"ڕێبەر ئۆجالان دووپاتی دەکاتەوە کە دیموکراتیک بە دانوستان کلیلی چارەسەرە لە تورکیا"

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە میانەی دیدارەکەیدا، لەگەڵ شاندی دەم پارتی داوای پەسەندکردنی مۆدێلی دیموکراتیکی دانوستانکراو بۆ چارەسەرکردنی پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان کرد، جەختی لەسەر دامەزراندنی کۆماری نوێ لەسەر بنەمای یاسایی کردەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

شاندی دەم پارتی دوێنێ ٣ی تشرینی یەکەم، لە زیندانی ئیمرالی سەردانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان کرد، شاندەکە پێکهاتبوو لە پەرلەمانتاران پەروین بوڵدان و مەدحەت سنجار، لەگەڵ فایەق ئۆزگور ئەرۆڵ، پارێزەر لە فەرمانگەی یاسایی سەدە.

 

دوابەدوای سەردانەکە ڕاگەیەندراوێک بڵاوکرایەوە کە گرنگترین ناوەڕۆک و وردەکارییەکانی کۆبوونەوەکە ئاشکرا دەکات.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: رۆژی ٣ی تشرینی یەکەم لە زیندانی ئیمراڵی کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجامدا، کە نزیکەی سێ کاتژمێر و نیوی خایاند، وەک هەمیشە بەڕێز ئۆجالان ڕۆحی بەرز و تەندروستی باش و متمانەی بەخۆبوو.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ئاماژە بەوە کراوە، کە پڕۆسەی ئاشتی و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی کە ساڵێک لەمەوبەر دەستی پێکردووە، بەشدارییان کردووە لە دامەزراندنی دەوڵەتی ناتوندوتیژی لە وڵات و دوورکەوتنەوە لە هەڕەشە ڕاستیەکان، هەروەها هەموو ئەوانەی بەشدارن لەم پرۆسەیەدا هەوڵێکی گەورە و شەرەفمەندانەیان داوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ڕوونکراوەتەوە کە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕایگەیاندووە، کە لە نێو ئەو مۆدێلە گرنگانەی کە شارستانیەت دوای سێ سەدە لە ململانێی وێرانکەر و زیانێکی قورس لە شەڕە جیهانییەکاندا پەرەی پێداون، دیموکراتی دانوستانکاری جیاوازە، وتی: ئەو شێواز و میکانیزمانەی کە بنچینەی ئەم مۆدێلە پێکدەهێنن، دەبێ بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە زۆرانەی ڕووبەڕووی تورکیا دەبێتەوە لە ناوخۆ و دەرەوەدا بگیرێنەبەر و پێشنیاری کرد کە دیموکراتی دانوستاندن لە هەموو پەیوەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتیکەکاندا زاڵ بێت.

 

ئاماژە بەوە کراوە، کە ڕێبەر ئۆجالان جەختی لە پابەندبوونیان بە بڕگەکانی ئەو بانگەوازەی کردووەتەوە، کە لە ٢٧ی شوباتدا بڵاویکردووەتەوە، هەروەها پەرەپێدانی پرۆسەکە پەیوەستە بە مەرجە سیاسی و یاساییەکانەوە، لەگەڵ گرنگی پێناسەکردنی وردی ئەم مەرجە یاساییانە لە ڕوانگەیەکی گشتگیرەوە و کارکردن بۆ جێبەجێکردنیان کردەوە.

 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکە ئاماژە بەوەشکراوە، کە ڕێبەر ئۆجالان جەختی لەسەر پێویستی بونیادنانی سەدەی نوێی کۆمار لەسەر بناغە یاساییەکانی ئاشتی و دیموکراتیک کردەوە.