مەهاباد، نەورۆز و هەڵپەڕکێی کوردی و یەکگرتوویی گەل خەوی لە چاوی دیکتاتۆر سەندووە

یەکێک لە ژنانی مەهاباد دەڵێت: لە پشتمەوە دوو کەس بە جلی تایبەتی دەوڵەتەوە سڵاویان لە یەکتر کرد و گفتوگۆی سڵاوکردنیان ڕێک بەم شێوەیە بوو " لێرە چی دەکەیت؟ کەسی بەرامبەر وەڵامی دایەوە: من هاتووم شەڕ لەگەڵ مەهابادییەکان بکەم".

لارا گەوهەری

 

مەهاباد- ڕۆژی دووشەممە ٢٠ ئادار، لە کۆتا ڕۆژی ساڵی کوردی، خەڵکی مەهاباد داستانێکیان بۆ هەڵکردنی ئاگری نەورۆز لە هەموو ئەم شارەدا دروست کرد.

 

لە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممەوە تا نیوەی شەو لە هەموو گەڕەکەکانی ئەم شارە، سەرەڕای ئەو پشێوییانەی کە بەهۆی هێزەکانی حکوومەتەوە هاتبوونە ئاراوە، ئاگری نەورۆز هەروا بە داگیرساوی مایەوە و لە ناوچەکانی سەرچاوە، چوار ڕێگای ئازادی، گۆڕەپانی ئیستقلال و کرێکاران، بەهۆی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی گەل و وتنەوەی دروشمی ئازادیخوازی لەلایەن خەڵک، ژینگەی ئەمنی چڕتر بووەوە وە چوار ڕێگای ئازادی شاهیدی شەڕی دەست لەناو دەستبوو لە نێوان خەڵک و هێزەکانی حکومەت، کە ژمارەیەک کەس برینداربوون کە زۆربەیان ژنن و لەنێویاندا هەندێک منداڵ هەن.

 

ڕوناک ساحیبی باسی شەوی کۆتای ساڵ دەکات لە شەقامی پارکی میلەت و دەڵێت: " خەڵکێکی زۆر لەم ناوچەیە کۆبوبووەوە، منیش ئەمشەو بە جلی کوردییەوە لێرەبووم، بوونی ئێمەی ژنان ئەمشەو و لێرە و هەڵپەڕکێی کوردی بە یادی ژینا ئەمینی لە شەقامەکانی شار بەبێ حیجابی زۆرەملێ، دەست لە دەست لەگەڵ ڕۆڵەکانی خاکەکەم وەڵامێکی توندبوو بەرامبەر بە حکومەت، کە لێرە هیچ دەسەڵاتێکیان نییە، "ژن، ژیان، ئازادی" مۆدێلێکە بۆ سەرەتای نەورۆزی ژینا، بەو هیوایەی کەس خەونەکانی لە ژێر دەسەڵاتی فاشیستیدا نەنێژێت، لەناو خەڵکیدا هێزی ئەمنی بە جلوبەرگی تایبەتەوە هەبوون و چەند جارێک هەوڵی تێکدانی هەڵپەڕکێی کوردیان دەدا و چەقۆیان لە خەڵکیدا، بەڵام خەڵک دیسان بە دەوری ئاگری نەورۆزدا دەسوڕانەوە، ئێمە بە توندی لەبەردەم هێزە ئەمنییەکان وەستاین بۆ ئەوەی بە ئاشکرا بڵێین ئەمە خاکی ئێمەیە و ڕزگاری دەکەین".

 

شەبنەم.ک، هەروەها سەبارەت بە کەشی شۆڕشگێڕانە و ئەمنیەتی شاری مەهاباد دەڵێت: " لە ئێوارەی دووشەممەوە شار پڕ بوو لە هێزەکانی پۆلیس و هەندێکیشیان بە جلوبەرگی ئاساییەوە بڵاوبووبوونەوە، کە چوومە گۆڕەپانی ئازادی پڕ بوو لە خەڵک و دەیانویست لەوێ ئاگر بکەنەوە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان ڕێگریان لێکردن، خەڵک لەوێ کۆبوونەوە و ئێمەش دروشمی "مەرگ بۆ دیکتاتۆر"مان دەوتەوە، هێزە ئەمنییەکان چەند جارێک ئاگاداریان کردینەوە کە بڕۆین، بەڵام ئێمە لە پێشوو بەهێزتر لەوێ وەستاین و قەرەباڵغییەکە زیاتر بوو، لەناکاو ئەفسەرەکان تەقەیان بە هەوادا کرد و گازی فرمێسکڕێژیان ڕشت و پاشان پاسەوانی تایبەت هات و تەقەی لە خەڵکەکە کرد منیش ڕامکرد بۆ یەکێک لە کۆڵانەکان، دوای بڵاوەپێکردنی ئەو سەربازانە لە جادەی ئازادی خەڵک دەچنە سەر شەقامی شارەوانی و بەهۆی هاتووچۆ و بەربەستی ڕێگاوبانەوە زۆر قورستر بوو بۆ ئامادەبوونی سەربازەکان، کاتێک ماتۆڕسوارەکانی پاسەوانی تایبەت هاتنە ناو خەڵکەکە، هەموو خەڵک تەقەمەنییان بەسەردا فڕێدان، قەرەباڵغییەکە هێندە زۆر بوو هیچ بژاردەیەکیان نەبوو جگە لە هەڵاتن، خەڵک بازنەی هەڵپەڕکێی کوردییان دروست دەکرد و لەگەڵ هەر هەنگاوێکدا هاواریان دەکرد "ژن، ژیان، ئازادی"، ژنان بەبێ حیجابی زۆرەملێ لەبەردەم کامێرای ئەمنیدا وەستابوون."

 

لە درێژەی قسەکانیشیدا دەڵێت: لە پشتمەوە دوو کەس بە جلی تایبەتەوە سڵاویان لە یەکتر دەکرد و گفتوگۆکەیان ڕێک بەم شێوەیە بوو " لێرە چی دەکەیت؟ کەسی بەرامبەر وەڵامی داوەتەوە: من هاتووم شەڕ لەگەڵ مەهابادییەکان بکەم"، پۆلیسەکان هاتن و هەوڵیان دا خەڵک ڕابگرن، بەڵام خەڵکەکە گرنگییان پێنەدان، بەڵام بە توندوتیژی کۆمەڵێک خەڵکیان بڵاوەپێکرد، لەبەردەم دەرگای هەموو بانک و فەرمانگەکاندا هێزی یەکپۆشی پاسەوانییان دەکرد و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەسەر سەری خەڵکدا دەسوڕانەوە، خەڵک لەم گەڕەکەدا بە دروشمی ناڕەزایەتی کۆبوونەوە و بە وتنی "شەهید نامرێت" شەهیدانی ڕێگای ژینایان بەبیر هێنایەوە، بەڵام ئاهەنگی نەورۆزی ژینا بەهەمان شێوە ڕووبەڕووی سەرکوتکردنی قورس بووەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکان."