عاشورا لە ئەفغانستان خەریکە دەبێتە سەکۆیەک بۆ بەرخۆدان بە پێشەنگایەتی ژنان

بۆنە ئاینییەکانی ئەمڕۆ لە ئەفغانستان هەلێکە بۆ ژنانی ئەفغانی لە دەربڕینی ئازار و بەرخۆدانی خۆیان، لە سەردەمی دەسەڵاتی تاڵیباندا، ڕێوڕەسمە ئایینییەکان بوونەتە سەکۆیەک بۆ دەنگی بەرخۆدان، کە ژنان چیتر تەنها ماتەمینی ڕابردوو ناگێڕن.

بەهاران لەهیب

 

کابول-ئەفغانستان ڕۆژی ٦ی تەمموز یادی دەیەمی موحەڕەمی کردەوە، ئەم جەژنە سەردەمانێک بە سیمایەکی پاکی ئایینی ناسرابوو، بەڵام لە سەردەمی دەسەڵاتی ئێستای تاڵیباندا، هەموو تەڤگەریەکی کۆمەڵایەتی، بەتایبەتی لەلایەن ژنانەوە، بووەتە هێمای خۆڕاگری و سەرپێچی، ڕەهەندێکی نوێی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەم بۆنەیە بەخشیوە.

 

سەرەڕای سێ لەشکرکێشی ئینگلیزەکان بۆ ئەفغانستان و کۆمەڵکوژی هەزارە لەلایەن عەبدولڕەحمان خان "١٩١٠-١٩١٢"، هیچ کام لەم هەوڵانە سەرکەوتوو نەبوون لە دروستکردنی درزێک لەنێوان گروپە نەتەوەییە جیاوازەکانی ئەو وڵاتەدا، بەڵام لەگەڵ کودەتاکەی ٧ەمی سور لە ساڵی ١٩٧٩، دەستێوەردانی دواتری سۆڤیەت و دامەزراندنی پارتە توندڕەوەکان لە پاکستان و ئێران بە پاڵپشتی سعودیە و ئەمریکا، هەوڵەکان بۆ هاندانی ململانێی نەتەوەیی و تائیفی و دەستی پێکرد، بەڵام ئەم پڕۆژە دابەشکەرانەش شکستیان هێنا، هەرچەندە هەندێک لە ڕۆشنبیرانی دڵسۆز بۆ زلهێزە بیانییەکان هەوڵیاندا خۆیان وەک "نوێنەر"ی گروپە نەتەوەییە جیاوازەکانی وڵات پیشان بدەن و هەوڵیان دەدا دووبەرەکی هەڵبگیرسێنن، بەڵام نەیانتوانی ئامانجەکانیان بگەیەنن.

 

ڕۆژی ٦ی تەمووز، دەیەمین جەژنی موحەڕەم لە ئەفغانستان تەنیا بۆنەیەکی ئایینی نەبوو؛ گۆڕدرا بۆ گۆڕەپانێکی هێمای بۆ بەرخۆدانی مەدەنی، کە ژنان لە سەرانسەری وڵاتدا پێشەنگایەتییان دەکرد، لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی کابول، بەتایبەتی لە دەشت بەرتشی کە ناوچەیەکی زۆرینەی "هەزارە"، ژنان ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ یادکردنەوەی ئەم ڕۆژە بە ڕۆحی سەرپێچییەوە، سەرەڕای چاودێری توندی "لیژنەی بەرەوپێشبردنی فەزیلەت و ڕێگریکردن لە خراپەکاری"ی تاڵیبان، لە هەر گۆشەیەکدا ژمارەیەک ئەندام بۆ چاودێریکردنی باڵاپۆشی لەبەرکردن و دەستوەردان بە شێوازی سەرکوتگەرانە جێگیر بوون، سەرەڕای تێکچوونی پەیوەندییەکان و بوونیان لە کۆڵانەکاندا، ژنەکان بە ڕووخساری پڕ لە گاڵتەجاڕیەوە بەردەوام بوون لە ڕێپێوانەکەیان، لە دیمەنێکدا کە خۆڕاگرییەکی سەرسوڕهێنەر لە بەرامبەر ستەمدا بەرجەستە دەکات.

