بە دروسشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە شوێنی شەهیدکردنی یادی ناگیهان ئاکارسەل کرایەوە

پاش تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر شەهیدکردنی ناگیهان ئاکارسەل، ناسراو بە "هەڤاڵ زیلان "، بە دانانی چەپکە گوڵی وەفا و داگیرساندنی مۆم لە شوێنی شەهیدکردنەکەی لە لایەن هاوڕێ و هاوکارەکانییەوە بەبیرهێندرایەوە.

سلێمانی

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ٤ی تشرینی یەکەم، لە گەڕەکی بەختیاری  شاری سلێمانی، لە شوێنی شەهیدکردنی ناگیهان ئاکارسەل،  نووسەر و ئەکادیمیست و پیشەنگی ژنۆلۆژی ناسراو بە "هەڤاڵ زیلان " لە لایەن هاوڕێ و هاوکارەکانی بەبیرهێندرایەوە، سەرەتا بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان، دانانی چەپکە گوڵ و داگیرساندنی مۆم مەراسیمەکە دەستیپێکردو پاشان پێشکەشکردنی پارچە میوزیکیک لە لایەن ماریا موستەفا، کە یەکێکبوو لەو میوزیکانەی شەهید زیلان هەردەم گوێی لێدەگرت پێشکەش بە ڕۆحی ئەو شەهیدە کرا. 

 

لە لایەن سارا ڕەزا، چالاکوانی سیاسی ڕاگەیەندراوێک بە ناونیشانی "یادی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر شەهیدبوونی ناگیهان ئاکارسەل ناسراو بە هەڤاڵ زیلان" خوێندرایەوەو وتی: بەڕێزان بەر لە سێ ساڵ لە ئێستا، ڕۆح و هەستی ئێمەی  ژنان و کۆمەڵگەکەمان برینێک کرایەوە، هەڤال و هاوڕێمان ناگیهان ئاکارسەل کە سادەترین چەکی، بەرگریی لە خود، نیشتمان و کۆمەڵگەکەی، هزر و قەڵەمەکەی بوو، لە کاتێکدا لەگەڵ ژنانی باشووری کوردستان سەرقاڵی دامەزراندنی  ناوەندی ئەرشیف، توێژینەوە و پەرتوکخانەی ژنی کورد"بوو، کرایە ئامانجی هێرشێکی تیرۆریستانە، ئەو برینە قووڵەمان بە هێندەی قورسی و گرانییەکەی، ئەوەندەش کین و نەفرەتی پیرۆزی لە ناخ و هەستماندا بە زیندوویی هێشتەوە، ئێمە تەنها بەوەوە نەوەستاوین، غەمگینی خۆمان دەردەبڕین و دەسەوەستان بین، بەڵكو ئەو فێری کردین پێکەوە خەونەکەمان بەدی بهێنین، خەونی گەیشتنی ژنی کورد بە سەرچاوەی مێژوو و بوونی خۆی لە ڕێی بەرهەمەکانیانەوە، لە ڕێێ مێژوو نووسراو و نەنووسراویەوە، هەڵبەتە تیرۆرکردنی ناگهان بەدەستی تاریک پەرستانی داگیرکەر، لە کاتێکدا مرۆڤە ویژدان زیندووەکانی هەژاند، بەڵام لە ئێمەدا پێداگریی لەسەر خەونەکانی ناگیهان بەهێزتر کرد، زمانی ئێمە جیاوازبوو لە وەڵامدانەوەی ئەو تیرۆرە، ئێمە بەو مێژووە ئازادیخوازییەی بە ڕەنج و تێکۆشان و قوربانیدانێکی زۆر بونیادمان ناوە، ئەوەندا لە مێژوو تێگەیشتووین، کە بە تێکۆشان، ڕەنج و بەردەوامی و پێداگر لەسەر ئامانجەکانمان، ئەو دەنگە بگەیەنینە هەموو جێیەک.

