لە سلێمانی شاندی دەم پارتی و دەبەپە لەگەڵ ڕۆشنبیرانی باشووری کوردستان کۆبوونەوە

لەدرێژەی سەردانەکەیاندا لە شاری سلێمانی، شاندی دەم پارتی و دەبەپە، لەگەڵ ڕۆشنبیران و کەسایەتییەکانی باشووری کوردستان، سەبارەت بە پرسی ئاشتی گفتوگۆیان ئەنجامدا.

سلێمانی

 

ئێوارەی دوێنێ ٢٧ی ئادار، لە هۆڵی هۆتێل هایکریستی شاری سلێمانی، لە لایەن شاندی دەم پارتی و دەبەپە، کە پێکهاتوون لە کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی دەبەپە، بەردان ئۆزتورک و ئەبرۆ گونەی، هاوسەرۆکانی پەیوەندیەکانی دەرەوەی دەم پارتی، ساڵیحە ئایدەنیز، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە مێردین و عەدالەت چیمەن فیدان، ئەندامی تەژەئا،  کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژی نەتەوەیی لە بارەی دۆخی دوای تورکیا و باکووری کوردستان و پەیامی سەدە، بە ئامادەبوونی ڕۆشنبیرانی شاری سلێمانی بۆ تاوتوێکردنی پرسی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کۆبوونەوەیان ئەنجامدا.

 

عەدالەت چیمەن فیدان، ئەندامی توڤگەری ژنانی ئازاد لە باکووری کوردستان (تەژەئا) ئاماژەی بەوەکرد، بانگەوازی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان تەنیا بۆ جاری یەکەم نییە بەڵکو لە ساڵانی ١٩٩٣وە بانگەوازی بۆ پرسی چارەسەری گەلی کورد و ئاشتی لەهەرێمەکەدا دەکات، ٥٠ساڵ تێکۆشانێکی بێ هاوتا کرا، لە باکووری کوردستاندا زمان و چاند و هەبوونی کورد ئینکاردەکرا، لەگەڵ ئەوانەشدا تێکۆشانێکی بێهاوتا کراوە، هەر وەک دەزانیین زیاتر لە ٥٠ساڵە دەوڵەت باخچەلی دوژمنایەتی لەگەڵ گەلی  کورددا دەکات، دوواتر بینیمان کە لە بانگەوازی یەکەمدا داوای کرد کە بەڕیز ئۆجەڵان بێتە ئەنجومەن و بانگ بکات.

 

عەدالەت چیمەن فیدان وتیشی: ئەم پرۆسەیە لە دوو خاڵ پێکدێت، دەستپێک شەڕی رۆژهەڵاتی ناەڕاست کە تایبەت بۆ تۆرکیاش گرنگە، دەوڵەتی باخچەلی بۆ ئەوەی کە دەوڵەت لەم ئاڵۆزییە بپارێزیت هەندێک فکر و گومانی هەبوو، دووەم ٥٠ساڵە کە خەبات و تێکۆشانێکی گەورە بەڕیوە دەچێت، بەس گەلی کورد بە خۆڕاگرییەکی گەورە تیكۆشانی کرد. هەروەها ٢٦ساڵە تەجرید لەسەر بەڕیز عەبدوڵا ئۆجاڵان هەیە، بە تایبەت لە چوار ساڵی کۆتاییدا چاوپێکەتنیش نەدەکرا، بۆیە بەرخۆدانێکی گەورە و بە واتا ڕێبەری گەڵی کورد بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان لە ئیمرالی فێری ئێمەی کرد، لە ڕاستیدا ئەمە بووە هۆکاری ئەوەی کە دەوڵەتیش تەنگاو ببێت، لە ڕاستیدا لە نەورۆزی ئەمساڵدا گەلی کورد وڵامی پەیامی ئاشتیان دایەوە، لێرەدا دیار بوو کە چەندە ڕێخستن و سازی و گەل بۆ پێشوازی کردنی پڕۆسەی ئاشتی ئامادەیە، و دەیانهەوێت کۆمەڵگەیەکی دیموکڕاتیک ئاوا بکەن."

