"لە سووریا شەڕێکی نوێ دژی ئازادی ژنان دەست پێدەکات"

ئیبتیسام حسێن، وتەبێژی کۆنگرەی ستاری قامیشلۆ ڕایگەیاند، حکومەتی کاتی سووریا دەیەوێت بە بڕیار و بیرکردنەوەی ئایینی و پیاوانە ڕۆڵی ژنان لاواز بکات و داوای لە ژنانی سووریا کرد کە ئازادی خۆیان مسۆگەر بکەن و دەستکەوتەکانیان بپارێزن.

عەبیر محەمەد

 

قامیشلۆ-لەگەڵ شکستی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە ٨ی کانوونی یەکەمدا، دەنگە ڕادیکاڵەکانی ناو لایەنگران و چەتەکانی "تەحریر شام (جەبحەت نوسرە) هەتەشە" بە خێرایی بەرزبوونەوە، دەستبەجێ وەزیری نوێی دادی سووریا وتی :شەرعی ئیسلامی جێبەجێ دەکەین، ئێمە ڕێگە نادەین دادوەرە ژنەکان ئەم ڕۆڵە بگێڕن، پێویستە دۆسیەکانیان ڕادەستی دادوەرە پیاوەکان بکەن"، هاوکات لە زۆرێک لە شارەکانی سووریا کە ئێستا لەژێر دەسەڵاتی ئەواندایە، دیمەنی جیاواز سەریان هەڵدا کە بە ژنان دەڵێن پێویستە خۆت داپۆشیت و قژت پیشان نەدەیت.

 

ئەم ڕێبازانە لەژێر ناوی ئیسلامی ڕادیکاڵدا مەترسی زۆریان بۆ ژنان دروستکرد، ئەم ڕێبازانە بوونە هۆی ئەوەی کە پرسیار بکرێت؛ چ جۆرە ئایندەیەک چاوەڕێمان دەکات؟ مرۆڤ دەتوانێت بڵێت لە نێوان گۆڕانکارییەکانی ئێستادا، شەڕێکی نوێ بە ڕوونی لە سووریا دژی ئازادی ژنان دەست پێدەکات. ئەم شەڕە بەسەرپەرشتی پیاو-دەوڵەتە.

 

تێکۆشان دژی عەقڵیەتی نەتەوەپەرستی و زایەندپەرستی

ئیبتیسام حسێن، وتەبێژی کۆنگرەی ستاری قامیشلۆ لەسەر ئەو پرسە قسەی بۆ کردین و  وتی: ژنان هەزاران ساڵە بەرخۆدان و تێکۆشان لە بەرامبەر هۆشیاری نەتەوەپەرستی و زایەندپەرستی دەکەن، پێش شۆڕشی ڕۆژئاوا زەمینەیەک بۆ ژنان دامەزرابوو کە ڕۆڵیان هەبێت، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئامادەیی خۆیان لە کۆمەڵگەدا چالاک بکەنەوە. بۆیە لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا جێپەنجەی خۆیان لەسەر مێژوو بەجێهێشت، هەر بۆیە ئەمڕۆ ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان بوون بە نموونە بۆ هەموو جیهان و دەیانەوێت لە کۆمەڵگەکانیاندا پیشەنگایەتی بکەن.

 

هەڕەشە بۆ سەر ژنان لە پرۆسەی نوێدا

ئیبتیسام حسێن ئاماژەی بەوەکرد، بوونی ژن لە سیستمی ڕژێمی ئەسەددا هەبووە، بەڵام لەسەر بنەمای نەتەوەپەرستی و ئایینپەرستی و یەکلایەنە بووە وتیشی: ژن لە ژێر سێبەری ئەم سیستمەدا بە هۆشیاری پیاو مامەڵەیان دەکرد، ڕەنگە بە هۆشیاری ژنان کاریان نەکردبێت، بەڵام ناتوانین بڵێین ژن لە دامەزراوەکاندا جێگەی خۆی نەبووە. ژنان بە تەواوی لە مەیدانەکە دوور نەخرانەوە”.

