ژنان بوونەتە هەڵگری ئاڵای بزووتنەوەی ئازادی هەموو ئێرانییەکان"

بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی ژنان، کۆمەڵەی نووسەرانی ئێران بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە؛  ٨ی ئادار ئەو ژنانە بیردەخاتەوە کە ناڕەزایەتیان  نیشانداوە، دوای هەر سەرکوتکردنێک بەهێزتر لە جاران هەنگاوی ڕێکخراویان لە ڕێگای گۆڕانکاریدا ناوە بۆ خەبات و تێکۆشان.

ناوەندی هەواڵ

 

لەگەڵ نزیکبوونەوەی ڕۆژی ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنان و شەشەمین مانگی شۆڕشی ژنان لە دژی ڕژێمی ئێران، یەکێتی نووسەرانی ئێران بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: داواکاری یەکسانیخوازانەی ژنان تەنیا کاتێک بەدی دێت کە هەڵوەشاندنەوەی یاساکانی ئێستای دژە مرۆڤەیاتی و نەهێشتنی هەڵاواردنی سیستماتیک بۆ گۆڕانکاری بنەڕەتی دابین بکات.

 

دەقی بەیاننامەکە بەم شێوەیەیە:

٨ی مارس بیرهێنانەوەی ئەو ژنانەیە کە ناڕازین لە دۆخی ئێستا و هەنگاوێکی ڕێکخراویان لە ڕێگای گۆڕانکاریدا ناوە و دوای هەموو سەرکوتکردنێک بەهێزتر لە پێشوو گەڕاونەتەوە بۆ مەیدانی خەبات و تێکۆشان، هەر جارێک ژن لە گۆشەیەکی جیهاندا هەڵدەستێت مێژووی خەباتی ژنان لەدایک دەبێتەوە، ئەمجارە ژنانی ئێران سەرباری هەوراز و نشێویەکان خەباتی ژنانیان گەیاندە قۆناغێکی نوێ و بە هاوارەکانیان لە سەرانسەری جیهاندا دەنگێکیان دروست کرد.

 

ئەمجارەیان ئەو ژنانەی کە سەدان ڕۆژ دوای کوشتنی ژینا ئەمینی بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" هاتنە شەقامەکانی ئێران بۆ نیشاندانی داخوازییەکانی نیوەی کۆمەڵگەی ستەملێکراوی ئێران، بوونە هەڵگری ئاڵای ئازادی بزووتنەوەی هەموو ئێرانییەکان.

 

کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە لە دژی ژنان وەستاوەتەوە، نیوەی کۆمەڵگەی لەناوبرد و بە شێوەیەکی سیستماتیک دەستی کرد بە سەپاندنی دەسەڵاتی سەرکوتکاری بۆ چەوساندنەوەی نیوەکەی تری کۆمەڵگە، بە خۆشحاڵییەوە دەنگدانەوەی دەنگی ژنان کە ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە حیجابی زۆرەملێ لە ٨ ئاداری ساڵی ١٩٧٩ لە نەبوون و بێدەنگی پیاواندا بوو، بەڵام جارێکی دیکە دوای ٤٤ ساڵ لە شەقامەکانی ئێران دەنگی دایەوە.

 

ئەو ژنانەی لە شەش مانگی ڕابردوودا ناڕەزایەتیان دەربڕی، بێ ئاگانەبوون بوون لە مێژووی ٥٠ ساڵەی دەستدرێژی ناو زیندانەکان، سەرەڕای ئینکاریەکان و پەردەپۆشکردنەکانی ڕژێمی ئێران بۆ ئەو تاوانانەی ئەنجامی دەدات، ئەوان ئاگاداری ئەو نادادی و نایەکسانییانە بوون کە بەدەستیەوە دەناڵێنن و بە چاوی خۆیان دەیانبینی کە لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردندا جلوبەرگ و جەستەیان و کەسایەتیان دەبێتە مایەی فشار خستنە سەریان.