 

عەدالەت چیمەن فیدان لە کۆیایی قسەکانیدا وتی:"پێویستە ئەمەش باش بزانین کە لە دووای بانگەوازییەکەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان، (پ،ک،ک) لە ماوەیەکی زۆر کورتدا وڵامی دایەوە و بانگەوازی ئاگربەستی کرد. وەک دیارە لێرەدا دەوڵەتی تورکیا هەتا ئێستاش هەنگاوێکی بۆ وڵامدانەوەی ئەم پڕۆسەیە نەکردووە. لە گەڵ ئەوەشدا بینیمان کە لە ٨ی ئادار و نەورۆزدا ژنان لەگەڵ بانگەوازی پڕۆسەی ئاشتی بەڕێز عەبدوڵا  ئۆجاڵان ژنان بە هەستی ئاشتەوایی لە هەموو مەیدانەکاندا بە ڕەنگێکی جیاوازتر دەرکەوتن و پێشەنگایەتییان کرد."

 

" دەم پارتی سیاسەتی خۆی بۆ بەرژەوەندی، گەل، ژن و گەنجان بەڕێوەدەبات"

ئەبرۆ گونەی، وتەبێژی کاروباری دەرەوەی دەم پارتی، وتی: بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان لە ڕێگەی پرسی ئاشتیەوە دەستکەوتەکانی گەلی کورد بەدەستدەهێنێت، بەس دیارە کە بەرێز عەبدوڵا ئۆجالان تەنیا ئەو کاتەی کە وەزارەتی دادی تورکیا ڕێگە بدات دەتوانێت چاوپێکەوتن بکات، بۆیە ئەمە قەبووڵ ناکرێت و پێویستە بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆسەی ئاشتی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت، هەروەک دەزانیین مەهەپە پارتییەکی نەژادپەرەستە و هەروەها جەهەپەش بۆ ڕابردووی کوردان بیرەوەرییەکی باشی نییە، بەس بانگەوازی بەڕێز ئۆجالان ئەوە دیار دەکات کە ئەمە سەردەمێکی گۆڕانکارییە، بۆیە پیویستە سیاسەتی دەوڵەتی تورکیاش بگۆردرێت،هەروەها لایەنەکانیتریش بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد سیاسەتی خۆیان بگۆڕن، لە سیاسەتی دیموکراتیکدا لە هەندێک بابەتدا دەتوانین لەگەڵ پارتی جەهەپەدا بۆ چارەسەر کێشەکان بێینە لای یەکتر، گفتوگۆ بکەین یان پشتگیری بدەینە یەکتر، بۆ نموونە لە دژی گرتنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵۆ سەرۆک شارەوانی گەورەی ئەستەنبوڵ ئێمە پشتگیریمان پێدان، بەس ئەمە بەو واتایە نابێت کە ئێمە لایەنگری جەهەپە یان هەر لایەنێکیترین، دەم پارتی بە سیاسەتی خەتی سێیەمین، خەتێکی بێ لایەن بەڕێوە دەبات، واتە دەم پارتی سیاسەتی خۆی بۆ بەرژەوەندی، گەل، ژن و گەنجان بەڕێوەدەبات.

 

"ئەگەر پرسی کورد لە باکووری کوردستان چارەسەر ببێت ئەوە لە هەر سێ پارچەکەی تری کوردستانیش چارەسەر دەبێت"

