کەژەکە بانگەوازی پشتیوانی و خاوەندارێتی لە هەڵمەتی پشتیوانی یەپەژە کرد
کۆردیناسیۆنی کەژەکە ڕایگەیاند کە ڕەتکردنەوەی ستاتۆی یەپەژە "هێرشێکی ئایدیۆلۆژییە" و بانگەوازی خاوەندارێتی لەو هەڵمەتە کرد کە پلاتفۆرمی چالاکیی هاوبەشی ژنان بۆ یەپەژە دەستیپێکردووە.
ناوەندی هەواڵ
کۆردیناسیۆنی کەژەکە ڕایگەیاند کە پاراستن، خاوەندارێتی کردن و گەورەکردنەوەی یەپەژە و دەستکەوتەکانی بە واتای پاراستنی داهاتوویە.
راگەیاندراوەکەی کەژەکە بەم شێوەیە:
وا ١٣ ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەپەژەدا تێدەپەڕێت، کە مۆرکی خۆی لە شۆڕشی گەورە داوە، یەپەژە لە ٤ی نیسانی ٢٠١٣دا وەک یەکینەکانی پاراستنی ژنان خۆی ڕاگەیاند، لە ماوەی ئەو ١٣ساڵەدا بۆ ژیانێکی ئازاد پێشەنگایەتی تێکۆشانی کردووە، لەوماوەیەدا دەیان شەڕڤانی لە نەتەوەکانی جیهان، ئینتەرناسیۆنالیست و بە هەزاران شەهیدی هەیە. لەسەر ئەم بنەمایە، ئێمە لە کەسایەتی شەهیدان ئارین، سلاڤا، بارین و دەنیزەوە سەرجەم شەهیدانی یەپەژە بە ڕێزداری و منەتدارییەوە بەبیر دێنینەوە، هەروەها بەڵێنمان بۆ پاراستنی بەهاکانی ژیانێکی ئازاد کە لە ڕۆژئاوا دروستیان کردووە و ئیلهامبەخشە بۆ ژنان لە سەرانسەری جیهان، نوێ دەکەینەوە.
ئەم ١٣ساڵە نیشانیدا کە یەپەژە تەنها هێزێکی سەربازی نییە، بەڵکو هێزێکی پاراستنی ژنانە کە بۆ ئازادی و یەکسانی ژنان تێکۆشان دەکات. دامەزراندنی یەپەژە ڕێڕەوی شەڕ و ژیانی لە ڕۆژئاوا و سووریا گۆڕی و لە زۆربەی گۆڕانکارییەکاندا پێشەنگایەتی کردووە. یەپەژە ئەو کاتە کە لە دژی داعش شەڕی سەربازی بەڕێوە دەبرد، لە هەمان کاتدا دژی هەڵوێستی جێندەری و ڕەگەزپەرستی لەناو خەڵکی ڕۆژئاوادا تێکۆشانی دەکرد و بوو بە هۆی گۆڕین و گۆڕانکاری گەورە.
یەپەژە کە خوڵقاندنی ژنێکی ئازادە، لە پێویستی ژنانی کورد، عەرەب، تورکمان و سوریانیەوە سەریهەڵداوە و بۆ خۆپاراستن لە دژی هێرشی چەتە دەسەڵاتدارەکانی پیاو دامەزرا، ژنان لە ژێر یەک سەقفدا و بۆ ئامانجێکی هاوبەش لە دەوری یەک کۆکردەوە. بەرخۆدان، تێکۆشان و ئایدۆلۆژیەکەی کە سنوورەکانی ڕۆژئاوا تێپەڕاندووە، بووە بە مایەی هیوا و ئیلهام بۆ سەرجەم ژنان لە هەموو جیهان و هاوکات بناغەیەکی بەهێزی بۆ یەکگرتوویی ژنانی نێونەتەوەیی و کۆنفیدرالیزمی ژنانی جیهانی بنیاتنا. دیسانەوە بە تێکۆشانی شکۆمەندانەی، چەمکە فیۆداڵیەکانی ناو گەلی کورد تێکشکاند، لە دەوری کەزییەکان وێنەیەکی جوانی یەکێتی نەتەوەی دیموکراتیک کە یەکێکە لە پێویستیە بنەڕەتیەکانی گەلی کورد نەخشاند.
یەپەژە بە بەرخۆدانەکەی لە دژی داعش ناوی خۆی لە جیهاندا بڵاوکردەوە و بە پارادیگمای ئازادیخوازیی ژنان، ڕێگەی تێکۆشانی ژنانی ڕووناک کردەوە. لەم سۆنگەیەوە، یەپەژە هێندەی بۆ ژنانی کورد، بۆ ژنانی سەرانسەری جیهانیش لە مێژووی تێکۆشان و بەرخۆداندا پێگەیەکی گرنگی گرتووە و میراتێکی گەورەی خوڵقاندووە. لە ڕێگەی تێکۆشان لە دژی سیستەمی پیاوسالاری، داگیرکاری، قڕکردن و ستەمەوە، هیوایەکی دروست کردووە.
یەپەژە تەنیا نەبووەتە ناوی تێکۆشان و خۆپاراستن لە دژی سیستەمی باڵادەستیی پیاوان، بەڵکو لە هەمان کاتدا بووەتە ناوی ژیانێکی نوێ و ئازاد. سەرەڕای سروشتی وێرانکەری شەڕیش، بووەتە ناوی بونیادنانی ژنی ئازاد و ژیانی ئازاد.
