لە کۆبانێ ژنان بە بۆنەی ٨ی ئادارەوە نەمامیان چاند
ژنان لە شاری کۆبانێ بە بۆنەی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان، دەستیان بە چاندنی نەمام کرد

کۆبانێ- لیژنەی ئیکۆلۆژی شاری کۆبانێ دەستی بە چاندنی نەمام کرد. بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان ٨ی ئادار، بە بەشداری سەرجەم ژنانی شاری کۆبانێ، لە گوندی مینازێ کە دەکەوێتە نزیک کۆبانێ، ١٠٠ نەمام چێنران.
چاندنی نەمام تا ٤ی نیسان کە ڕۆژی لەدایک بوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە بەردەوام دەبێت.
ئەلماز ڕۆمی هاوسەرۆکی کۆمیتەی ئیکۆلۆژی سەبارەت بە چالاکیی نەمام چاندن وتی:" بەبۆنەی ٨ی ئادارەوە کە ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنانە، ئەم دەستپێشخەرییەمان دەستپێکرد، وەک لیژنەی ئیکۆلۆژی شاری کۆبانێ، لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتەدا کە کۆنگرەی ستاری شاری کۆبانێ ڕێکیخستبوو، ئەم چالاکییە ئەنجام دەدەین، ئەمڕۆ، ١٠٠ نەماممان لە گوندی مینازێ چاند، ئەم دارە بەری نییە بەڵام مانای ئەم دارە بۆ ڕێبەر ئاپۆ زۆر گرنگە، ئێمە ئەمڕۆ داری چنار وبەڕوو و فستقمان چاند.
چاندنی نەمامەکان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و "بێ سەرۆک ژیان نابێت" کۆتایی هات.