ساڵیحە ئایدەنیز، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە مێردین وتی: بۆ بەڕێوە بردنی پڕۆسەی ئاشتی چاوەڕوانییەکانی گەورەمان لە پشتییوانییەکانی باشووری کوردستان هەیە، هەروەها پێویستە کە هەر چوارپارچەی کوردستان بە یەکیتی پشتیوانی لەم پڕۆسەیە بکات، دیارە کە ئەگەر پرسی کورد لە باکووری کوردستان چارەسەر ببێت ئەوە لە هەر سێ پارچەکەی تری کوردستان پرسی کورد چارەسەر دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا کاریگەری بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، بانگەوازی ئاشتی تەنیا لە ٢٧ی شوباتدا سنووردار نییە، هەروەک دەزانیین لە ١ی شوباتدا دەوڵەت باخچەلی لە ئەنجومەندا دەستی درێژی دەم پارتی کرد و وتی 'دەمانەوێت ئەم پرسە چارەسەر بکەین'. لێرەدا دیار دەبێت کە ڕاپەڕینی گەلی کورد لە ١٠٠ساڵی ڕابردوو و هەروەها تێکۆشانی ٥٠ساڵی ڕابردوو بووە هۆکاری تەنگاو بوونی دەوڵەتی تورک و مەجبووری چارەسەری کرد، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گەلی کورد بە بەرخۆدانی و تێکۆشانی خۆی لە بواری سیاسی، کۆمەڵایەت و ڕێخستن بووندا بووە بە ئەکتەرێکی بە کاریگەر بۆ ولاتانیترێش، پێشتر دەسەڵاتدارن بۆ دوژمنایەتی کردن لەگەڵ گەلی کورد دەهاتن بۆ لای یەک، بەس ئێستا دەبینین بۆ ئەوەی دۆستایەتی بکەن و لە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاستدا بە ڕەنگێکی جیاوازتر ببنە هێز تێنە لای یەک. دەوڵەتی تورکیا بە بینینی بارودۆخی سووریا، عێراق و ئێران هەستی بە خەتەری کرد، دیارە کە دەوڵەتی تورکیا هەم لە بوواری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیدا لە ناو زەحمەتییەکدایە، و دەزانێ بۆئەوەی کە لەم زەحمەتییە خۆی  دەرباز بکات پێویستە لەگەل کورداندا ببێتە دۆست.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، هاوکات لە ساڵانی ٢٠١٥ و ٢٠١٣ دا حکومەت ویستی کە پرسی کوردان چارەوسەر بکات، ئەمجارەیان باخچەلی لەسەر ناوی دەوڵەت هەنگاوێکی ئاوێت، چونکە دەزانێت کە شەڕ و ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگاتە تورکیا و دەیخاتە ناو شەڕ، هەرچەند دەزانیین کە دەوڵەت باخچەلی چەندە دەیەوێت کە کێشەی پرسی کورد چارەسەر بکات، هاوکات دەیەوێت گەلی کوردیش لە ناو ببات.

 

" ژن هەردەم پێشەنگایەتی لە خەباتی سیاسیی و شاخدا کردووە"

شاناز ڕەمزی هیرانی، چاودێری سیاسیی بۆ ئاژانسەکەمان ئاماژەی بەوەکرد، لە درێژەی سەردانی کردنی شاندی دەم پارتی و دەبەپە، لە ناویاندا تاوتوێکردنی پرسی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەرکێکی نەتەوەی و مێژووی دەبێت، وتی: لێرەدا باس لە تێڕوانینەکانی ڕۆشنبیرانی باشووری کوردستان بۆ سەر هەبوونی پرسی ئاشتی و تاوتوێکردنی پرسەکە دەکرێت، تا بتوانن تەواوی پارچەکان و هاوڵاتیان ئاگاداری پرسی ئاشتی بکرێتەوە، سەرکەوتنی پرسی ئاشتی لە باکووری کوردستاندا بۆ تەواوی گەلی کوردستان دەستکەوتێکی گرنگ دەبێت.

 

شاناز ڕەمزی هیرانی لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: کاریگەریەکانی ژنان لە گۆڕانکارە مێژوویەکەی پرسی ئاشتیدا ڕۆڵی گرنگ دەگێڕن، ژنان لە چالاکییەکانی سەر شەقام و کردنەوەی ئاگری نەورۆز لە شەقامەکانی کوردستاندا تا دەگاتە پرسی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕستدا ڕۆڵی گرنگیان هەبووە، خەباتەکانی ژنان لە شاخ و شاردا ڕۆڵی گرنگیان لە بەرەوپێشبردنی پرسە نەتەوایەتییەکاندا دەبێت، هەردەم ژنانی باکووری کوردستان و ناوچەکانی دیکە پێشەنگایەتیان بۆ ژنانی باشووری کوردستان بە خەبات و چالاکییەکانیان کردووە.