لە حەوشەکەدا، دوو چوارچێوەی بەتاڵ و منداڵەکانی بەهییە

دایکی بەهییە لەبارەی ئەو دوو چوارچێوە بەتاڵەی کە لە حەوشەی ماڵەکەیدا هەڵواسرابوون وتی: لە کاتی هەڵکوتانە سەر ماڵەکەماندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، زیانیان بە وێنەی منداڵەکانم دەگەیاند، بۆیە منیش چوارچێوەکانم بە هەڵواسراوی هێشتەوە.

ئارژین دیلەک ئۆنجەل

 

ئامەد– هەندێک جار لە چالاکییەکدا، هەندێک جار لە خۆپیشاندانێکدا، و هەندێک جاریش سەرەڕای تەمەنە گەورەکەی و کێشە تەندروستییەکانی، کاتێک لە کۆڵان و بازاڕەکاندا  ئەو بروشەرانەی بڵاودەکردەوە دەمانبینی.

 

لە هەر چالاکییەکی کۆمەڵایەتیدا، هەر کاتێک بەرەو شوێنی بەرزترین دەنگ بڕۆیشتینایە، دەنگەکە ئێمەی دەبردە لای ئەو. ئەو گۆرانییانەی بۆ ئازادی و سەرکەوتن دەیگوتن، ببوونە بەشێک لە ژیانی. دایکی ئاشتی، بەهییە سەویمی ٧١ ساڵ، بە تێکۆشانێکی بەڕێز و باوەڕبەخۆبووەوە خۆی لەسەر پێ ڕادەگرت.

 

دایکی بەهییە کە ساڵانێکی درێژ بێوچان بۆ ئازادی و ئاشتی تێکۆشا، لە ٢٥ی حوزەیراندا لە تەمەنی ٧١ ساڵیدا لە نەخۆشخانەی زانکۆی دیجلە، کە بەهۆی کێشەی تەندروستییەوە لەوێ چارەسەری وەردەگرت، کۆچی دوایی کرد.

 

تێکۆشانێک کە لە جلینەوە بۆ ناوچەکانی تری کوردستان بڵاودەبێتەوە

بەهییە سەویم لە ساڵی ١٩٥٥ لە گوندی جلینی سەر بە قەزای ستەوری مێردین، لە بنەماڵەیەکی چەرکەس لەدایکبوو. بەهییە سەویم لەگەڵ یەکێک لە خزمەکانی خۆیدا هاوسەرگیری کردبوو، لە قۆناغە جیاوازەکانی ژیانیدا سێ لە منداڵەکانی بەهۆی نەخۆشی جۆراوجۆرەوە لەدەستدا. کاتێک کوڕە گەورەکەی بە ناوی یاقوب سەویم لە ساڵی ١٩٩٣ و لە تەمەنی ٣٠ ساڵیدا پەیوەندی بە ڕیزەکانی پەکەکەوە کرد، گوشارەکان بۆ سەر بنەماڵەی سەویم دەستیان پێکرد. سەربازان ڕۆژانە هەڵیانمەکوتا سەر ماڵەکەیان و سۆراغی یاقوبیان دەکرد؛ هاوسەرەکەی بەهییە دەستبەسەر دەکرا و دوای ئازادکردنیشی ناچار دەبوو ڕابکات. بەهییە سەویم کە بە تەنیا منداڵەکانی گەورە دەکرد، لە چاوپێکەوتنێکدا وتبووی: بۆ من، تێکۆشان لەو ساڵانەوە دەستی پێکرد و  وتی: ناچار بووم لە پێناو ئەم گەلە و منداڵەکانمدا شەڕ بکەم.

 

وێنەکانی یاقوب و قسمەت و دوو چوارچێوەی بەتاڵ لە حەوشەکەدا

دایکی بەهییە کە دووگیان بوو و منداڵەکانی هێشتا بچووک بوون، ناچار بوو گوندەکەی بەجێبهێڵێت بەدوای شوێنێکدا دەگەڕا کە پەنای بۆ ببات بەڵام سەربازان بۆ ئەوەی هیچ شوێنێک نەدۆزێتەوە گوشارەکانیان بەردەوام دەکرد. دایکی بەهییە لەسەر پشتی هێسترێک لە گوندەکەیانەوە بەرەو گەڕەکی دالیای سەرێی سەر بە قەزای بسمیل بەڕێدەکەوێت و لەوێ نیشتەجێ دەبێت.

