لە ٩ی ئاداری ٢٠٢٢ تا ٧ی ئاداری ٢٠٢٣؛ زیاتر لە ٣٩٥٣ ژن لە ئێران دەستگیرکراون

گروپێک لە چالاکوانانی مافی مرۆڤ لە ئێران ئامارێکیان بڵاو کردەوە کە دەریدەخات لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٣ هەزار و ٩٥٣ ژن دەستگیرکراون.

ناوەندی هەواڵ

 

لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، ژنان بە شێوەی جۆراوجۆر بەرنامەی کاری جێبەجێکردن لەسەر بەرەنگاربوونەوە و توندوتیژی و جیاکاری دژی ژنان ئەنجامدەدەن، بەڵام لە ئێران هێشتا سنووردارکردن و دەستڕاگەیشتن بە یەکسانی مافەکان بووەتە بەربەستی بەردەمی ژنان و ژمارەیەکی زۆر لە ژنان بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە مافە پێشێلکراوەکانیان لە زینداندان.

 

بە گشتی چالاکوانانی مافی مرۆڤ ئامارێکیان بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوەدا کە لە دوای ئەو شۆڕشەی بە کوشتنی ژینا ئەمینی دەستیپێکرد، لە ٩ی ئاداری ساڵی ٢٠٢٢ تا ٧ی ئاداری ساڵی ٢٠٢٣ زیاتر لە سێ هەزار و ٩٥٣ ژن دەستگیرکراون، لەگەڵ چەندەها زیندانی دیکە کە تا ئێستا زانیاری لەسەریان دەستنەکەوتووە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆی ژمارەی ئەو ژنانەی کە دەستنیشانکراون، ١٦٠ کەسیان خوێندکاری قوتابخانە جیاوازەکان بوون، هەروەها مەزەندە کراوە کە زیاتر لە ٦٦ ژن لەکاتی ناڕەزایەتییەکاندا گیانیان لەدەستداوە.

 

هەروەها چالاکوانانی مافی مرۆڤ ڕایانگەیاندووه که لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە دوو هه زار و ٣٠٠  ژن بەهۆی دژایەتیکردنی حیجابی زۆرە ملێ سەرزەنشتکراون، زیاتر لە ١٦ ژن و٧ پیاویش بە بیانووی درۆ کوژراون، جگە لەوەش زیاتر لە ١٤ زیندانی لە زیندانەکانی ئێران لەسێدارەدراون و دوو کەسیش دیکەش بڕیاری سێدارەیان لەسەر دراوە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ٩٢ حاڵەتی داخستنی سەندیکا و ڕێکخراوەکان هەبووە بەهۆی دژایەتیکردنی حیجابی زۆرە ملێ، لەگەڵ ٦٢ حاڵەتی جیاکاریی ڕەگەزی ڕاپۆرتی لەسەر دراوە، لەماوەی ئەمساڵدا ٣٨ حاڵەتی کوشتنی ژنان و ١٤ لێدان و زیاتر لە ١٢ حاڵەتی خۆکوژی کە چواریان خۆسووتاندن بوون تۆمارکراوە.

 

لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ ەوە زیاتر لە ٢٩٠ هێرش بۆ سەر قوتابخانەکان تۆمارکراوە، کە کاریگەری لەسەر ٧٦٨ خوێندکار هەبووە و ئەم ژمارەیەش کە هەژمارکراوە تەنها لە ١٠٣ قوتابخانەوە وەرگیراوە.

 

حاڵەتەکانی هێرشکردن زیاتر لە ٩٩ شار لە کۆی ٢٨ پارێزگا لە تاران بە ٣٣ حاڵەت، قوم بە ٢٨ حاڵەت، ئەردەبیل بە ٢٦ حاڵەت، پارێزگاکانی کۆهگیلویە و بوێر ئەحمەد بە ٢١ حاڵەت، و پارێزگای خوزستان بە ٢٠ حاڵەت تۆمار کراوە.