 

لە بەرامبەر ئەم کەشوهەوای ستەمکارانەدا، ژنەکان لەنێو خۆیاندا گاڵتەیان پێدەکردن و دەیانوت: خۆکوژەکان لە هاوکارەکانیان دەترسن، هەر بۆیەش ئاسایشێکی زۆریان هەیە، لە کۆتایی ڕۆژەکەدا کۆمەڵێک ژنی گەنج بە شەقامێکدا ڕێپێوانیان کرد، بەڵام تاڵیبان ڕێگەی بە وێنەگرتنی نەدەدا، دروشمی ژنانی گەنج داوای ئازادی و دیموکراتی و دادپەروەری و مافی خوێندن و مافی کارکردنیان بوو، تاڵیبان کە لە شوێنی ڕووداوەکە ئامادەبوون، دوای ئەوەی پێشەنگە ناوخۆییەکان دەستوەردانیان کرد و بە دار بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران، ڕێگەیان نەدا ڕێپێوانەکە بەردەوام بێت، ئەم دیمەنە بە ڕوونی دەریخست کە چۆن بە ستەمدا ڕۆژێکی ئایینی نەریتی گۆڕاوە بۆ شوێنی ناڕەزایەتی دەربڕین کە داوای گۆڕانکاری دەکرد.

 

لە دەشت بەرتشیەوە بەرەو ناوچەیەکی تری کابول بە ناوی کارت ساخی ڕۆیشتین کە جگە لە هەزارە نەتەوە و نەتەوەکانی دیکەی تێدایە، ڕێگای بەرەو ناوچەکە بەتەواوی گیرابوو، ڕێگە بە کەس نەدرا بچێتە ژوورەوە، باس لەوەش کرا کە ژنانی ناوچەکەش ڕێپێوانیان کردبوو بۆ ئەوەی بچنە پاڵ ژنانی بەرتشی، بەڵام ڕێگەیان پێنەدرا ناوچەکە بەجێبهێڵن، ئەمەش لە هەوڵێکی ڕوون بۆ گۆشەگیرکردنی ناڕەزایەتییەکان و ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنیان، سەرەڕای هاودەنگی و سروشتی مەدەنیی ئەو جوڵانە لە ڕۆژی عاشورادا.

 

بەهۆی ئەو مەرجە توندوتۆڵەوە، تا ئێوارە هەموو ژنان لە چوونە ناو ناوچەکە قەدەغە کران، چەندین جار هەوڵمان دا بچینە ژوورەوە، بەڵام بێ سوود بوو، بەو پێیەی ڕێگاکان بەڕووی هەموو کەسێکی ئەودیودا داخراو بوون، تەنانەت ئەو ژنانەی لە چوارچێوەی ئەو ناوچەیەدا دەژیان، ڕێگەیان پێنەدرا بچنە ناو شوێنی گردبوونەوەکە، ئەمەش گوزارشتە لە ڕادەی ئەو سنووردارکردنانەی کە بەسەر هەر جوڵەیەکی ژناندا سەپێنرابوو.

 

زەهرە وەحید، یەکێک لە ژنانی دانیشتووی ئەو گەڕەکە و بەشداری ڕێپێوانەکە، پڕ بوو لە توڕەیی، ئێمەی ژنان جگە لە چەند پارچە کاغەزێک هیچی ترمان نییە، بەڵام ئێمە دوژمنی سوێندخواردووی تاڵیبانین، ئەوان بە شێوەیەکی ترسناک لە ئێمە دەترسن، خۆشبەختانە ژنانی ئەفغانی ئەمڕۆ درکیان بەوە کردووە کە دەبێت هەموو هەلێک بقۆزنەوە بۆ ئەوەی دەنگە کپکراوەکانیان ببیستن، منیش شانازییان پێوە دەکەم.

 

لە سەردەمی تاڵیباندا بۆنە ئایینییە نەریتییەکانی وەک عاشورا گۆڕدراون بۆ شوێنی ناڕەزایەتی هێمای و دەربڕینی هاواری ژنان بۆ ئازادی و دادپەروەری و کەرامەتی مرۆڤایەتی، ئەمڕۆ ژنانی ئەفغانستان بە ماتەمینی ڕابردوویەکی پڕ لە ئازار ڕازی نین؛ ئەوان هەڵگری دیدێکی ڕوونن بۆ داهاتوویەکی مرۆڤانەتر و کراوەتر، ئەوان بوونەتە هێمای هیوا و هۆشیاری، ئازایانە لە بەرامبەر ستەمدا وەستاون، تەنانەت ئەگەر تاکە چەکیان چەند پارچە کاغەزێک و دروشمێک بێت کە پێداگری لەسەر بیستن بێت، ئەم گۆڕانکارییە ئەوە بەرجەستە دەکات کە چۆن ئازار و نادادپەروەری گۆڕاوە بۆ بڵێسەی بەرخۆدان، بە پێشەنگایەتی ئەو ژنانەی کە خاوەنی هیچی تر نین جگە لە بوێری و باوەڕبوون بە ئەوەی کە ڕاستە.