 

بەهییە سەویم کە کوڕێکی لە باوەشیدا بوو و منداڵەکانی تریشی لەسەر هێسترەکان لەگەڵ مەڕ و ماڵاتەکەیاندا گوند بە گوند دەگەڕان، لە کۆتاییدا پەنای بردە بەر ماڵی مامۆژنی ، ئەمجارە سەربازەکان چوونە گوندی مامی و گوشاریان خستە سەر بەهییە سەویم. بەهییە سەویم لەگەڵ منداڵەکانی و ٢ هێسترەکەیدا دووبارە کەوتەوە ڕێگەی کۆچبەری. لەو قۆناغەدا هاوسەرەکەی دەستگیر دەکرێت و ئەویش لەگەڵ منداڵەکانیدا بە تەنیا دەمێنێتەوە. لە ڕێگەی فرۆشتنی نۆک، ڕێواس، گوێز و تەمەروهیندییەوە بژێوی ژیانی دابین دەکرد.

 

ساڵی ١٩٩٩

لە ساڵی ١٩٩٩دا، هەواڵی شەهیدبوونی کوڕەکەی، یاقوبی پێدەگات. یاقوب سەویم لە چیای هرکۆل لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانێکدا گیانی لەدەستدابوو. بەڵام دایکی بەهییە نەیتوانی تەرمی کوڕەکەی ببینێتەوە. بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی کوڕەکەی چەندین ڕێگەی تاقی کردەوە، بەڵام بێسوود بوو.

 

دایکی بەهییە ساڵانێکی درێژ بە چوارچێوەکردنی وێنەکانی کوڕەکەی و هەڵواسینیان بە دیواری ماڵەکەیدا، کەمێک لە خەم و حەسرەتی دوورییەکەی دەڕەواندەوە. بەڵام لە کاتی هەڵکوتانە سەر ماڵەکەیان لەلایەن پۆلیسەوە، ئەو وێنانە دەستیان بەسەردا دەگیرا.

 

لەبەر ئەوەی بەرگەی تێکدان و زیانگەیاندن بە وێنەکانی کوڕەکەی نەدەگرت، چیتر لە جیاتی وێنە، چوارچێوەی بەتاڵی هەڵدەواسی و بەم شێوەیە یادگاریی کوڕەکەی بە زیندوویی دەهێشتەوە.


کاتێک بۆ دواجار سەردانمان کرد، چیرۆکی ئەو دوو چوارچێوە بەتاڵەی حەوشەکەی بەم شێوانە گێڕایەوە: «من وێنەی منداڵەکانم گەورە کرد، چوارچێوەم کردن و لە ماڵەکەمدا هەڵمواسین. کاتێک پۆلیس هەڵدەکوتایە سەر ماڵەکەمان، وێنەکانیانی دەبرد. منیش بۆ ئەوەی چیتر زیانیان پێ نەگەیەنن، چوارچێوەکانم بە بەتاڵی هێشتەوە.

ئەمجارە کچەکەی بە ناوی قسمەت لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا پەیوەندی بە ڕیزەکانی یەپەژە وە دەکات. قسمەت لە ساڵی ٢٠٢٤ لە کۆبانێ گیانی لەدەستدەدات. وەک کوڕەکەی یاقوب، نەیتوانی تەرمی کچەکەشی وەربگرێتەوە. منداڵەکانی تری و هاوسەری بەهییە
سەویمیش چەندین جار دەستگیرکران. کوڕەکەی بە ناوی ئومێد ساڵانێکی درێژ لە زینداندا مایەوە. ئۆزگوریش کە سزای ٢٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرابوو، هێشتا لە زینداندایە.

 

ئێمە لایەنی حەق و مەزڵومین

دایکی بەهییە، لە وەڵامی پرسیاری ئایا ماندوو نەبوویت؟دا وتبووی: ماندوو نابم. بۆچی ماندوو بم؟ من دەزانم کە لەسەر ڕێگای ڕاستم. لەبەر ئەوەی زوڵممان لە هیچ کەسێک نەکردووە، ئێمە لە لایەنی ڕاستیداین.