لە سروشتدا هیچ زیندەوەرێک بێ پاراستن نییە، بەڵام ژن لە تەواوی مێژووی سیستەمی پیاوسالاریدا هەمیشە لەم مافە بێبەش کراوە و باجەکەشی بە ئازارێکی گەورە داوە. شەڕەکانی غەزە، ئۆکرانیا، ئەفغانستان، سۆماڵ و ئێران، دوایین نموونەی ئەو دەرەنجامە قورسانەن کە ژنانی بێ پاراستن ڕووبەڕووی بوونەتەوە. ئەمڕۆ لە کاتێکدا لە کوردستان و لە سەرانسەری جیهان شەڕ پەرە دەستێنێت و بەردەوامە، و ڕۆژانە کۆمەڵکوژیی ژنان ڕوو لە زیادبوونە، ناکرێت بە ژنان بوترێت "بێ پاراستن بمێننەوە"، ئەمەش بەو واتایە دێت کە ژنان بەبێ چارە مەحکومی دەستی دەسەڵاتداران، بکوژان و چەتەکان دەکرێن.
لە پرۆسەیەکی وەهادا کە باس لە ئەنتیگراسیۆن لە نێوان حکومەتی کاتیی دیمەشق و ڕۆژئاوادا دەکرێت، یەکێک لە گرنگترین گفتوگۆکان سەبارەت بە پێگەی یەپەژەیە. لە سەردەمێکی وەهادا کە خۆڕێکخستن و هێرشی چەتەکان بەردەوامە و زۆرترین جاریش ژنان دەکەنە ئامانج، خستنە ژێر پرسیاری پێگەی یەپەژە و پەسەندنەکردنی لەلایەن حکومەتی کاتیی دیمەشقەوە، گەورەترین هێرشە بۆ سەر دەستکەوت و ئیرادەی ژنان. حکومەتی کاتیی دیمەشق، بەو کابینەیەی کە پێکیهێناوە و بە پڕۆژەیاساکانی، بە شێوەیەکی زۆر ئاشکرا نیشانیداوە کە تا چەند حکومەتێکی دژی ژنانە و مافەکانی ژنان ناناسێت؛ لە ژێر ئەو هەموو هێرشەشدا بێ پاراستن مانەوەی ژنان دۆخێکی قبوڵنەکراوە.
پەسەندنەکردنی پێگەی یەپەژە، بێگومان هێرشێکی ئایدۆلۆژییە. لە هەموو بوارەکانی ژیاندا وەک پاراستن، پەروەردە، تەندروستی و ئابووریدا، خاوەن بڕیاربوون و خاوەن ئیرادەبوونی ئەو ژنانەی کە چاوەڕێ دەکرێت سەردابنەوێنن، دۆخێک نییە کە حکومەتێکی وەک دەستەی تەحریر شام کە لە زهنیەتی داعشەوە سەرچاوە دەگرێت بە ئاسانی قبوڵی بکات. بەڵام ژنانیش هاوار دەکەن کە ڕادەستی ئەم زهنیەتە نابن. دواجار، لە دژی ئەم هێرشانە، لە ٢٧ی نیساندا لە ڕۆژئاوا "پلاتفۆرمی چالاکییە هاوبەشەکانی ژنان"، بە ئامانجی پشتیوانیکردن لە یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) و بە داواکاریی جێگرتنی یەپەژە لە ناو پێکهاتەی وەزارەتی بەرگری و ناساندنی پێگەی فەرمیی، کەمپەینێکی دەستپێکرد. ئێمەش وەک کەژەکە سڵاو لەم کەمپەینە واتادارە دەکەین کە ژنان دەستیان پێکردووە. خاوەندارێتییکردن، پاراستن و گەورەکردنی یەپەژە و دەستکەوتەکانی، کە گرنگترین کۆڵەکەی ئەو دەستنیشانکردنەی ڕێبەر ئاپۆ پێکدەهێنێت کە دەڵێت "سەدەی ٢١ دەبێتە سەدەی ژن"، لە ڕاستیدا پاراستنی داهاتوومانە.
یەپەژە، هێڵی سووری هەموو ئەو ژنانەیە کە عاشقی ژیانی ئازادن. لەسەر ئەم بنەمایە، لە باکوورەوە تا باشوور، لە ڕۆژهەڵاتەوە تا ئەوروپا، لە شەنگالەوە تا مەخموور، بانگەوازی لە هەموو گەلەکەمان و بە تایبەتی ژنان دەکەین کە پشتیوانی لەم کەمپەینە بکەن. پێویستە ئەو تاوانانەی کە چەتەکانی دەستەی تەحریر شام لە ڕۆژئاوا، سووریا و شەنگال لە دژی ژنان ئەنجامیان داون، بەڵگەدار بکرێن و بگەیەندرێنە هەموو جیهان و تێکۆشانی یاساییش بۆ ئەم مەبەستە بەڕێوەبچێت.
بانگەوازی لە گەنجان، دایکان، ئەکادیمیستان، هونەرمەندان، یاساناسان، ئینتەرناسیۆنالیستەکان و هەموو کەسێک دەکەین کە پشتیوانی لەم کەمپەینە بکەن و لە بوارەکانی خۆیاندا بە کار و چالاکیی جۆراوجۆر، پرسی خۆبوون و خۆپاراستنی ژنان زیاتر بەرچاو بخەن.