لە ڕۆژ‌هەڵاتی کوردستان و ئێران لە ماوەی یەک مانگدا ١٩ ژن و ٥ منداڵ کوژراون

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە ماوەی مانگی ڕابردوودا ١٩ ژن و ٥ منداڵ لە لایەن پیاوەوە کوژراون هەروەها ١٨ ژن و ٤ منداڵ لە ژێر ناوی خۆکوشتن ناویان تۆمارکراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

توندوتیژی دژ بە ژنان و کوشتنی ژنان لەلایەن ڕژێمی ئێران بە هۆی سیاسەتە ستەمکارەکانییەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیادبووندایە، لە ئێران ژنان لە لایەن پیاوە نزیکەکانیانەوە وەک باوک، هاوژین یان برایان دەکوژرێن، زۆرێک لەگیان لەدەستدانەکان بە بێ لێکۆڵینەوە لە ژێر ناوی خۆکوژی تۆمار دەکرێت.

 

لە مانگی ڕابردوودا و لە نێوان مانگەکانی ئایارو حوزەیران  ١٩ ژن و ٥ منداڵ لە ئێران کوژراون، گیان لەدەستدانی گوماناوی  ١٨ ژن و ٤ منداڵ بە ناوی خۆکوشتن تۆمارکراون، ئەو حاڵەتانەی کە ژنان کوژراون یاخود وەک گیان لەدەستدانی گوماناوی وخۆکوشتن تۆمارکراون بەم شێوەیەن:

 

٢١ی ئایار: ژنێکی نەناسراو لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە کوژرا، پۆلیسی ئێران زانیاری لەبارەی ناسنامەی ئەو ژنە بڵاونەکردەوە، بەڵکو تەنها ڕایگەیاند، بکوژەکەیان دەستگیرکردووە.

 

٢٣ی ئایار: ژنێکی تەمەن ٤٥ ساڵ لە کامیاران گیانی لەدەستدا، بە خۆکوشتن تۆمارکراوە.

 

٢٥ی ئایار: مریەم تەمەن ٣٤ ساڵ خەڵکی تاران لەلایەن کەسێکەوە کوژرا.

 

٢٦ی ئایار: لە شاری سیرجان، ژنێکی دووگیان و ٢ کچەکەی کە تەمەنیان ٩ و ٣ ساڵ بوو، لەلایەن کەسێکەوە کە لە ماڵەکەیاندا کاریان دەکرد، کوژران.

 

٢٨ی ئایار: ژنێکی تەمەن ٧٠ ساڵانی خەڵکی تەبرێز کوژرا.

 

٢٩ی ئایار: پیاوێکی تەمەن ٤٥ساڵانی خەڵکی تەبرێز، هاوژینە تەمەن ٣٥ ساڵەکەی و کچە ١٣ ساڵانەکەی و کوڕە٩  ساڵانەکەی کوشت و خۆشی کوشت.

 

٢٩ی ئایار: تەرمی ژنێکی گەنج لە شاری بام سەر بە پارێزگای کرمان دۆزرایەوە.

 

٣ی حوزەیران: منداڵێکی کچی تەمەن ١٢ ساڵ خەڵکی خورماتوو لە هەلومەرجێکی گوماناویدا گیانی لەدەست دا.

 

٤ی حوزەیران: ژنێکی گەنجی تەمەن ١٣ ساڵ بە ناوی نیان ڕاستگار لە شاری بۆکان گیانی لەدەستدا.

 

٥ی حوزەیران: لە شاری نازراباد لە پارێزگای ئەلبۆرز، ژنێکی گەنج لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژرا.

 

٥ی حوزەیران: پەرەستو ئەحمەدپور تەمەن ٢٧ ساڵ خەڵکی گوندی سانح سەر بە تەنگیسەر لە هەلومەرجێکی گوماناویدا گیانی لەدەست دا.

 

٥ی حوزەیران: لە تاران ژنێک لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا.

 

٦ی حوزەیران: ژنێکی تەمەن ٢٥ ساڵی خەڵکی تاران لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا.

 

٧ی حوزەیران: ژنێکی گەنجی تەمەن ١٦ ساڵ بە ناوی بیتا مام مەحمودی کە لە گوندی شینابادی شاری بۆکان نیشتەجێ بوو، بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست دا.

