لە هەولێر هۆکارەکانی زیادبوونی توندوتیژی دژی ژنان خرایەڕوو
لە کۆبوونەوەیەکدا هۆکارەکانی زیادبوونی توندوتیژی دژی ژنان خرایەڕوو کە نەبوونی خزمەتگوزاری و قەیران و هاوسەرگیری پێشوەختە بەشێکن لە هۆکارەکان.

ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ لە شاری هەولێر کۆبوونەوەیەکی پسپۆڕی سەبارەت بە جیاکارییەکان لە نێوان یاساکان و پارێزگارییکردنی ژنان لە توندوتیژی بەڕێوەچوو، لە کۆبوونەوەکەدا هۆکارەکانی توندوتیژی خرانەڕوو کە بەشێکیان بۆ قەیرانى ئابووریی، نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویست، بەشوودانی منداڵ گەڕێندرانەوە.
ئامانجی کۆبوونەوەکە دروستکردنی پلاتفۆرمێکە بۆ دەستنیشانکردنی ڕێگاکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و کچانە لە کوردستان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر چارەسەری و بنەبڕکردنی توندوتیژی دژی ژنان کرا و بەردەوامیدان بە کۆڕ و کۆبوونەوەکان بە گرنگ بینرا، ئاماژەش بەوەکرا کە کێشەکانی ژنان و جیاکارییە ڕەگەزییەکان دەگەیەننە لیژنەی داکۆکییکردن لە مافی ژنان لە پەرلەمانی هەرێمى کوردستان و ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان، کە لەژێر چاودێری ئەوانە بەڕێوەدەچێت تا چارەسەرییەکی ڕیشەیی بدۆزرێتەوە و ئاستی بەرزی توندوتیژییەکان کەمبکرێتەوە.
ت.پ