەوازی دەسەڵاتداران سەبارەت بە بوونی سیخوڕی ئیسرائیلی ناڕوونەو ڕونی تێدا نییە، زۆرێک لە دەستگیرکراوەکان بەبێ ئاگاداری خێزانەکانیان دەستبەسەر کراون، ئەمەش ترسێکی بەرفراوانی لە کۆمەڵگەدا دروستکردووە.
ڕوحی شەفیعی ئاماژەی بەوەشکرد، پێش شەڕ دەنگی ناڕەزایەتی دەبیسترا، بەڵام ئەمڕۆ هەموو دژایەتییەک بە بیانووی "سیخوڕی" سەرکوت دەکرێت، وەڵامدانەوەی دواکەوتووی ڕژێم بۆ شەڕەکە کە هاوکات لەگەڵ بانگەوازی سەرکەوتن سەرەڕای بەڵگەی ڕوونی شکست، ڕەنگدانەوەی دژایەتییەکی توندی نێوان ڕیتۆریکی فەرمی و ڕاستییە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ قەیرانێکی قووڵی سیاسی، سەربازی و ئابووری کە ڕووبەڕووی ڕژێمی ئێران دەبێتەوە.
ڕوحی شەفیعی لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە دەسەڵاتدارانی ئێران پەنابەرانیان بۆ مەبەستی سیاسی و سەربازی قۆستۆتەوە، بەشێک لە کۆچبەرانی ئەفغانی بۆ ئەو مەبەستە هێنراونەتە ناو وڵاتەکەوە، لیوای فاتمیون ئەم جۆرە چەوساندنەوەیە بەرجەستە دەکات، بەو پێیەی زۆرێک لە ئەفغانییەکان کە لە دەستی تاڵیبان هەڵدێن بۆ شەڕکردن لە سووریادا وەرگیراون، زۆرێک لە ئەفغانییەکانی دانیشتووی ئێران ڕووبەڕووی هەڵاواردن دەبنەوە و مافی خوێندن و بەشداریکردنی کۆمەڵگەیان لێ زەوت دەکرێت، ئەم ڕاستی هەڵاواردن و چەوسێنەرە یەکێک لە گەورەترین کارەساتەکانی ئەمڕۆی ئێران، بەرپرسیارێتی سەرەکی ئەم کارە لە ئەستۆی خودی دەسەڵاتدارانی ئێراندایە.