 

ڕاشیگەیاند، دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و لەگەڵ هاتنی هەتەشە ئەو بڕیار و ڕێبازانەی کە جێبەجێ دەکرێن وا دەکات ژنان هیچ ڕۆڵێکیان لە ژیاندا نەبێت، جگە لەمەش بڕیارگەلێکی وەک ئەوەی کە ژنان بێدەنگ بن و دادوەرە ژنەکان بەشداری لە بەشی داددا نەکەن، هەموو ئەمانە دژی ئازادی و بوونی ژنن، تەنها ژنان دەتوانن دادپەروەری بکەن و لەگەڵ عەقڵیەتی زایەندپەرستیدا نەبن، ئایینی ئیسلام بە شێوەیەکی هەڵە دژی ژنان پەیڕەو دەکرێت.

 

"ئیرادەی ژنانی ڕۆژئاوا لە سیستمی زایەندپەرستی گەورەترە"

 

ئیبتیسام حسێن ئاماژەی بەوەشکرد، لە سیستمی نوێدا ئەو بڕیارانەی سەبارەت بە ژنان ڕاگەیەندراوە لەلایەن حکومەتی کاتیەوە هەرگیز قبوڵ ناکرێت و وتی: ئەو بڕیارانە لەلایەن ژنانەوە قبوڵ ناکرێت، بەتایبەتی ئێمەی تەڤگەری ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەمە قبوڵ ناکات، دژی ئەم بڕیارانە تێدەکۆشین، ئەمڕۆ ژنان وەک جاران ڕەفتار ناکەن، لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا هۆشیاری ژنان و کۆمەڵگە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، تا ڕادەیەک هەنگاو بەرەو ئازادی هەردوو ڕەگەز نراوە.

 

بانگەوازی "لە بەرامبەر هەوڵەکانی لاوازکردنی ژنان بێدەنگ مەبن"

ئیبتیسام حسێن سەرنجی بۆ هێز و دەستکەوتەکانی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاکێشا، جەختی لەوە کردەوە لە بەرامبەر بڕیارەکانی دژ بە ئازادی ژنان بەرخۆدان دەکەن و وتی: ئێمە ئەو ژنە بێدەنگ و بێدەسەڵات و بێ ڕەنگ و بێ ڕۆڵانە نین، هێزی یەپەژەمان تیرۆری داعشی تێکشکاند، ئەمڕۆ هەزاران ژنی شەڕڤان و بەرخۆدێرمان هەیە، ئەمڕۆ ئێمە خاوەنی ئیرادە، لەشکر، عەقڵ و هەڵوێستێکی ئازادمان هەیە، نابێت بێدەنگ بین لە بەرامبەر هەوڵەکانی لاوازکردنی ژنان.

 

گرتنەبەری هەنگاوی مێژوویی بۆ ڕزگارکردنی ژنان

ئیبتیسام حسێن ئاماژەی بەوەشکرد، کە بە گرتن و کوشتنی ژنان هەنگاوێک ناگەڕێنەوە دواوەو لەکۆتایی قسەکانیدا وتی: لە شەڕی حەلەب و شەهبادا، بینیمان چۆن چەتەکان شەڕڤانانی ژنیان گرت، ئەوان دەیانویست لە ڕێگەی توندوتیژی و تۆقاندنەوە پیاوسالاری خۆیان دەربخەن و ئەو دیمەنانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبکەنەوە، ئەمە بیرکردنەوەی داعشە، دەیانەوێت ترس بخەنە دڵی ژنانەوە. ئەگەر هەزاران ژنیش بە دیل بگیرێن و بکوژرێن و ئەشکەنجە بدرێن، پاشەکشە ناکەین، بەپێچەوانەوە هەنگاو دەنێین بۆ پێشەوە بۆ ئازادی تەواوەتی ژنان و پێکهاتەکان، هاوکات کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان و دیموکراسی بە ئازادی هەردوو ڕەگەز بونیاد دەنێین