لەدرێژەی عەقڵیەتی ژنکوژی؛ ژن کوشتن بەردەوامی هەیە

لە شاروچکەی دوکان پیاوێک بە چەک هێرش کردە سەر ماڵی باوکی هاوژینەکەی و لە ئەنجامدا هاوژینەکەی کوشت دواتر هەوڵی خۆکوژی دا.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنی ١٣ی ئاب، لە شارۆچکەی دوکان لە سنووری سلێمانی، پیاوێک بە چەک هێرشی کردە سەر ماڵی باوکی هاوژینەکەی و لە ئەنجامدا هاوژینەکەی کوشت و کەسێکی دیکە کە یەکێک لە میوانەکانی ئەو ماڵە بوو، برینداربوو بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

 

هەروەها بەگوێرەی بەدواداچوونی پۆلیسی شارۆچکەی دوکان، ئەو دوو هاوژینە لەیەکتر جیاببوونەوە.

 

هاوکات تاوانبارەکە دوای ئەنجامدانی تاوانەکەی بە مەبەستی خۆکوشن فیشەکی ناوە بەسەری خۆشییەوەو بریندار بووە.

 

ئەوە لەکاتێکدایە، لە ٨ی ئاب، تەرمی ژنێكی گەنجی دانیشتوی شارۆچکەی چوارقوڕنە لە ماڵەکەی خۆیدا دۆزرایەوە، هەروەها شەوی ٥ی ئاب، ژنێک بەناوی دالیا لە دەربەندی ڕانیە بەشێوەیەکی گوماناوی خنکا، لە ٢ی ئاب، ژنێک لە سلێمانی لەبەردەم ماڵەکەی لەلایەن برایەکییەوە تەقەی لێکرا و بەهۆی سەختی برینەکەی گیانی لەدەستدا.

 

هەر بە پێی کۆکردنەوەی ئامارەکان لەلایەن ئاژانسەکەمانەوە، لە سەرەتایی مانگی تەمووزی ئەمساڵ تاوەکو کۆتایی مانگی تەمووز لە هەرێمی کوردستان، ٩ ژن کوژراون یان بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستداوەو هەوڵی کوشتنیان دراوە.