لە سیمپۆزیۆمێکدا لە عێراق تاوتوێی ڕۆڵی ژنان کرا
سەنتەری دێوی بە سیمپۆزیۆمێک تیشکی خستە سەر گرنگی بەشداریی ژنان لە بنیاتنانی ئاشتیدا. پسپۆڕان و چالاکوانان جەختیان لەوە کردەوە کە بەشداریکردنی ژنان لە بڕیارداندا ئاسایش و سەقامگیریی کۆمەڵایەتی بەهێز دەکات.
عێراق
سەنتەری پاڵپشتیی گەشەپێدان و دیموکراسی (دێوی) دوێنێ سیمپۆزیۆمێکی بە نیشانی "ڕۆڵی ژنان لە بنیاتنانی ئاشتی و ئاشتیی کۆمەڵایەتیدا" سازکرد. بەشداربووان ڕایانگەیاند کە بەهێزکردنی بەشداریی ژنان لە پڕۆسەکانی بنیاتنانی ئاشتیدا فاکتەرێکی گرنگە بۆ پاراستنی سەقامگیریی کۆمەڵایەتی. جەختیان لەوە کردەوە کە بەهێزکردنی ژنان لە پێگەکانی بڕیارداندا دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ململانێکان و بەهێزکردنی ئاشتیی مەدەنی.
پەرلەمانتاری پێشوو شیرۆق ئەلئەعڕەجی لەسەر ڕۆڵی ژنان لە بنیاتنانی ئاشتیدا ئاخڤی. بە پشتبەستن بە توێژینەوە زانستییەکان باسی لە داتاکانی دە ساڵی ڕابردوو کرد و پشتڕاستی کردەوە کە ئاماژەکانی پەیوەندیدار بە پەروەردە و بەشداریی سیاسی و ئابووریی ژنان، یارمەتیدەرن بۆ پێشکەوتن و سەقامگیریی کۆمەڵگەکان.
شیرۆق ڕوونی کردەوە کە تیشکخستنە سەر ڕۆڵی ژنان بەو مانایە نییە کە پیاوان بەرپرسن لە لایەنە نەرێنییەکان، بەڵکو لەسەر بنەمای داتا و ڕاستییەکانە دەربارەی پێشکەوتنی مرۆیی و وەهای بەردەوام کرد: "دابەشکردنی کار لە سەرەتاییترین قۆناغەکانی کۆمەڵگەوە دەست پێدەکات. ژنان لە سەرەتادا بە کشتوکاڵ، پاراستنی سروشت و پاراستن و باشترکردنی ژیانەوە بەستراوبوونەوە، بەڵام پیاوان بە ڕاوکردنەوە بەستراوبوونەوە. توێژینەوەکان لەسەر ئەزموونی کۆمەڵگە جیاوازەکان ئەنجامدراون، لەوانەش کۆمەڵگە سکاندیناڤییەکان کە بە ئاستی بەرزی سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و ڕێژەی کەمی توندوتیژی و تاوان دەناسرێنەوە. بەشداریی زیاتری ژنان لە پێگەکانی بڕیارداندا کاریگەریی لەسەر سروشتی ئەم کۆمەڵگەیانە هەبووە و بووەتە هۆی ئەوەی هەندێک وڵات ڕێکار بگرنە بەر بۆ هاندانی گەیشتنی ژنان به پێگەکانی سەرکردایەتی."
بەشداریی ژنان بەردەوامیی ڕێککەوتنەکانی ئاشتی زیاتر دەکات
هەروەها باسی لە توێژینەوەیەکی ئەمریکی کرد کە ١٥٤ وڵات دەگرێتەوە و لێکۆڵینەوەی لە پەیوەندیی نێوان بەشداریی ژنان لە چارەسەرکردنی ململانێکان و ئەو پێشکەوتنانە کردووە کە لەم کۆمەڵگەیانەدا دەبینرێن. ئاماژەی بەوەدا کە ئەنجامەکانی توێژینەوەکە دەریخستووە هەرچەندە ژنان بەشداربن لە دانوستان، ناوەندگیری، چارەسەرکردنی ململانێکان و چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان، بەردەوامیی ڕێککەوتنەکانی ئاشتیش ئەوەندە بەرزتر دەبێتەوە. هەندێک ڕێککەوتن کە ژنان تێیاندا لە دانوستان، چاودێری و بەشداریی پڕۆسەکانی چارەسەرکردنی ململانێکان بوون، دەتوانن بە دەیان ساڵ بەردەوام بن.