 

هەر لەبەر ئەم هۆکارە بوو کە فیشەک بارانیان کردن، ڕووبەڕووی شەڕ و لێدان و سوکایەتی و زەلیل و زیندان و دەستدرێژی و ئەشکەنجە بوونەوە، ئەوان لە پەیڕەوکردنی ئەو ڕێبازە مێژووییەی درێژەیان پێدابوو بەردەوام بوون لە هاوارکردن لەسەر پێویستی گۆڕانکاری و بانگەوازیکردن لە هەموو لایەک بۆ بەشداریکردن لە ڕیزەکانی خەبات.

 

سەرەڕای هەموو ئەمانە، لەودیو دیوارەکانی زیندانەوە، لە هەر گۆشەیەکی ئەم کۆمەڵگەیەشەوە کە ستایشی ئازایەتی ژنانی دەکرێت و بە هەڵگری ئاڵای بزووتنەوەی ئازادی دەزانرێن، بەڵام هێشتا هەواڵی ژنکوژی بە ناوی "کوشتنی شەرەف"، مامەڵەکردنی خراپ لەگەڵ ژنانی زیندانیکراو، تاوانبارکردنی قوربانی دەستدرێژی سێکسی  لەبری دەستدرێژیکار لە ناو کۆمەڵگە بوونی هەیە، بۆ ڕێگریکردن لە زیادبوونی ژمارەی ژنانی خوێندەوار دەکرێت لەڕێگەی زیادکردنی ڕێژەی هاوسەرگیریی منداڵان لە پەرەسەدنی ترسی دایک و باوکەکان لە پەروەردەکردنی کچەکانیان.

 

ئەم هەواڵانە جارێکی تر هۆشداری دەدەن کە داواکاری یەکسانیخوازانەی ژنان تەنیا کاتێک بەدی دێت کە هەڵوەشاندنەوەی یاساکانی ئێستای دژە مرۆڤایەتی و لابردنی هەڵاواردنی سیستماتیکی سەکۆیەک بۆ گۆڕانکاری بنەڕەتی دابین بکات، لە سەرەتای خەباتی ژنانەوە تا ئەمڕۆ، یاسا دژە فێمینیستەکان و نەریتی پیاوسالاری گەرەنتی مانەوەی یەکتریان کردووە، ژنانی ئێران ساڵانێکە لە کۆمەڵگە و خێزاندا خەباتیان کردووە و هەنگاوی گەورەیان بۆ گۆڕانکارییەکانیان ناوە، بەڵام ڕێگای گۆڕانکاری بنەڕەتی و پاڵنانی سیستەمی پیاوسالاری کاتێک کراوە دەبێت کە پەروەردە و ڕاگەیاندن و ڕێکخستن لە ژێر هەژموونی حکومەتەکان ڕزگاریان دەبێت.

 

بەبێ هەڵوەشاندنەوەی سانسۆر و بەدیهاتنی ئازادیی قسەکردن بەبێ هیچ سنووردارکردنێک بۆ هەمووان، دەنگە ڕەخنەگرەکان بێدەنگ دەبن و دۆخی ئێستا لە بەرگی جیاوازدا بەردەوام دەبێت و سیستەمی پیاوسالاریش هەموو دەرفەتێک دەقۆزێتەوە بۆ بەرهەمهێنانەوەی خۆی.

 

کۆمەڵەی نووسەرانی ئێران وەک هەمیشە پاڵپشتی خۆی لەگەڵ تێکۆشانی بوێرانەی ژنانی ئێرانی ڕادەگەیەنێت، ئەم هەوڵانە بە هەنگاوێکی گەورە لە دانانی زەمینەی ئازادی و یەکسانی دەزانێت و وەبیری دەخاتەوە کە پێداگری لەسەر داوای ئازادی ڕادەربڕین بەبێ هیچ جیاوازییەک بۆ هەمووان گەرەنتی پاراستنی دەستکەوتەکانی بزووتنەوەی ژنانە.