زیلان جەسور: هێرشەکانی حەسەکە کاری داعشە داوای لێپرسینەوە دەکەین
زیلان جەسور فەرماندەی یەپەژە سەرنجی بۆ هێرشەکانی سەر ئەندامی کەزی ژنی کورد و وێنەی شەهیدانی حەسەکە ڕاکێشا و ڕایگەیاندڤکە داعش لە پشت ئەو کارانەوەیە، دەڵێت: خەبات و ئایدۆلۆژیامان بەردەوام دەبێت و داوای لێپرسینەوە لەو هێرشانە دەکەین.
نەغەم چاچان
قامیشلۆ- دەستدرێژییەکان بۆ سەر کەزیی ژنی کورد و وێنەی نەمڕان کە لەم ڕۆژانەی دواییدا لە حەسەکە ڕوویان دا، تەنها دەستدرێژی نین بۆ سەر سیمڤول و وێنەکان، لە هەمان کاتدا هێرشن بۆ سەر ناسنامە، ئیرادە و دەستکەوتەکانی ژنان کە بە تێکۆشان و بەرخۆدانێکی ساڵان بەدەستیان هێناوە.
ئەمەش هێرشێکە بۆ سەر بیرەوەریی کۆمەڵایەتی، بوونی ژنان لە مەیدانی گشتیدا و بەهایەکانی گەلێک، بەشداربوونی چالاکانەی ژنان لە ژیانی کۆمەڵایەتی، سیاست و ڕێکخستندا دەتوانێت وەرچەرخانێک دروستبکات کە پەیوەندییەکانی دەسەڵاتداریی نەریتی بگۆڕێت، لە ڕۆژئاوای کوردستان، پێشەنگایەتیی ژنان و داواکارییان بۆ یەکسانی لەم بوارەدا گۆڕانکارییەکی گرنگی کۆمەڵایەتی نیشان دەدات.
زیلان جەسور، فەرماندەی یەپەژە لەسەر ئەو ڕووداوانەی کە لەم ڕۆژانەی دواییدا لە حەسەکە ڕوویان داوە وەستا و ئامانجەکانی ئەم دەستدرێژییانەی بۆ ئاژانسەکەمان هەڵسەنگاند.
لە سەرەتای قسەکانیدا فەرماندە زیلان سەرنجی ڕاکێشا بۆ سەر ڕووداوەکانی دوایی کە لە حەسەکە ڕوویان دا و وتی: نزیکەی هەفتەیەکە باری نائاسایی و زۆر خراپ لە حەسەکە دێتە ئاراوە ئەم کردارانە بە ناوی پێکهاتەی عەرەب و هۆزەکانەوە دەکرێن، بەڵام لە ڕاستیدا داعش لە پشتی ئەم کردارانەیە و دەوێت خۆی لە نوێوە ڕێک بخاتەوە، هەروەها ئاڵاکانی خۆی بەرز دەکاتەوە، ئامانجی ئەم کردارانەش دروستکردنی دەنگۆیە لە نێوان گەلی کورد و عەرەبدا، داعش دەوێت بەم کردارانە پەیوەندییەکانی نێوان ئەو پێکهاتانە تێکبدات کە ساڵانێکە بێکەوە ژیاون و تێکۆشاون، ئیَمە وەک فەرماندە و شەڕڤانانی یەپەژە ئەم کردارانە بە توندی شەرمەزار دەکەین، هەروەها پێویستە حکومەتی سووریا بەرپرسیارێتیی ئەم ڕووداوانە بگرێتە ئەستۆی خۆی و لێکۆڵینەوەیەکی جددی لەسەریان بکرێتەوە.
”گەلێک ژنانیش بۆ نیشاندانی پشتیوانیی خۆیان کەزییەکانی خۆیان بڕییەوە”
فەرماندە زیلان ڕایگەیاند، کە کەزیی ژنانی کورد ئاماژەی ناسنامە، کەرامەت و بەرخۆدانی ژنە و وتی: وێنەی کەزیی ژنانی کورد پێشێل کرا، کەزی بۆ ژنانی کورد و هەموو ژنانی جیهان سیمبولی ناسنامە، کەرامەت و بەرخۆدانە، کاتێک کە کەزیی ژنێکی کورد کرا بە ئامانج، ژنانی گەلێک ناوچە پشتیوانییان لێ کردین و دژی ئەم دەستدرێژییە شۆڕشیان کرد، گەلێک ژنانی بۆ نیشاندانی پشتیوانیی خۆیان کەزییەکانی خۆیان بڕییەوە و گەلێک پیاویش ئەم کردارەیان شەرمەزار کرد، چونکە ئەوان دەزانن کەزی ئاماژەیرکی پر بەهایە، لەبەر ئەم هۆکارە، وێنەی کەزییەکانیان کردە ئامانجی هێرش و دەستدرێژییەکان.