خۆزگەی دایکی بەهییە – کە دوو منداڵی لە پێناو تێکۆشانی ئازادیدا لەدەستدابوو و کوڕێکیشی لە زیندان بوو – تەنها هەبوونی گۆڕێک بوو بۆ منداڵەکانی. بەڵام پێش ئەوەی ئەم هیوایەی بێتە دی، کۆچی دوایی کرد. خۆزگەیەکی تریشی سەرکوتنی تێکۆشانی گەلی کورد بوو.

 

سەرجەم ئەندامانی بنەماڵەکەمانی دەبرد بۆ چالاکییەکان

بەهییە سەویم لە لایەن بنەماڵەکەیەوە وەک «پێشەنگێک» دەبینرا. لە ماوەی ساڵانێکدا کاریگەری لەسەر هەموو خزمەکانی دروستکردبوو و ڕێکیخستبوون. خوشکی بەهییە سەویم، «شەمسی ئەردەم»، قسەکانی بە ناساندنی خوشکەکەی وەک «پێشەنگی ئێمە» دەست پێدەکات.

 

شەمسی ئەردەم وتی: ئێمە بنەماڵەیەکی چەرکەسین. پێمان دەڵێن ماڵی مەلێ. ئێمە لە موشەوە کۆچمان کردووە بۆ مێردین. وەک بنەماڵەیەکی چەرکەس، جێگەی خۆمان لە تێکۆشانی ڕەوای گەلی کورددا گرتەوە. لە بنەماڵەکەماندا ٥ کەس بەشداری تێکۆشانی ئازادی بوون.

 

شەمسی ئەردەم ئاماژە بەوە دەکات کە خوشکەکەی بۆ ئەو وەک دایک، باوک و هاوڕێیەک بووە و دەڵێت: «ئێمە چوار خوشک و برا بووین. دوو کچ و دوو کوڕ. دوای ئەوەی دایکمان کۆچی دوایی کرد، بەهییە هەم بۆ بنەماڵەکەی و هەم بۆ ئێمەش بوو بە دایک. لە ڕووی داراییەوە هاوکاری دەکردین. هەم ئێمە و هەم منداڵەکانی خۆی گەورە کرد. لە هەموو شوێنێک کاری دەکرد.

 

هیچ شوێنێک نەبوو کە بۆی نەچووبێت. بەرخۆدانەکەی خۆی لە مێردین، لە بسمیلیش بەردەوام کرد. هەمیشە کاری دەکرد و دەیگوت "دەبێت شایستەی گەریلا و شەهیدان بم." دواتر کچەکەی، قسمەت، بەشداری لە بەرخۆدانی کۆبانێدا کرد. بەهییە لە بسمیلەوە کەلوپەلی دەخستە کۆڵی و دەیبرد بۆ کۆبانێ.

 

شەمسی ئەردەم بۆ خوشکەکەی وتی: ئێمە هەمیشە پێکەوە دەچووین بۆ چالاکییەکان. هیچ کاتێک بە تەنیا نەدەچوو. لە بنەماڵەکەدا کێ هەبووایە لەگەڵ خۆی دەیبرد.

 

دەیگوت: «تا دوایین دڵۆپی خوێنم بەرگری دەکەم»

شەمسی ئەردەم جەخت لەوە دەکاتەوە کە خوشکەکەی سەرەڕای نەخۆشییەکەی، بە بەردەوامی بەشداری لە چالاکییەکاندا دەکرد و تێکۆشانی خوشکەکەی بەم شێوەیە دەگێڕێتەوە: «لە کوردستاندا شوێنێک نەما کە بۆی نەچووبێت. جگە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چوو بووە هەموو شوێنێک. زۆر حەزی دەکرد گۆڕی کوڕەکەی ببینێت. بە حەسەرەتی ئەو کۆچی دوایی کرد. کاتێک قسمەت شەهید بوو، چوو بۆ کۆبانێ. لەوێ هەمیشە لە ناو کار و خەباتدا بوو. ئەو دایک و پێشەنگ بوو. من و بەهییەش هەمیشە لە ناو تێکۆشاندا بووین. بەهییە دەیگوت "من تا دوایین دڵۆپی خوێنم بەرگری دەکەم.

 

بەهییە سەویم تا ئەو کاتەی گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە، سەرەڕای ئەوەی لە کاتی ڕۆیشتندا بە زەحمەت هەنگاوی دەنا، بە گۆچانەکەی دەستیەوە بەشداری لە چالاکییەکاندا دەکرد؛ ئەو بوو بە زیندووترین نموونەی تێکۆشان تا دوا هەناسەی ژیان.