 

وتیشی: ئێستا وتار و ئامانجەکەی ناگیهان ئاکارسەل گەیشتۆتە زۆر جێگەی جیهان، لە کاتێکدا ئەم یادە دەکەینەوە، ژنانی عەرەب، کە تەلۆنیی، باسک و هەرێمەکانی ئیسپانیا و لاتین ئەمریکا، ژنانی ئیتاڵیا، ئەڵمانیا، سکۆتلاندا، ئامادەکاری بۆ ناساندنی کتێبەکەی ناگیهان ئاکارسەل دەکەن، بەڕەنج و ماندووبوونی خۆیان وەرگێڕانیان بۆی کرد و بە پابەندبوون بە یادەوەرییەکانی دەیانەوێ ببنە پاڵپشتێک بۆ پرۆژە و خەونەکان، ئیتر لەم دونیایەدا ئێمە بە تەنیا نین، تەنیا چیاکان دۆست و پشتمان نین، بەڵکو ڕەنج و تێکۆشانی ژنان بە بواری ئەرشیف، کتێب، وێژە و وشەوە خۆی گەیاندۆتە ئەوپەڕی جیهان، ناسنامەی ژنی کوردی ئازاد ئیتر ناسنامەیەکە جێی شانازییە، جیهان لە ئێمەوە ئیلهام وهیوا وەردەگرێت، ئەوە بۆ ئێمە یەکێکە لە پاڵنەرەکانی بەردەوامیمان، هەڵبەتە بۆ ئێمە پاڵنەری سەرەکی بەردەوامیمان لە هێز و وزەی ئەو ژنانەدایە، کە وێڕای زەحمەتییەکان تائێستاش بە ڕێز و خۆشەویستیەوە بەردەوامن لە گەڵمانە، ناگیهان ئاکارسەل بەو خەباتەی ئەنجامی دا، گەڕانەوەی بۆ ڕیشەی بەها کۆمەڵایەتییەکان و ئەو ڕایانەی  بەدەستی ژن خوڵقاوە، زیندووکردەوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: لە کۆکردنەوەی ئەو بەرهەمانەی ژنان نووسویانە و ئەوانەشی لەسەر ژنانی کورد نووسراوە هەنگاوی گرنگی نا، ئێمەش درێژەمان بەو کارانە دا، ئێمە لەو ڕەوتەمان بەردەوامین و بەڵێنمان بە ژنانی کورد داوە؛ بەهاوکاری ئەوان درێژە بە خەونی ناگیهان دەدەین، لە ساڵیادی شيهید ناگیهان ئاکارسەلدا لە باشووری کوردستانەوە سۆز و پەیمان و وەفاداریمان دوپات دەکەینەوە بۆ ڕێگای تێکۆشانی شەهید و بەڵێن دەدەین ڕێبوارێکی بە ئەمەک بین بۆ ئەو ڕێگایەی کە شەهید لە باشووردا ڕەنجێکی مەزنی پێبەخشی.

 

"یادی شەهید زیلان بەرز ڕادەگرین " 

بەیان فەرەج، بنەماڵەی شەهیدو لە کۆمیتەی شەهیدان ئاماژەی بەوەکرد، بەدەستی تیرۆرستان شەهید ناگیهان تیرۆرکرا، ترسان لە دەنگی ژنێکی ئازاد بوە هۆکاری تیرۆرکردنی ژنێکی پڕ زانست،  وتی: دوژمنانی کورد لە ژنێکی ئازادی خواز و پڕ لە زانست دەترسن بۆیە شەهیدیان دەکەن، لە کاتی کارکردندا بەڕێدەکەوت بۆ کردنەوە و خۆ ئامادەکردنی ناوەندێکی ژنان تا بتوانن تەواوی دەستکەوت و زانستەکانی ژنی تێدا ئەرشیف بکەن، شەهید کرا، بەڵام ئێمە ساڵانە ئەو یادە بەردز دەنرخێنین، شەهدی زیلان شەهید بوو، بەڵام ئیمە ەسەر زانستی ژنۆلۆژی درێژەدەری ڕێ و ڕێبازی شەهید زیلان دەبین. 

 

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: شەهید ناگیهان و چەندین شەهیدی دیکە لە پێناو زانست و ئازدی ژندا شەهید کراوە،بەڵام ئێمەی ژن لە باشووری کوردستان بەڵێنی بەردەوامی و درێژەدەری خەباتی دوپات دەکەینەوە، تا دوا دڵۆپی خوێنمان بەردەوام دەبین و هەردەم لە دڵماندا خۆی و خەباتی ژیان دەکەن.


          [album=10173]