”هەندێک کەس دەڵێن کە ئیتر یەپەژە نەماوە”
زیلان جەسور جەختی لەوە کردەوە، کە ئەوان وەک ژن ئەمە قبوڵ ناکەن و وتی: بۆ دەستکەوتەکانی ژنان ١٤ ساڵ تێکۆشان کراوە و سەرەڕای هەموو زەحمەتییەک، باری دژوار و هێرشەکانیش ئێمە هەنگاوەکانمان بۆ دواوە نانێین، هەروەها هەندێک کەس دەڵێن کە ئیتر یەپەژە نەماوە و بووەتە بەشێک لە وەزارەتی ناوخۆ، بەڵام ئەمە بەو واتایە نایەت کە یەپەژە کۆتایی پێ هاتووە، هەتا ناوی یەپەژەیش بگۆڕدرێت، تێکۆشان و ئایدۆلۆژیای ئەو بەردەوام دەبێت و هیچ کاتێک ناگۆڕدرێن.
”شەهیدان تەنها مناڵی دایک و باوکی خۆیان نەبوون”
زیلان جەسور دەستدرێژیی بۆ سەر وێنەی شەهیدانی شەرمەزار کرد و هەڵسەنگاندنەکان و وتی: پێشێلکردنی وێنەی شەهیدان ڕووداوێکی زۆر بەئازارە، بێگومان، دایک و باوکی شەهیدان لەم ڕووداوانە زۆر ئازار دەچێژن و دڵیان دەسووتێت، چونکە ئەم شەهیدانە تەنها مناڵی دایک و باوکی خۆیان نەبوون، بەڵکو ئەوان بە تێکۆشان، بەرخۆدان و خوێنڕشتنی خۆیان بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتێکی ئازاد فیداکاریی گەورەیان کردووە، ئێمە لە دایک و باوکی شەهیدان ڕا دەڵێین ’ئێوە تەنها نین، ئێمەش مناڵی ئێوەین و ئێمە داوای لێکۆڵینەوە لەم کردارانە دەکەین”، ئەگەر حکومەتی سووریا بەرپرسیارێتیی خۆی جێبەجێ نەکات و بۆ کردنی لێکۆڵینەوە هەنگاوی جددی نەنێت، ئێمە ئەم ئەرکە دەگرینە ئەستۆی خۆمان.
”بەم کردارانە دەیانەوێت ئیرادەی ژنان بچووک نیشان بدەن”
فەرماندە زیلان جەختی کەوە کردەوە، کە ئەم پێشێلکارییانە، لە چوارچێوەی ئامانجگرتنی دەستکەوتەکانی ژنانی کورد و بەهایەکانی بەرخۆدانی ژنانی ڕۆژئاوادا ڕوو دەدەن و وتی: ژنان ١٤ ساڵ لە بەرامبەر هزرێکی دەسەڵاتدار و پیسدا تێکۆشاون، بەڵام سەرەڕای ئەمەش، هێرشەکان بۆ سەر ژنان بەردەوامن و بەم کردارانە دەیانەوێت ئیرادەی ژنان بچووک نیشان بدەن، بەڵام لە ڕاستیدا، ژنان داعشیان تێک شکاند، کاتێک داعش دەنگی هەڵهەڵەی ژنانی دەبیست، بۆ ئەوان زۆر سەخت بوو، هەروەها داعش دەیوت ئەگەر ژنان ئەوان بکوژن، ئەوان ناچنە بەهەشتەوە، لەبەر ئەوەیە ئەمڕۆ ناتوانن ڕاستەوخۆ لە بەرامبەرمان بوەستن و تێکۆشانمان بشکێنن، وێنەی شەهیدانی ژن کە بۆ ئێمە زۆر بەهایان هەیە، دەکەنە ئامانج و پێشێلی دەکەن، ئەمەش نیشانەی شکست، ڕووخان و بێچارەیی ئەوان دەردەخات.
”ئێمە هەتا کۆتایی بەردەوام دەبین و تێکۆشانی خۆمان بەردەوام دەکەین”
زیلان جەسور لە کۆتایی هەڵسەنگاندنەکانیدا ڕایگەیاند، کە یەپەژە لە هەموو کات و بارودۆخێکدا بۆ پاراستنی مافی ژنان و کۆمەڵگە لە کرداردا لەسەر پەیمانی خۆی دەمێنێتەوە و وتی: ئێمە وەک یەپەژە، کاتێک بەڵێنمان دا، بەڵێنەکەمان بۆ پاراستنی هەموو ژنان و کۆمەڵگە بوو، ئێمە هەتا کۆتایی تێکۆشانی خۆمان بەردەوام دەکەین، ژنان و کۆمەڵگەی ئێمە بە گشتی هێلیواکانی خۆیان بە ئێمەوە بەستووەتەوە، لەبەر ئەم هۆکارە، ئەگەر حکومەتی سووریا بۆ ئەم کردارانە لێکۆڵینەوە نەکاتەوە، ئێمە وەک یەپوژە داوای لێپرسینەوە دەکەین، پەیاممان بۆ ژنان و گەل ئەمەیە، ئێمە هەتا کۆتایی لە پپشتی ئێوەین و تێکۆشانمان بۆ پاراستنی ئێوە بەردەوام دەبێت.