ئەزموونی ڕواندا و ڕۆڵی ژنان لە کۆتاییهێنان بە شەڕ
لە کاتی قسەکانیدا باسی لە هەندێک نموونەی جیهانی کرد و باسی لە ئەزموونی ڕواندای ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو کرد و دەریخست کە ژنانی ڕواندا دەستپێشخەرییان کردووە و بایکۆتی ئەو پیاوانەیان کردووە کە بەشدارییان لە شەڕدا دەکرد. هەروەها گوشاریان خستووەتە سەر لایەنەکانی شەڕ تا لەسەر مێزی دانوستانەکانی ئاشتی دانیشن، ئاماژەی بەوەدا کە ئەمەش نەبووەتە هۆی ڕاگرتنی شەڕەکە بە تەنها، بەڵکو ڕێگریشی لە گەڕانەوەی شەڕ لە داهاتوودا گرتووە و ڕێگەی بۆ بەشداریی ژنان لە سیاستدا خۆشکردووە، بە شێوەیەک کە ئۆڕۆژە ڕواندا لە پەرلەمانەکەیدا خاوەنی بەرزترین ڕێژەی ژنانە.
ژنانی عێراق لە شوێنەکانی بڕیارداندا پێشەنگ بوون
شیرۆق سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا کە ژنانی عێراق لە دەیەکانی ڕابردوودا لە پێگە بەرزەکاندا بوون و دەریخست کە یەکەم ژنە وەزیر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە عێراق بووە، وتیشی: "ڕۆڵی ژنان لە پاراستنی ئاشتیدا ئێستا کەمبووەتەوە و دەرفەتی پێویستیان پێندرانێت تا ببنە لایەنێکی چالاک لە ئاسایشدا. دەبێت ژنان لە بواری ئاسایش، ئاشتی و بڕیارەکاندا خاوەن ڕۆڵ بن. عێراق لە ساڵی ٢٠٠٠ یەکێک بوو لە یەکەم وڵاتان کە بڕیاری ١٣٢٥ی نەتەوە یەکگرتووەکانی پەسەند کرد."
لە سەر بەشداریی سیاسیی ژنان هیچ ڕێگرییەکی یاسایی نییە
پ. د. زەمەن حەمید مامۆستای یاسای سزایی ڕایگەیاند کە بەشداریی ژنان لە دەسەڵاتی یاساداناندا بە زۆری لە ڕێگەی سیستەمی کۆتاوە ئەنجام دەدرێت، بەڵام لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دادوەریدا، بە پێی ضمانەتە دەستوورییەکان، بەشدارییان شتێکی سروشتییە و دەریخست کە کاتێک مرۆڤ سەیر بکاتە یاساکانی هر دوو لایەن، هیچ ئاستەنگێکی یاسایی نابینێت کە ڕێگری لە تێکەڵبوونی ژنان لە سیاستدا، وەرگرتنی ئاستەکانی سەرکردایەتی یان شوێنگرتنیان لە نێوان ئەو کەسانەی بڕیار دەدەن بگرێت.
پاڵپشتیکردنی ژنان بنەمای بنیاتنانی نەوەیەکی ئاشتیخوازە.
ئیخلاس خالیدیش چالاکوان ڕایگەیاند کە ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەدا ڕۆڵێکی بنەڕەتییە و جەختی کردەوە کە کۆمەڵگەیەک پاڵپشتیی ژنان بکات و مافەکانیان بپارێزێت، دەتوانێت نەوەیەکی ئاشتیخواز و لێهاتوو کە بەشدار بێت لە بنیاتنانی وڵاتدا گەورە بکات. ئیخلاس خالید سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا کە ئەوەی ژنان لە نێو فراکسیۆنە سیاسییەکانی دەسەڵاتداردا هەن، بەڵام ڕۆڵیان لە دانوستان و بڕیارداندا کەمە، نوێنەرایەتییان لە قۆناغی دیپلۆماسیی دەرەوەدا لاوازە و دەرفەتی تەواویان پێ نادرێت تا ببنە باڵیۆز.
پێویستیمان بە یاسانگەلێکە کە کەرامەتی ژنان بپارێزن
لهێب ڕابێح عەلی چالاکوان جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت پاڵپشتی و پاراستن بۆ ژنان دابین بکرێت، بەم شێوەیە باسی لە ئەزموونی شخصی خۆی و ئەو کێشەنە کرد کە بینیبووی: "بۆ هۆی دابونەریتەکانەوە، لە دادگا و لەلایەن کۆمەڵگەوە زوڵمم لێکرا. کاتێک سکپڕ بووم ڕووبەڕووی لێدان بوومەوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی منداڵێک بە نەخۆشیی ئۆتیزم و جوڵەی زۆرەوە بهێنمە دنیاوە. دەبێت یاسا و ڕێکاری وەها دەربکرێن کە پاراستنی ژنان مسۆگەر بکەن، کەرامەت و پێگەیان بپارێزن و ئاسایشی یاسایی و کۆمەڵایەتییان بۆ دابین بکەن."