لە شەهبا بۆ سەلامەتی خوێندکاران چادر دانرا

کۆمیتەی پەروەردەی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی عەفرین- شەهبا، بەهۆی بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات و مەترسییەکانی، لە شوێنی خوێندنگەکان بۆ سەلامەتیی خوێندکارەکان چادریان کردەوە.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا- لە بوومەلەرزەکەی 6ی شوباتدا دەیان هەزار هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا، کانتۆنی شەهباش لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کاریگەری بوومەلەرزەکەی لەسەربوو، لەئاکامدا زیان بەخوێندنگەکانی هەرێمەکە گەیشتووە و چەندین کەسیش برینداربوون، بۆ پاراستنی خوێندکاران لەو مەترسییە بەردەوامە کۆمیتەی پەروەردەی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی عەفرین-شەهبا چادری بۆ خوێندکاران داناوە.

 

٣٣ چادر لە خوێندنگەی ناوچەی ئەحداس کرایەوە و ٢٠ چادریش لە گوندی تل-قرە کرایەوە هەروەها چوار چادریش لە پەیمانگەی ڤیان کرایەوە.

 

٥٣ چادر کرانەوە

شەرڤین عەلۆ، بەڕێوەبەری دەستەی پەروەردەی عەفرین-شەهبا، ڕایگەیاند کە دوای بوومەلەرزەکەی ڕۆژی ٦ی شوبات چادریان بۆ خوێندکاران کردەوە و وتی: "لە ئەنجامی بوومەلەرزەکە چەندین زیانی مادی و جەستەیی لە شەهبا ڕوویداوە قوتابخانەکانمان کاریگەری ئەو کارەساتەیان لەسەربوو، خوێندکارەکان ماوەیەک لەخوێندن دابڕاون، بۆیە وەک دەستەی پەروەردە چارەسەرێکی بەپەلەمان دۆزیەوە کە بریتییە لە کردنەوەی چادر بۆ خوێندکاران بۆ درێژەدان بە خوێندن، ئامانجمان پاراستنی سەلامەتی خوێندکارانە، ٣٣ چادر لە ناوچەی ئەحداس کرایەوە، لەگوندی تل-قرە بەهۆی ٢٠ چادر کراونەتەوە، لە ئەنجامی ئەو شەڕەی پیشتر لەو ناوچانەدا ڕوویدا، خوێندنگاکان زیانی زۆریان پێگەیشتووە و دەبێت ئەو خوێندنگایانە هەڵبوەشێندرێن، بۆیە ئێمە ئەم بڕیارەمان داوە".

 

سەرەرای سەختییەکان خوێندن بە زمانی دایک بەردەوامە

لەیلا موسا، خویندکاری قۆناغی ١٠ کە لەژێر چادردا درێژە بە خوێندن دەدات، وتی: "من بەردەوامم لەخوێندن لە ئەحداس بەهۆی باری بوومەلەرزەوە بۆ سەلامەتی ئێمە دەستەی پەروەردەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک لەبری قوتابخانە چادریان کردووەتەوە، هەرچەندە زۆر زەحمەتی لە ژێر چادرەکاندا دەبینین بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و گۆڕانی کەشوهەواوە، بەڵام سوپاسی مامۆستاکانمان دەکەین کە ئەم دەرفەتەیان بۆ دابین کردوین، هەروەها بەهۆی ئەو گەمارۆیەی بەسەرماندا سەپێنرابوو نزیکەی مانگێک لەخوێندن دووربووین، چونکە سوتەمەنی بۆ خوێندکاران بەردەست نەبوو، سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگانە بەردەوامین لە خوێندن بە زمانی دایک، پێویستە یارمەتی خوێندکاران بدرێت بۆ ئەوەی بتوانین جارێکی تر بڕۆینەوە ناو خوێندنگاکانمان".