 

٧ی حوزەیران: ژنێکی گەنج بە ناوی گۆڵزار "سۆمیە" ڕەسولپور لە شاری مەهاباد بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست دا.

 

٧ی حوزەیران: ژنێکی تەمەن ٣٢ ساڵ لە شەقامی باکووری مەجیدیەی تاران بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست دا.

 

٧ی حوزەیران: لە شاری تەبرێز ژنێک لەلایەن کوڕەکەیەوە کوژرا.

 

٨ی حوزەیران: ژنێکی گەنجی خەڵکی ئابادان بە گوماناوی گیانی لەدەستدا.

 

٩ی حوزەیران: ژنێکی گەنجی تەمەن ١٥ ساڵ بە ناوی زینات پیروزی لەلایەن مامیەوە کوژرا.

 

٩ی حوزەیران: ژنێکی تەمەن ٥٦ ساڵ خەڵکی تەبرێزبە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست دا.

 

٩ی حوزەیران: ژنێکی گەنج لە گەڕەکی نایسەر دەژیا، بە گوماناوی گیانی لەدەستدا.

 

١٠ی حوزەیران: ژنێکی تەمەن ٧٠ ساڵ بە ناوی ئامینە عیسادی خەڵکی کرماشان بە گوماناوی گیانی لەدەستدا.

 

١١ی حوزەیران: سامیە شافیعی تەمەن ٢٤ ساڵ، خوێندکاری وەرزی کۆتایی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کوردستان، بە گوماناوی گیانی لەدەستدا.

 

١٢ی حوزەیران: ژنێکی گەنج بە ناوی ئیسما پشدار، تەمەن ٢٧ ساڵ، خەڵکی شاری بەندەر عەباس، لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا.

 

١٢ی حوزەیران: پیاوێکی خەڵکی زێرناقی سەر بە تەبرێز، هاوژینەکەی کە پزیشکی ددان بوو لەگەڵ دوو  نەخۆشی ژنی کوشت کە بۆ پشکنین چووبوونە نەخۆشخانە.

 

١٢ی حوزەیران: ژنێکی گەنج بە ناوی ساکیزلی سەعدات فەریدی بە گوماناوی گیانی لەدەستدا.

 

١٢ی حوزەیران: دوای دەستگیرکردنی بەهارە لەلاهی، دەرهێنەر و سیناریۆنووس هەواڵی کوژرانی لەلایەن دەسەڵاتدارانی دەوڵەتەوە لە زیندانی ئەڤین بڵاوکرایەوە.

 

١٣ی حوزەیران: تەرمی ژنێکی تەمەن ٥٦ ساڵ خەڵکی شاری شازەند لە پارێزگای ناوەڕاست لە باخچەی خزمێکی دۆزرایەوە.

 

١٤ی حوزەیران: ژنێکی تەمەن ٦٥ ساڵی خەڵکی دیواندەر لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە کوژرا.

 

١٤ی ئایار: سامیە مامقەدری خەڵکی شاری مەهاباد بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا.

 

١٤ی حوزەیران: لە شاری تەلاش ژنێک کوژرا، بە پێی لێکۆڵینەوەکان ژنەکە لەلایەن ئەو پیاوەوە کوژراوە کە نەیویستووە هاوسەرگیری لەگەڵ بکات.

 

١٥ی حوزەیران: ژنێکی تەمەن ٢٥ ساڵ بە ناوی ڕیزان یارەحمەدی خەڵکی گوندی سەرود جوانڕۆ گیانی لەدەستدا.

 

١٥ی حوزەیران: ژنێکی گەنجی خەڵکی تەبرێز گیانی لەدەستدا.

 

١٦ی حوزەیران: ژنێکی گەنجی تەمەن ١٢ ساڵ بە ناوی نگین خەڵکی تەبرێز بە گوماناوی گیانی لەدەستدا.

 

١٧ی ئایار: ژنێکی تەمەن ٢٦ ساڵ کە تا ئێستا ناسنامەکەی دیاری نەکراوە، بە شێوەیەکی گوماناوی لە گەڕەکی هەواجە نیزام لە تاران گیانی لەدەست دا.

 

١٧ی ئایار: لەیلی پەیمەزد تەمەن ٣٢ ساڵ خەڵکی گوندی خورانجی پیرانشار لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا.